بولدان: بە بێ هەدەپە هیچ کەسێک لە هەڵبژارتنەکاندا سەرکەوتوو نابێت

پەروین بولدان هاوسەرۆکی هەدەپە وتی:"ئێمە ئیدیعای ئەوە دەکەین کە لە ئێستا بە دواوە لە سەرتاسەری تورکیا بە بێ هەدەپە هیچ کەسێک ناتوانێت لە هەڵبژارتنەکاندا سەرکەوتوو بێت."

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان-هەدەپە لەگەڵ شاندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتەکەی لە شاری ئیدر سەردانی رێکخستنی هەدەپەی کرد.

لە لێدوانێکا بولدان تیشکی خستە سەر لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکان و وتی:"لە ٤ی تشرینی دووەمدا مافی پارێزبەندیان لە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و دەیان ئەندام پەرلەمانتاری دیکەمان سەندرایەوە. دوای ٤ی تشرینی دووەم، کودەتا سیاسیەکان بەردەوام بوون. هەم هێرشیان کردە سەر شارەوانیەکانمان و هەم ئەندام پەرلەمانەکانمان دەستگیر کران. ئەمڕۆ ساڵیادی ٧ی حوزەیرانە. گەلانی تورکیا ئەوە باش دەزانن کە ٧ی حوزەیران هیوایەکی گەورەی بەخشی بە گەلانی تورکیا."

بولدان هاوکات تیشکی خستە سەر هەڵبژارتنەکان ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ و وتی:" کودەتای یەکەمیان لە ٧ی حوزەیراندا ئەنجامدا. لەو هەڵبژارتنەدا، سەرکەوتنەکەی هەدەپەیان شاردەوە. لە ١ی تشرینی دووەم جارێکی دیکە وڵاتیان بەرەو هەڵبژارتن برد. چی روویدا؟ هەدەپە دیسان سەرکەوت. دیسان چی روویدا؟ هەدەپە لە هەڵبژارتنەکاندا شکستی نەهێنا. دواتر هەدەپە بوو بە هیوا. بوو بە بەندەری هەموو گەلانی تورکیا."

بولدان باسی لە هەڵبژارتنە هەرێمیەکانی ٣١ی ئازاریش کرد و وتی:"لەگەڵ هەموو رێگری و دانانی قەیومەکان، چەندین شارەوانیمان بەدەستهێنا. هەڵبژارتنەکەی ئەستەنبول لە مێژووی تورکیادا بێوێنە بوو. شان بە شانی هێزە دیمۆکراتیەکان، لە دژی فاشیزم، هێرش، توندوتیژی و حساب بۆنەکردن و لە دژی ئینکارکردن، بەشداریمان لە هەڵبژارتنەکانی ٢٣ی حوزەیاندا کرد. ئەگەر هەدەپە نەبوایا لە ئەستەنبول، ئەنقەرە، ئەنتالیا و مێرسین هێچ کەسێک سەرنەکەوت. ئێمە ئەمڕۆش ئیدیعای ئەوە دەکەین کە ئەگەر هەدەپە نەبێت، هیچ کەسێک لە هەڵبژارتنەکاندا سەرکەوتوو نابێت."

ز.ش