زیندانی سیاسی یاشار قرمزی دوای ٣٢ ساڵ ئازادکرا

یاشار قرمزی کە لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ٣٢ ساڵ ئازاد کرا.

یاشار قرمزی لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ لە رحا دەستبەسەرکرا و دادگای ئاسایشی دەوڵەت بە بانگەشەی "تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی دەوڵەت" سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند. قرمزی دوای ٣٢ ساڵ لە زیندانی جۆری کەی ١ ی دەپ ئازادکرا. لە ٣٢ ساڵ زینداندا قرمزی لە زیندانەکانی ئامەد، دیلۆک، بۆلو و خارپێت زیندانی کرابوو.

قرمزی لەلایەن موسا شاناک کە لە ١٦ی ئاب دوای ٣٠ ساڵ ئازادکرابوو، هەروەها خزمەکانی و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانیەوە پێشوازی لێکرا.

قرمزی لەبەردەم زیندان بە هەلهەلە و چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا. دوای پێشوازیکردنەکەش بەرەو زێدی خۆی واتە ناوجەی سەرێکانی رحا بەڕێکەوت.

هـ . ب