کۆمەڵناسی سویسری ژان زیگلەر دۆستی نزیکی رێبەری شۆڕشی ئەمریکای لاتین ئێرنێستۆ چی گیڤارا و یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی راوێژکاری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتوەیەکگرتووەکان لە بەرنامەی رۆژەڤی ئەوروپای کەناڵی مەدیا نوچە وەڵامی پرسیارەکانی سەرکان دەمیرەلی دایەوە.
زیگلەر سەرنجی راکێشا بۆ سەر تێکۆشان و مێژووی گەلی کورد و وتی، "ئێمە باس لە ساڵی ٢٠٢٣ یاخود ١٠٠ ساڵ دوای پەیمانی لۆزان دەکەین کە ئەو پەیمانە لە کۆشکی رومینە واژۆ کرا. لەو پەیمانەدا ناپاکی لەگەلی کورد کرا. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وودرو ویڵسۆن، کە لە رووی رۆشنبیری و سیاسیەوە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی گەلانی دەکرد، خاوەنی ئەو بنەمایەبوو کە دەبێت هەموو نەتەوەکان مافی خۆبەڕێوەبەری و دیاریکردنی چارەنوسیان هەبێت. بەم جۆرە لە ساڵی ١٩٢٠دا لە پەیمانی سیڤەر قەوارەی نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد بە فەرمی ناسرا. بەڵام لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٢٣دا فەرەنسا و بەریتانیا ناپاکییان لە بڕیارەکانی سیڤەر کرد و کوردیان لە مافی چارەی خۆنوسین و نەتەوەبوون بێبەش کرد. گەلی کورد، کۆنترین گەلی ناوچەکە و خاوەنی دەوڵەمەندترین کولتورە و کوردستان لە نێوان چواردەوڵەتی عێراق، ئێران، سوریا و تورکیادا دابەش کراوە. ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کورددا هاتن.
سەرسامم بە گەلی کورد. سەرباری ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا ستەم و زۆردارییان لێکردن، سەرەڕای مردن، برینداربوون و زیندانی کردنیش گەلی کورد خۆڕاگری کرد و خاوەنداری لە ناسنامە، کولتور، زمان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی خۆی وەک پەکەکە کرد.
هەروەها کوردەکان بەرامبەر بە وەحشیگەری جیهادیستەکان شەڕێکی نائاساییان کرد. بە هەزاران کورد لە پێناو وڵاتانی رۆژئاوا، دیموکراسی و ئێمە لە دژی جیهادییە دڕندەکان شەڕیان کرد وشەهیدبوون. لەو بڕوایەدام کە لە کۆتاییدا گەلی کورد سەردەکەوێت و دەبنە خاوەنی کوردستانێکی ئازاد. ئەمە روونە".
'پەکەکە بزوتنەوەیەکی رزگاریی نەتەوەییە'
زیگلەر ئاماژەی بەوەکرد کە پەکەکە بزوتنەوەیەکی رزگاریی نەتەوەییە و وتی، "بزوتنەوەیەکی رزگاری نەتەوەییە، وەک بەرخودانی فەرەنسیەکان بەرامبەر بە داگیرکەری نازییەکان. پەکەکە بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازە کە لە ژمارەیەکی زۆر شەڕڤانی قارەمان بەتایبەتی ژنان پێکدێت. بۆ نمونە لە رۆژئاوا لە سایەی شەڕڤانانی کورد کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک کە تیایدا ژن و پیاو مافی یەکسانیان هەیە، دامەزراوە. ئەمە بۆ هەموو جیهان دۆخێکی نائاسایی و نمونەیی. رۆژئاوا نوێنەرایەتی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، ئازاد و یەکسان دەکات و ئەوەش بۆ جیهان نمونە و مۆدیلێکە.
هەروەها زیندانی کردنی عەبدوڵا ئۆجالان و پچڕاندی پەیونەدییەکانی لەگەڵ پەکەکە سکانداڵ و ئابڕوچونێکە. گوشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد تاوانێکی رەهایە. تورکیا نەک هەر پەکەکەییە قارەمانەکان دەکوژێت، ژمارەیەکی زۆر پیاو، ژن و منداڵ کوژران و ئەشکەنجە دران. ئەو دۆخە بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوایی بەردەوامە. تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە.
