ئولوچ و بەشتاش: دەبێت هەموو کەسێک خاوەنداری لە هەدەپە بکات

هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی هەدەپە لە دژی ئۆپڕاسیۆنی پاکتاوی سیاسی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان ساز کرد. لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا جەخت کرایەوە کە هەدەپە هیچ کات بە فشارەکان، چۆک دانادەت و باس لەوەش کرا کە دەبێت هەموو کەسێک خاوەنداری لێبکات.

هەر یەک لە مەراڵ دانش بەشتاش و ساروخان ئولوچ هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی هەدەپە لە بارەی ئۆپەڕاسیۆنی پاکتاوی سیاسی کە لە ژێر ناوی "لێپرسینەوەی کۆبانێ" لە دژی ئەندام، بەڕێوەبەران و پەرلەمانتارانی پێشوو و سیاسەتەمەدارانی هەدەپە بەرێوەدەچێت، لە ناو پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیان ساز کرد.

ئولوچ لە بەرامبەر دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سیاسەتمەداران ناڕەزایەتی دەبڕی و وتی:"ئێمە ئەم نادادی و نایەکسانیە ئیدانە دەکەین. نە یاسا ماوە، نە ئیرادەی دادگا. هەموو شتێک بە بڕیاری ئەو دادگایانەوە بەڕێوە دەچێت کە بوونەتە کۆمیسیۆنەکانی پاراستنی کۆشک."

ئولوچ راشیگەیاند، ئامانجی ئەو ئۆپڕاسیۆنە لەناوبردنی هەدەپە و پێکهاتەکانیەتی و ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی لەناوبەرە و بەم شێوەیە باسی لێوەکرد:"ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت رکابەرە سیاسیەکەی لەناو بەرێت. ئەم ئۆپراسیۆنە کردەوەیەکی دژیاسایە. تۆڵەیەکی سیاسیە. دەیانەوێت تۆڵەی ٧ی حوزەیران بکەنەوە."

ئۆلوچ رەخنە توندی لە سیاسەتەکانی شەڕی دەسەڵات گرت و وتی:"ئێمە وتمان کێشەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی و دەریای ئیجە، بە رێگای دانوستان و دیپلۆماسی و ئاشتیانە چارەسەر بکە. بەڵام ئەو کاتە گوێیان لێنەگرتین. ئێستاش لە سیاسەتی دەرەوەدا قەیرانێکی گەورە هەیە. لەبەرئەوەی هەدەپە تێکۆشان بۆ یاسا، دادپەروەری، یەکسانی و ئاشتی دەکات، ڕووبەڕووی ئۆپەڕاسیۆنی تۆڵە بووەتەوە. ئامانجیان ئەوەیە کە سیاسەتێکی بێ هەدەپە بەڕێوەببەن. هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە. بەڵام نایانەوێت ڕاستیەکە ببینرێت. نابێت لەبیر بکرێت کە هەدەپە خاوەنی ٦ ملیۆن دەنگدەرە. ئەو ٦ ملیۆنە لەگەڵ خانەوادەکانیان دەبنە ٢٠ ملیۆن. هەدەپە سێیەم پارتیە لە تورکیا. ئێوە ناتوانن بە ئۆپەڕاسیۆنەکانتان هەدەپە لەناوببەن. ئایا چی بە ملیۆنان کەس دەڵێن و چییان لێدەکەن."

ئولوچ ئاماژەی بە دەکلەراسیۆنی ئاشتی کرد کە ٣١ی ئاب ڕاگەیەنرا و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا،"ئەم دەکلەراسیۆنەی ئێمە لەدژی دەکلەراسیۆنی شەڕ بوو. بەڵام خەباتی دیموکراسی ئێمە ئاستەنگ دەکەن. هەوڵەکانی ئاشتی دادگایی دەکەن. کاتی خۆی لە دۆڵمەباخچە بۆ ئاشتی ڕێککەوتنێک کرا. ئیستا ئیدریس بالوکەن کە بەشداری لەو ڕێککەوتنە کرد لە زینداندایە. هەروەها سڕی سورەیا ئۆندەر دەستگیرکراوە. لەدژی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتەکەمان دۆسیە ئامادە کراوە. دەمانەوێت هەموو شتێک ئاشکرا بکرێن. هەدەپە نەکەوت و لەگەڵ هەموو فشارەکانیش هیچ کاتێک ناکەوێت."

مەڕاڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپەش ڕایگەیاند کە بە دەستگیرکردنی ٢٩ کەس ناتوانن هەدەپە بێدەنگ بکەن و وتی،"هەر وەک چۆن تا ئێستا ئۆپەڕاسیۆنەکان بێئەنجام بوون، ئەم ئۆپەڕاسیۆنەش بێئەنجام دەبێێت. ئێوە لە چ خەیاڵێکدان. ئێمە باش دەزانین کە بەم ئۆپەڕاسیۆنە دەتانەوێت تۆڵەمان لێبکەنەوە. ئەمە تۆڵەی ٧ی حوزەیران، ١ی تشرینی دووەم، ٣١ی ئازار و ٢٣ی حوزەیرانە."

بەشتاش باسی ئەوەشی کرد کە شەوی ڕابردوو ٣ سیاسەتمەداریان ژەهراوی کراون و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا،"هەڤاڵانمان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە، بەڵام ڕێگە بە پارێزەران نادرێت سەردانیان بکەن. ئەمە هەڵوێستێکی دژی مرۆڤ و نا یاساییە. ئەمە دۆخێکی ئەشکەنجەیە. پێویستە بە زوترین کات ئازاد بکرێن. ئێمە وەک هەدەپە زیاتر لە بەرەکانی پێشەوەدا دەبین.

پەرلەمانتارانی هەدەپە دوای قسەکردن، تا پەرلەمان ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ف.ق