بەرپرسیاری / خەمساردیی سی پی تی بەرامبەر ئیمرالی

سی پی تی لە دژی ئەشکەنجە و تووندوتیژی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، نەیتوانی بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبستێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە سی پی تی، چەند جارێک سەردانی ئیمرالی کرد و جەختیان لە ناحقوقیەکان کردەوە، بەڵام نەیتوانی ببێتە وەڵامدەر.

سی پی تی لە دژی ئەشکەنجە و تووندوتیژی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، نەیتوانی بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبستێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە سی پی تی، چەند جارێک سەردانی ئیمرالی کرد و جەختیان لە ناحقوقیەکان کردەوە، بەڵام نەیتوانی ببێتە وەڵامدەرە دژ بەو ئەشکەنجە و تووندوتیژیانە.

کۆمیتەی بەرگرتن بە ئەشکەنجەی سەر زیندانیانی سەر بە پەرلەمانی ئەوروپا 'سی پی تی'، لەسەر گۆشەگیریی و ئەشکەنجە لە زیندانی ئیمرالی، نەیتوانی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبستێت. سی پی تی، ڕێکخراوێکی پەرلەمانی ئەوروپایە کە تورکیاش ئەندامە تێیدا، ئەوەش ماف دەدات بەو کۆمیتەیە کە سەردانی زیندانەکانی بکات، چونکە کۆمیتەکە بۆیان هەیە سەردانی زیندانەکانی تەواوی ئەو وڵاتانە بکەن کە ئەندامن تێیدا. کۆمیتەی سی پی تی، پاش سەردانی زیندانیەکان، ڕاپۆرت ئامادە دەکات دەربارەی ئەو پێشێلکاریانەی مافەکانی مرۆڤ کە لەو زیندانانەدا پێشێل دەکرێن. ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ ی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٦، کۆمیتەی سی پی تی سەردانی زیندانی ئیمرالیان کرد و بە پێچەوانەی ٦ جار سەردانی پێشوویانەوە، ئەم جارەیان دەربارەی جەختکردنەوە لە پێشێلکاریەکان و پێشنیار و داواکاریەکانیان، ئەو ڕاپۆرتەی کە ئامادەیان کردبوو، بە بیانووی ئەوەی کە تورکیا ڕێگەی نەداوە، بڵاونەکردەوە.

لە سەردانەکانی پێشوویاندا، کۆمیتەی سی پی تی ، ئەو ڕاپۆرتەی کە دەربارەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی ئیمرالی ئامادەیان کردبوو، بڵاوکردبوویەوە و تێیدا جەختیان لە چەندین پێشێلکاریی کردبوویەوە. هەروەها چەندین پێشنیاریشیان بۆ چارەسەریی خستبوویە ڕوو. بەڵام لە ئێستادا، دەربارەی ئەو بارودۆخەی کە هەیە، ئەوەی کە هیچ زانیاریەک لەبارەی ئۆجالانەوە نازانرێت، کۆمیتەی سی پی تی، بێدەنگە. ئەو بێدەنگیەش ڕێگەی لەبەردەم ناڕەزایەتیدا کردووەتەوە.

پاش هەوڵی کودەتای سەربازیی لە تورکیا، ترس و گومان لەبارەی ئاسایشی ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دروست بووە. چونکە لەسەر بارودۆخی ئۆجالان، هیچ زانیاریەک نازانرێت. لە نێوان ڕۆژانی ٢٩ ی تەباخ هەتا ٦ ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٦ و ڕۆژانی ١٠ و ٢٣ ی گوڵانی ساڵی ٢٠١٧، کۆمیتەی سی پی تی، سەردانی چەندین زیندانی کردووە لە تورکیا، بەڵام سەردانی زیندانی ئیمرالی نەکرد. ئەوەش گومانەکان زیاتر دەکات دەربارەی ئەگەری هەبوونی پەیوەندی چەپەڵی نێوان حکومەتی تورکیا و ئەو کۆمیتەیە.

