بە چەند موشەکێک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کرایە ئامانج

بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچەی سەوزی بەغداد، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا پێنج جار باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراوەتە ئامانج.

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە جارێکی دیکە بە چەند موشەکێک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد کرایە ئامانج، تاکو ئێستا هیچ زەرەر و زیانێک نەزانراوە.

وەک خەڵکی ناوچەکە باسی لێوە دەکەن، نزیکی ٣ جار دەنگی تەقینەوە بیستراوە و دوا بە دوای ئەو ڕوداوەش دەنگی ئاگادارکردنەوە و پاراستن لە ناوچەکە بیسترا.

لە ماوەی ڕابردودا و لە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق بڕیار درا کە بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق پارێزراو بێت و لە ژێر چاودێری ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا بە هاوبەشی لە شەڕی دژ بە داعش هاوکاری عێراق بکات.

بەپێی شڕۆڤەکردنی ئەم ڕەوشە لە لایەن چاودێرانی سیاسی، بە هۆی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا ئەگەری هەیە واشنتون سزای توند بەسەر بەغداد بسەپێنێت.

ژ.ت