ئایکۆل: تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئازادیی چاپەمەنی جیاوازە

حوسێن ئایکۆل نووسەری رۆژنامەی یەنی یاشام رایگەیاند، سەرباری گوشار و زۆردارییەکانی حکومەت، چاپەمەنیی ئازاد بۆ ئێمە ئەوەیە، کە راستی بڵاوبکاتەوە و لە بەرەی گەل و زەحمەتکێشاندا بێت.

حوسێن ئایکۆل نووسەری رۆژنامەی یەنی یاشام لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەوە لە رۆژنامەکانی هاڵک گەرچەیی، ئۆزگیور ئولکە، ئۆزگیورلوکچو دیموکراسی، ئیدیتۆری و نووسەریی کردووە. ئایکۆل رایگەیاند، بەداخەوە ئیدی لەم سەردەمەدا کار بە ئەخلاقی میدیایی ناکرێت و تێگەیشتنی کاری رۆژنامەوانی ئۆپۆزسیۆن کەمیکردووە و پرۆسەی یەکدەستکردنی میدیا دەستیپێکردووە.

راشیگەیاند "لە چوارچێوەى یەکدەستکردندا دەستیان پێکرد و مەکینەى یەکدەستکردنیان گەورەتر کرد. ئەوەش بووە هۆی ئەوە پیاوە دەوڵەمەندەکان لە بریی بەڕێوەبەرانی پیشەیی بواری رۆژنامەگەری ببنە خاوەن دەزگا میدیاییەکان. کەسە پارەدارەکان رۆژنامە وەک سەرمایەگوزاری بۆ خۆیان و وەک چەکێک بەکاری دەهێنن. ئەوانە لە کاتی هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن دەبنە بەشێک و لایەنگری حیزبی دەسەڵات".

ئایکۆل باسی ئەوەیکرد، لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە رۆژنامەکان وەک میدیای هێزی سەرمایەی نوێ و دەسەڵاتی تاکە حیزب کار دەکەن و وتی "لەبەر ئەوەى حیزبێکى جێگرە، کە بە تەنها خۆی بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست لە گۆڕێ نییە، ئیدی ئەوانە کاری رۆژنامەوانی بە پێویست نازانن و تەنها قسەکانی سەرۆکی گشتی ئاکەپە دەکەنە مانشێت، لێکۆڵینەوە بە پێویست نازانن و هەواڵی درۆ ئامادە و بڵاودەکەنەوە".

'ئەوەى ئێمە دەکەین، بزواندن و دنەدان نییە'

ئایکۆل لەبارەى ئەو رەخنەیەی کە پێیان دەڵێن "ئێوە کاری بزواندن و دنەدان دەکەن" وتی رەخنەکە لە شوێنی خۆیدا نییە و وتیشی "لەبەر ئەوەى ئەو بابەتانەى کە ئێمە لە هەواڵەکاندا بڵاوی دەکەینەوە، لەبارەى بەرخودانێکى قارەمانانەى راستەقینەوەیە، بەو نەوەیە قارەمانی و جوانی دەخوڵقێت، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەو جوانییە  و ئەو قارەمانییە دەخەینەڕوو، پێمان دەڵێن 'ئێوە شتەکان دەشارنەوە' یان پێمان دەڵێن 'ئێوە کاری دنەدان دەکەن'. بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە گوایە ئێمە بەپێی هەندێک لە پێوەرەکانی رۆژنامەگەری ناجوڵێینەوە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەوەیان بینی راستییەکە ئەوە نییە، بە پێچەوانەوە ئەو لایەنانە بەپێی ئەخلاقی کاری میدیایی نەجوڵاونەتەوە".

'تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئازادی و سەربەخۆبوون جیاوازە'

ئایکۆل ئاماژەى بەوەکرد، میدیا و رۆژنامەوانیی سەربەخۆ، میدیای ئازاد بە تەنها خۆی هیچ نییە، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ کاتێک سەیری دەکات لەوە تێبگات، کە لە کوێ دەوەستێتەوە و وتی "بە بڕوای ئێمە ئازادی ئەوەیە، کە سەرباری گوشار و زۆردارییەکانی حکومەت، یەکدەستکردن و سەرمایەگوزاری، راستییەکان بڵاو بکرێنەوە. بابەتێکی تر ئەوەیە، میدیاکانی تر جگە لەوەش، پەیوەندییان بە دەسەڵاتەوە هەیە و لایەنگری دەکەن. ئێمە لایەنگری سەرمایە نین، ئێمە لایەنگری رەنجین. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئێمە لایەنگری سەدا ٩٠ی کۆمەڵگەین. دەسەڵات لە گروپێکی بچووکی دەوڵەمەند پێکدێت. لەبەر ئەوەش ئێمە باس لە هەڵەکانی سەرمایە، بانکەکان و جەنەڕاڵەکان دەکەین، تێگەیشتنی ئێمە بۆ بڵاوکردنەوە لە میدیادا بەو شێوەیەیە. بۆیە ئێمە وتەی "میدیای ئازاد"  بۆ خۆمان بەکار دەهێنین. مەبەستمان لەو ئازادییە لایەنگریکردنە لە گەلان و زەحمەتکێشان. کاتێک ئێمە ئەو کارە دەکەین دڵمان زۆر ئاسودە دەبێت، چونکە هەواڵە راستەکان لێرەن".

ژ.ت