لە بری ئەوەی وڵاتای رۆژئاوایی گوشار لە ئەردۆغان بکەن بۆ ئەوەی مافی ئازادی، کولتوری و دیموکراتیکی کوردان بە فەرمی بناسێت، وڵاتانی رۆژئاوایی پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکەن. هەر حکومەتێک دێتە سەر دەسيڵات سیاسەتی توندوتیژانە، ستەمکاران و گەمژانە بەرامبەر بە کورد پەیڕەو دەکات. وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگن.
'وڵاتانی رۆژئاوا خیانەت لە کوردان دەکەن'
ئەمەش خیانەتێکی دیکەی وڵاتانی رۆژئاواییە لە کوردان. کوردەکان لەپێناو ئازادی وڵاتانی رۆژئاواش لەبەرامبەر جیهادییەکان تێکۆشانی گەورەیان کرد. لەبەرامبەر ئەو وەحشیگەرییە ئازایانە شەڕیان کرد. بەڵام دوای شەڕەکە وڵاتانی رۆژئاوا کوردیان بە تەنیا جێهێست. ئەمڕۆ بۆ ئەوەی جیهادییەکان نەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، کوردان ئەو جیهادیانەیان لە زینداندا راگرتووە بەڵام دەبینین کە وڵاتانی رۆژئاوایی جارێکیتر خیانەتیان لە کوردان کردووە.
ئەمریکا هێزێکی گەورەی خۆی لە هەرێمەکە کشاندەوە. وڵاتانی رۆژئاوا رێگە بە ئەردۆغان دەدەن کە هێرشبکەنە سەر خاکی کوردان ئازاد و رێگە دەدەن کە تورکیا هێرس بکاتە سەر رۆژئاوا".
زیگلەر ئاماژەی بەوەشکرد کە لە پرسی کورددا هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی مایەی قەبوڵکردن نییە و وتی، "بەکارهێنای چەکی کیمیایی و هێرش لە دژی مەدەنییەکان تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی. سەدام حسێن لە باکوری عێراق لە دژی کوردەکان چەکی کیمیایی بەکارهێنا. دواتریش لە سوریا بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارهێنا. کاتێک ئەسەد ئەو چەکانەی بەکارهێنا، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا ئۆباما و هەروەها فەرەنسا هیچ کاردانەوەیان نەبوو".
چی گیڤارا زیندوو بوایە پشتیوانی لەگەلی کورد دەکرد'
زیگلەر باسی لەوەکرد کە ئەگەر ئەمڕۆ چی گیڤارا زیندوو بوایە پشتیوانی لەگەلی کورد دەکرد.
زیگلەر سەرنجی راکێشا بۆ سەر دۆخی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی، "ئەو کردەوانە بەرامبەر بە عەبدوڵا ئۆجالان تاوان ەلە دژی مرۆڤایەتی. دەبوایە زۆر لە مێژ بوایە ئەردۆغان ببرایە بەردەم دادگای تاوانی نێونەتەوەیی و سزا بدرایە. رێبەری رەوای بەرخودانی گەلی کورد و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. دەبێت کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بکەوێتەخۆ و داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بکات".
ژان زیگلەر کێیە؟
ژان زیگلەر لە ساڵی ١٩٣٤ لەدایکبووە. سیاسەتمەدارێکە لە دژی بەجیهانیبوونە و کۆمەڵناسە. ئەو وەک ریپۆرتەری و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکای مرۆڤ کار کردووە و لەو چوارچێوەدا لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی وەک نیجەر، ئەسیوپیا، هیندستان، بەنگلادیش، مەنگولیا، بەرازیل، فەلەستین، بولیڤیا، کوبا، گوانتانامۆ و هتد، لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە و لەبارەی دۆخی مافەکای مرۆڤەوە راپۆرتی پێسکەش بە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد. زیگلەر لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە یاریدەدری سەرۆکی لیژنەی راوێژکاری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە.
زیگلەر بە یەکێک لە رۆشنبیرە دیارەکانی سویسرا دادەنرێت و کتێبەکانی بۆ سەر دەیان زمان وەرگێڕدراون.
هـ . ب