ڕۆڵی خراپ

ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ ی نیسانی ساڵی ٢٠١٦، کۆمیتەی سی پی تی، سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد و ڕاپۆرتی ئەو سەردانەی لە ٢٣ ی گوڵانی ئەمساڵدا ئاشکرا کرد. واتە ڕاپۆرتەکەیان پاش دوو ساڵ لە سەردانەکەیان، لەسەر داوای ئەنقەرە ئاشکرا کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندرابوو کە ئۆجالان ماوەی پێنج ساڵە ڕێگەی پێ نادرێت چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت. هەروەها ماوەی ١٨ مانگە ڕێگە بە بنەماڵەکەشی نادرێت چاویان پێی بکەوێت. ڕاگەیەندرابوو کە پەیوەندی ئۆجالان و زیندانیەکانی تری زیندانی ئیمرالی لەگەڵ دنیای دەرەوە پچڕێنراوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە بە پەیوەندی تەلەفۆنیشیەوە، ڕێگە نادرێت، کە ئۆجالان و زیندانیانی تری زیندانی ئیمرالی چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

کوردان زانیبوویان کە دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئۆجالان، بۆیە داوایان لە کۆمیتەی سی پی تی کردبوو کە دەستبەجێ ڕاپۆرتی خۆیان ئاشکرا بکەن، بەڵام وەڵامی ئەو داواکاریەیان نەدرایەوە. لە هەمان کاتدا، لەسەر داوای حکومەتی تورکیا، ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٦یان لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئاشکرا کرد. کۆمیتەی سی پی تی، بەرپرسیارێتی خۆی لە بیر کردووە و بەشداری نێو یاریەکانی حکومەتی ئەردۆغان بوو.

ڕاپۆرتەکەی سی پی تی شتی نوێی تێدا نەبوو. لەبەرئەوەی ئەو شەرت و مەرجانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردبوو، هی پێش دوو ساڵ بوو. نەک تەنها کۆمیتەی سی پی تی، بەڵکو ئەدای پەرلەمانی ئەوروپا، لەو بارودۆخەدا، ڕۆڵێکی نەرێنی یەکلاکەرەوەی گێڕا.

ئێمە لەسەر بارودۆخی ئۆجالان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا دواین

کۆمیتەی سی پی تی، بۆئەوەی زانیاری لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کلینیکی پزیشکانی دەرونیی لە تورکیا کۆبکەنوە، لە نیسانی ئەمساڵدا سەردانی تورکیایان کرد. پاش سەردانەکەیان ئاشکرایان کرد کە ئەوان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا، دەربارەی بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش گفتوگۆیان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی سی پی تی دا هاتبوو کە شاندێک لە سەرۆکی ڕێکخراوی میکۆلا گناتۆڤسکی و بەرپرسانی ڕێکخراوی داگمار برێزنۆسکاکۆڤا، هەریەک لە جولیا کۆزما و ڤیتاوتاس راسکاوسکاس، لە ڕۆژانی ٤ هەتا ١٣ ی نیسانی ساڵی ٢٠١٨، بە سەردانێک لە تورکیا بوون. بە گوێرەی زانیاریەکانی نێو ئەو ڕاپۆرتە، شاندەکە لەگەڵ وەزارەتەکانی داد و تەندروستی، هەروەها لەگەڵ سیاسەتی خێزان و کۆمەڵگە لەگەڵ وەزیران، جێگری وەزیران و ڕاوێژکارانی دوڵەتدا دیدار و چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتبوو کە لەو دیدارانەدا، دەربارەی بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆ کراوە. گوایە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکاندا پرسی بارودۆخی ئۆجالانیش هەڵسەنگێنراوە. زیندانەکانی تری زیندانی جۆری ئێف، لە ئیمرالی زیندانی کراون، بوون بە ڕۆژەڤ. هەر لەو ڕاپۆرتەدا بانگەشەی ئەوەش کراوە کە بە تایبەتی لەسەر کێشەی پەیوەندی زیندانیانی ئیمرالی بە دنیای دەرەوە،، گفتوگۆ کراوە.

