بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا

ئەمشەو بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بە زۆرینەى دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق و کوردستان بۆ پۆستى سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا.

بەرهەم ئەحمەد ساڵح پاڵێورای یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق توانیى لە پەرلەمانى عێراقدا بە بەدەستهێنانى ٢١٩ دەنگ ببێتە پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق لە دواى رووخانى رژێمى سەدامەوە.

هەر یەک لە فوئاد حسێن پاڵێوراوی پارتى دیموکراتى کوردستان و پاڵێوراوی تایبەتى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتی و سروە عەبدولواحید وەک تاکە ژن و پاڵێوراوی سەربەخۆ بۆ بەدەستهێنانى پۆست سەرۆک کۆماری عیراق لەکێبڕکێدا بوون لەگەڵ بەرهەم ساڵح.

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماری عیراق لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بەرهەم ساڵح ١٦٥ دەنگ و فوئاد حسێن ٨٩ دەنگ و سروە عەبدولواحید ١٨ دەنگیان بە دەستهێنابوو، بەڵام بەهۆی بەدەستننەهێنانى ٢ لەسەر ٣ی دەنگەکانى پەرلەمانتاران لەلایەن ئەو پاڵێوراوانەوە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار خرایە خولی دووەمى پەرلەماندا.

فوئاد حسێن پاڵێوراوەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە خولی دووەمدا کشانەوەى خۆی لە پاڵێورابوونى خۆی بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى راگەیاند، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عیراقەوە قبوڵ نەکرا. دوابەدواى ئەوە فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق چوونە دەرەوە. هاوکات لەگەڵ بەرێوەچوونى خولی یەکەمی هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماری عێراق، مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆکى عێراق بەو شێوەیەى کە لە پەرلەمانى عێراق بەڕێوەدەچێت قبوڵ ناکەن!.

کاتێک هەڵبژاردنى سەرۆکی عیراق بکەوێتە خولی دووەمی هەڵبژاردنى ناو پەرلەمانەوە، ئەوەى زۆرینەى دەنگەکان بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق و بەوشێوەیە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە بەدەستهینانى ٢١٩ دەنگ بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق.

لە خولی دووەمی هەڵبژاردنى پەرلەمان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، فوئاد حسێن پاڵێوراوی پارتی ٢٢ دەنگی بەدەستهێنا و ٢٤ دەنگى تریش پوچەڵ بوون و ٧ دەنگى تریش سپی بوون.

بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە دواى جەلال تاڵەبانى و فوئاد مەعسوم دەبێتە سێیەم کەس لە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراقی لە دواى رووخانی رژیمى بەعسەوە بە دەستهێناوە. پێتشر جەلال تاڵەبانى بۆ ٢ خول و فوئاد مەعسوم بۆ خولێک سەرۆکى پەرلەمانى عێراق.

ر.م