'بۆ ئازادی رێبەرەکەمان، هەموو شوێنێک دەکەین بە گۆڕەپانی خۆڕاگری'

چالاکانی ئەم هەفتەیەی چالاکی 'ئێشکگری بۆ ئازادی ئۆجالان' کە لە بەردەم باڵەخانەی کۆنسەی ئەوروپا بەڕێوە دەچێت، ئەندامانی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەسکەندەنافیان.

چالاکی 'ئێشکگری بۆ ئازادی ئۆجالان' کە لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا لە بەردەم باڵەخانەی کۆنسەی ئەوروپا و رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، بەڕێوە دەچێت، لە ٤٣١هەمین هەفتەیدا بە بڕیارداریەوە بەردەوامە.

چالاکی ئێشکگریەکە کە هەفتەی رابردوو لە لایەن هونەرمەندانی تەڤ-چاندەوە بەڕێوە چوو، ئەم هەفتەیە رادەستی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەسکەندەنافیا کرا.

چالاکانی ئەم هەفتەیە بریتی بوون لە هەر یەک لە جیهان شەنگالی، مەنیجە یەغت یلدرم، فیریشتها محمد، لیدا وەرتس، سەلیحا دۆغان و هەروەها منداڵێکی کورد بە ناوی ئازاد شەنگالی.

ئەندامان بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەسکەدەنافیا لە یەکەم رۆژی چالاکیەکەیاندا پەیامێکیان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند، کاتی دیمۆکراسی و ئازادیە و جەختیان کردەوە کە دەبێت هەموو کەسێک خاوەنداری لە هەنگاوی 'گۆشەگیری و فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادی' بکەن کە لە لایەن کەجەکەوە راگەیێنراوە.

'بانگەوازی خۆڕاگری بۆ ئازادی ئۆجالان'

لە پەیامەکەیاندا ژنان جەختیان کردەوە کە ئەوان بە ناوی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەسکەندەنافیا بۆ ئازادی رێبەرەکەیان دەست بەو ئێشکگریە دەکەن و وتیان، ئێمە لەو بڕوایەداین کە کاتی ئازادی و دیمۆکراسیە. داواکاریمان لە گەلی کورد ئەوەیە کە بەدیلگرتنی رێبەرەکەمان، قبوڵ نەکەن. ئێمەی کورد لە هەر جێگایەکی جیهان بین هەموو شوێنێک دەکەین بە گۆڕەپانی خۆڕاگری بۆ ئازای رێبەر ئاپۆ."

'دەبێت ژنان ببن بە پێشەنگ بۆ ئەم هەنگاوە'

لە پەیامەکەیاندا بزوتنەوەی ژنان ئاماژەی بە رۆڵی ژنان کرد لە قۆناغی خۆڕاگریدا و بانگەوازیەکیشیان ئاڕاستەی ژنان کرد کە ئەرکی پێشەنگایەتی بگرنە ئەستۆ. لە کۆتایی پەیامەکەشدا وترا، ئێمە بە ناوی ژنانی کوردەوە، دەبیت پێشەنگایەتی بۆ ئەم هەنگاوە بکەین، چونکە ژنان ئازادی خۆیان لە ئازادی رێبەر ئاپۆدا دەبیننەوە. داواکاریمان ئەوەیە کە ژنان و هەموو گەلانی ژێردەستە ئازاد ببن. یەکەم کەسیش کە بۆ ئەمە، فەلسەفەی ئازادی خوڵقاند رێبەر ئاپۆیە، بۆیە دەبێت ئازاد ببیت."

چالاکی 'ئێشکگری بۆ ئازادی ئۆجالان' لە ٢٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢وە دەستی پێکردووە. چالاکان لەم چالاکیەدا باس لە فیکر و فەلسەفەی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیی گەلان دەکەن. ژنانی کوردیش لەگەڵ ئەوەی لەناو گروپە چالاکەکاندا جێدەگرن، هاوکات وەکو گروپە سەربەخۆکانیش مانگی جارێک بەشداری لەو چالاکیەدا دەکەن.

ز.ش