بەرپرسانی سی پی تی، دەستنیشانیان کرد کە ئەوان ئەو چاودێرییانەی خۆیان کە ئەنجامیان داوە، بە وەزارەتەکانیان ڕاگەیاندووە. بەڵام لەبارەی ئەو پرسیارانەی کە لەسەر بارودۆخی ئۆجالان کردوویانە و دەربارەی وەڵامی بەرپرسانی تورکیا، هیچ زانیاریەک بڵاونەکراوەتەوە.

پارێزەر: دەبێت سەردانی ئیمرالی بکەن

بیرۆی یاساناسانی سەدە، دەربارەی ئەو پرسە، ڕاگەیەندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە شاندی سی پی تی کرد کە سەردانی ئیمرالی بکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو:

هەندێک زانیاریی لەبارەی سەردانەکەی کۆمیتەی سی پی تی یەوە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراونەتەوە. جگە لەو  زانیاریانە، هیچ شتێکی تر لەبەردەستی ئێمەدا نیە. ئەگەر سەردانێکی تورکیا بکرێت، یان لە داهاتوودا بەمەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی زیندانەکان، سەردان بکرێت، دەبێت سەردانی زیندانی ئیمرالیش بکرێت و دەربارەی شەرت و مەرجەکانی نێو ئەو زیندانەش، ڕاپۆرت ئامادە بکرێت و بڵاوبکرێتەوە.

سەردانەکانی کۆمیتەی سی پی تی

سەردانەکانی کۆمیتەی سی پی تی بۆ زیندانی ئیمرالی:

ڕۆژی ٢٧ ی شوبات هەتا ٢ ی ئاداری ساڵی ١٩٩٩

ڕۆژی ١٤ ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١

ڕۆژانی ١٦ و ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٣

ڕۆژانی ١٩ هەتا ٢٢ ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٧

ڕۆژانی ٢٦  و ٢٧ ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٠

ڕۆژانی ١٦ و ١٧ ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣

ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ ی نیسانی ساڵی ٢٠١٦

ئەو ڕاپۆرتانەی کۆمیتەی سی پی تی کە پاش سەردانەکانی ئامادە و بڵاویکردوونەتەوە، بۆ بینین و تێگەیشتن لە سیستەمی ئیمرالی گرنگن.

ئەو ساڵانەی کە کۆمیتەی سی پی تی ڕاپۆرتی تێدا ئاشکرا کردوون لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکانیاندا:

ساڵی ١٩٩٩

کۆمیتەی سی پی تی، ساڵێ ١٩٩٩ سەردانی زیندانی ئیمرالی کرد و پاشان ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی سەردانەکەیانەوە بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەیاندا، باسی ئەوە کرابوو کە ئەو شەرت و مەرجەی ئۆجالانی تێدایە، کاریگەریەکی خراپی دەکاتە سەر. هەروەها باس لە پێداویستییە سەرەکیەکانی ئۆجالان لە زینداندا کرابوو کە بریتی بوون لە ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، کتێب و داوایان کردبوو کە بە بێ درونگخستنی، ڕێگە بە کەسوکاری بدرێت سەردانی بکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو "پرسی هەرە گرنگ کە کۆمیتەکەمان چاودێری دەکات، دیداری ئۆجالانە لەگەڵ پارێزەرەکانیدا". بەڵام ئەوە چەندین ساڵە ڕێگە نادرێت کە ئۆجالان چاوی بە پارێزەرەکانی بکەوێت، سەرەڕای ئەوەش کۆمیتەی سی پی تی بێدەنگە و خاوەنی ئەو هەڵوێستەی ئەوکاتی خۆی نیە.

ساڵی ٢٠٠١

شاندی سی پی تی، لە سەردانی ئەیلولی ساڵێ ٢٠٠١دا، ئاماژەیان بە گۆشەگیریی و حەسرەتباریی کۆمەڵگا کردبوو. ئەو ڕاپۆرتەی سی پی تی، لە دۆسیەی ئۆجالاندا لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دا جێی گرتبوو.

