ئەزگی ئۆراک ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپە لە ئەنقەرە رفێنرا
ئەزگی ئۆراک لەلایەن کەسانێکەوە، کە خۆیان بە پۆلیس ناساندووە بە پاساوی پشکنینی ناسنامە رفێنرا.
ئەزگی ئۆراک لەلایەن کەسانێکەوە، کە خۆیان بە پۆلیس ناساندووە بە پاساوی پشکنینی ناسنامە رفێنرا.
ئەزگی ئۆراک ئەندامی ئەنجوونی گەنجانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ناوچەى جەبجیی سەر بە چانکایای ئەنقەرە لە کاتژمێر ١٧:٠٠ی دوێنێ لەلایەن کەسانێکەوە، کە خۆیان بە پۆلیس ناساندبوو، رفێنرا.
٣ پیاو و ژنێک، کە خۆیان بە پۆلیسی سڤیل ناساندبوو و بە پاساوی پشکنینی ناسنامە و لە دوای پشکنینی زانیارییە گشتییەکانی کەسەکان (جەبەتە - GBT) بەبێ بڕیاری دادگا بڕیاری دەستگیرکردنیان دا و بە زۆر خستیانە ناو ئۆتۆمبێل و رفاندیان.
شایەتحاڵەکانی رووداوەکە دەڵێن، سەرباری ئەوەى ئەزگی ئۆراک بەڵگە پێویستەکانی بەو کەسانە نیشان داوە، بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێک و روونکردنەوەیەک فڕاندیان. هاوکات هاوڕێکانی ئەزگی، کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو رەفتارە نیشاندا و بەرگرییان لە هاوڕێکەیان کرد، لەلایەن ئەو کەسانەوە هێرشکرایە سەریان و لێیاندرا.
بەپێی زانیارییەکان ئەزگی ئۆراک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کۆرنێتی بۆر بە ژمارە ’06 DB3154’ رفێنرداوە.
دوای رووداوەکە پارێزەران سەردانی لقی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریان (TEM) لە ئەنقەرە کرد، بەڵام پێیان راگەیاندوون، کە ئەزگی ئۆراک لەوێ نییە.
ئەزگی ئۆراک ماوەیەک لەوە پێش بە پاساوی ئەوەى لەلایەن سیخوڕەکانەوە راپۆرتی لێدراوە، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا دەستگیرکرابوو.
ئۆراک لە دوای دەستگیرکردنەکەى لەلایەن پۆلیسی سیڤلەوە هەڕەشەى لێکرابوو و داوایان لێکردبووکاری سیخوڕییان بۆ بکات، بەڵام ئەزگی لە دژی ئەو هەڕەشانە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا لە لقی کۆمەلەى مافی مرۆف لە ئەنقەرە سکاڵای تۆمار کردبوو.
ژ.ت