ئیمام ئۆغڵو: هیچ جیاوازییەک لەنێوان ١٦ میلیۆن هاووڵاتی ئیستەنبوڵدا دانانێم

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، لە وتارێکیدا سوپاسی هەدەپە و هەموو ئەو پارت و دەنگدەرانەی کرد کە دەنگیان پێداوە، دەشڵێت: سەردەمێکی نوێ لە ئیستەنبوڵ دەستپێدەکات و بەیەک چاو سەیری ١٦ ملیۆن خەڵکی ئیستەنبوڵ دەکەم.

بەپێی ئامارە بەراییەکان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدی جەهەپە، بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لەوتارێکیدا لە ناوەندی جەهەپە لەشاری ئیستەنبوڵ، داوای لە چاودێرانی سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن کرد، هەتا کۆتایی هاتنی جیاکردنەوەی دەنگەکان چاودێریی سندوقەکان بکەن و بیپارێزن.

ناوبراو لە وتارەکەیدا باسی لەوەکرد، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەرخەریی ئەوەیە، کە تورکیا پێویستیی بە دیموکراتی هەیە و وتی: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کاتژمێریی دیموکراتی بەردەوام لە تورکیا کار بکات، بەڵام لە ٣١ ئازاردا ئەو کاتژمێرە وەستا، دەبێت بزانن بە وەستانی کاتژمێر ناتوانن زەمان بووەستێنن، ئیتر لە ئیستەمبوڵ یەکسانی و دادوەریی دەبێت، ئێوە نەتانهێشت دیموکراتی پێشیل بکرێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەرخەری ئەوەیە کە تورکیا پێویستی بە دیموکراتی هەیە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لە وتارەکەیدا سوپاسی هەدەپە و هەموو ئەو پارت و دەنگدەرانە کرد، کە دەنگیان پێداوە، بەڵێنی ئەوەیدا، کە لەداهاتوودا جیاوازی لەنێوان هیچ کەس و لایەنێکدا نەکات، وتی، کە بەیەک چاو سەیریی ١٦ ملیۆن خەڵکی ئیستەنبوڵ دەکات.

ئیمامئۆغڵو، ڕاشی گەیاند، کە جێگەی سەرکردە سەر سەری خەڵك نییە، جێگەی ناو خەڵکە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایە کاردەکات، دەشڵێت: هاوڵاتیان لەشەڕی نێوان سیاسییەکان بێزار بوون و چاوەڕوانی ئاشتین و خزمەتن.

ک-ش