دادگا ڕاپۆرتی سی پی تی بە بنەما گرتبوو، هەروەها دادگا ئەم ڕاگەیەندراوەی ڕاگەیاندبوو: “کاتێک کە گۆشەگیریی و حەسرەتباریی کۆمەڵگا پێکەوە بەڕێوەببرێت، ئەوا کەسایەتیی تێکدەشکێنێت. ئەوەش شێوەیەکە لە دژایەتی مرۆڤ کە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی نەبێت بە هیچ هۆکارێکی تر ڕاڤە ناکرێت".

ئەوکات دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، ڕەخنەی ئەو ئاستەنگیانەی کردبوو کە ڕێگە بە کەسوکار و پاریزەرەکانی ئۆجالان نادرێت کە چاویان پێی بکەوێت.

ساڵی ٢٠٠٣

شاندی کۆمیتەی سی پی تی، لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٣ دا جارێکی تر سەردانی تورکیایان کردەوە. پاش سەردانەکە، ڕاپۆرتێک ئامادە کرا و بڵاوکرایەوە. لە پەرەگرافی دەیەمی ئەو ڕاپۆرتەدا بە ناونیشانی "ئەو ئەنجامانەی کە لەکاتی سەردانەکەدا بەدەست هاتوون، لەگەڵ پێشنیارەکان"دا، بەم شێوەیە تێیدا هاتبوو "ئەگەر مافی سەردان، زیاتر لە سێ مانگ ئاستەنگ بکرێت، ئەوا ئەو ئاستەنگییە بۆ هەموو ئەو حوکمدراوانەیە کە لەسەر پرسێکی جددی زیندانی کراون. عەبدوڵا ئۆجالانیش ماوەیەکی زۆرە گۆشەگیر کراوە و ئەوەش پەسەند ناکرێت".

هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە بیانووی کەشوهەوا باش نیە و کەشتی شکاوە، کە وەک بەهانە دەهێنرێنەوە بۆ ڕێگرتن لەو سەردانانە، بەهانەی ڕاست نین و تێیدا هاتبوو "بە گوێرەی ئەو  زانیاریانەی کە لەبەر دەست کۆمیتەی سی پی تی دان، دەسەڵاتدارانی تورکیا، دەتوانن بێ ئەوەی بکەونە ناو هیچ بارێکی قورسەوە، ڕێگە لەبەردەم دیدارەکانی زیندانیانی زیندانی ئیمرالیدا بکەنەوە".

لەو ڕاپۆرتەدا، جەختیش لەوە کرابوویەوە کە کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر باری تەندروستی ئۆجالان دروست کردووە.

ساڵی ٢٠٠٧

لە سەردانی ساڵی ٢٠٠٧دا، کۆمیتەی سی پی تی، لەسەر مافی وەرگرتنی کتێب، ڕۆژنامە و ڕادیۆ، هەندێک پێشنیاریان کردبوو. هەروەها لەسەر ئازادی هاتووچۆکردن لەناو ژووری زیندان و ژوورەکانی تری ناو زیندانی ئیمرالی، لەگەڵ مافی بەشداریکردن لە چالاکیەکانی دەرەوەی زیندان و پەیوەندی زیندانیانی ئیمرالی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و دەرفەتی تەندروستی، چەندین پێشنیار لەلایەن کۆمیتەی سی پی تی یەوە کرابوو.

ئەوکات لە ڕاپۆرتی سی پی تی دا هاتبوو "بۆ سی پی تی زۆر گرنگە کە ڕێ و ڕێبازێک بدۆزرێتەوە، بۆئەوی کە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە، کۆتایی پێ بهێنرێت".

بەڵام دەوڵەتی تورکیا گوێی نەدا بەو بانگەوازە و بانگەوازەکانی تری هاوشێوە.

کۆمیتەی سی پی تی، ساڵی ٢٠١١ پێشنیاری کردبوو کە ڕێگە بە ئۆجالان بدرێت کە وەک مافێکی خۆی، تەلەفۆن بەکاربهێنێت. بە گوێرەی هەردوو یاسا و بەڕێوەبەرنامەی پەیوەندیدار، مافی ئەو زیندانیانەی کە سزای هەتا هەتاییان بەسەردا بڕاوەتەوە هەیە کە لەو دەرفەتە سوودوەربگرێت و تەلەفۆن بەکاربهێنێت. کۆمسیۆنی ئیدارەی ئیمرالیی ئەو داوایانەی بۆ مافی بەرکارهێنانی تەلەفۆن بۆ ئۆجالان، بە تەواویی ڕەتکردەوە. بەو شێوەیەش لەسەر ئەو پێشنیار و داوایانە، هیچ هەنگاوێک نەنرا.

ساڵی ٢٠٠٧، کۆمیتەی سی پی تی، داوای لە بەرپرسانی تورکیا کردبوو کە لە پرسی تەندروستی و پەیوەندی بە دنیای دەرەوە، شەرت و مەرجەکانی سەر ئۆجالان سەرڕاست بکەنەوە.

 

ساڵی ٢٠١٠

لە سەردانی خۆیدا لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ دا، کۆمیتەی سی پی تی، لە ڕاپۆرتی خۆیاندا دەستنیشانیان کرد کە تیشکی خۆر نادات لە ژووری زیندانەکەی ئۆجالان و داوا لە ئیدارەی زیندانی ئیمرالی کرابوو کە ژوورەکانی زیندان بەشێوەیەک لێ بکەن کە هەتاویان بەربکەوێت. بەڵام ئەو پێشنیار و داوایەش، بە تەواویی جێ بەجێ نەکرا.

لەو ڕاپۆرتەی سی پی تی دا جەخت لەوە کرابوویەوە کە دەبێت تەلەفزیۆنێک بۆ ئۆجالان دابنرێت. هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردبوو کە ڕێگە نادرێت ئۆجالان لەگەڵ کەسوکاریدا، دیداری کراوە ئەنجام بدات.

کۆمیتەی سی پی تی ڕایانگەیاندبوو کە ئەو پزیشکانەی کە لە زیندانی ئیمرالی هەن، چارەسەری بە پەلە دەکەن و بەس نین بۆ پشکنینی باری تەندروستی زیندانیان و لەو بوارەدا پێشنیاریان کردبوو.

ساڵی ٢٠١٣

لە ڕاپۆرتی ڕۆژانی ١٦ و ١٧ ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣دا، سی پی تی، جەختی لەوە کردبوویەوە کە هێشتا تیشکی خۆر بە باشی نادات لە ژووری زیندانەکەی ئۆجالان و مافی چوونەدەرەوەش بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لە ژووری زیندان دەدرێت بەهەموو زیندانیان، بەڵام ئەو مافە نادرێت بە ئۆجالان.

لە ٢٧ ی تەموزی ساڵی ٢٠١١ بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان بە پارێزەرەکانی ئۆجالان نەدەدا کە چاویان پێی بکەوێت و ئەوەش ترس و گومانی زیاتر و گەورەتر کرد. لەم پرسەدا، لە مانگی شوبات و حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٢ دا، لە ئاستی باڵادا، بەرپرسانی تورکیا و کۆمیتەی سی پی تی، پێکەوە دانیشتنیان ئەنجام دا.

کۆمیتەی سی پی تی، لە پەرەگرافی دووەم لە خاڵەکانی سێیەم و دەیەمدا، ئاماژەی بەو پەیمانەی نێوانیان کردبوو، داواشی کردبوو کە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەنێوان ئۆجالان و پارێزەرەکانیدا، دەبێت بەرپرسانی تورکیا هەنگاو بنێن.

سی پی تی، لە بارەی ڕێگەگرتن لە دیداری ئۆجالان لەگەڵ کوسوکارەکەیدا، دەستنیشانی کردبوو کە بارودۆخ بە گشتیی باش و ئەرێنی نیە.

 هەروەها کۆمیتەی سی پی تی، پێشنیاری بۆ بەرپرسانی تورکیا کردبوو کە جارێکی تر، سزای زیندانیی تاکەکەسیی ئەوەندە ماوەدرێژ لەهیچ زیندانیەکی زیندانی ئیمرالی نەدرێت، بۆ ئەوەش دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.

ر.م