بەشتاش: دەبێت ئیمرالی وەکو موخاتەب تەماشا بکرێت

مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا تیشکی خستە سەر گۆشەگیری سەر ئیمرالی و راپۆرتی CPT و رایگەیاند، تەنها رێگای چارەسەری ئامادەبوونی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە.

مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە گەرمترین بابەتەکانی رۆژ کرد.

گۆشەگیری لە ئیمرالی و راپۆرتی CPT

بەشتاش تیشکی خستە سەر راپۆرتی رێکخراوی رێگریکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە کۆنسەی ئەوروپا- CPTلە بارەی سەردانەکانی لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و رایگەیاند، CPT بە شێوەیەکی فەرمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و کردەوە خرابەکانی، کردووە بە بەڵگە.

بەشتاش وتی:" CPT دوو جار سەردانی ئیمراڵی کردووە. گوێی لە بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە گرتووە و لێکۆڵینەوەی لەسەر هەلومەرجی ئیمراڵی کرد. CPT لە راپۆرتەکەیدا جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە لە ئیمرالی ئەشکەنجە بوونی هەیە.

گۆشەگیری لە ئیمرالی تەنها گۆشەگیرکردنی ئۆجالان و زیندانیانی دیکە نیە. بەڵکو گۆشەگیرکردنی ئاشتیە. هاوکات گەورەترین رێگریە لە بەردەم ئاشتی. دەبێت هاوڵاتیانی تورکیا بەم شێوەیە تەماشای بارودۆخەکە بکەن. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە رێگە بۆ چارەسەری و ئاشتی بکرێتەوە."

بەشتاش جەختی کردەوە کە گۆشەگیری گەورەترین رێگریە لە بەردەم چارەسەری و وتیشی:"تا ئەو رۆژەی کێشەی کورد چارەسەر نەبێت، شەڕ و پێکدادان کۆتایان پێنایەت. تا ئەو رۆژەش کە شەڕ و پێکدادان کۆتایی پێنەیەت، هەژاریش کۆتایی پێنایەت."

مەرال دانیش بەشتاش هاوکات رایگەیاند، کێشەی کوردبە وتنی "رۆژ باشێک" لە ئامەد چارەسەری نابێت و وتی:"بە پشتگوێخستنی ئیرادەی گەلی کورد، کێشەی کورد بە هیچ شێوەیەک چارەسەری نابێت."

'دەبێت ئیمرالی وەکو موخاتەب تەماشا بکرێت'

بەشتاش تیشکی خستە سەر فشارە قورسەکانی دەسەڵات و وتی:"تەنانەت بڵێن ناوی ئۆجالانیش قەدەغەیە، وتنی گۆشەگیری قەدەغەیە، وتنی وشەی کوردستان قەدەغە یە، هیچ کەس ئیدی گوێ لە قەدەغەکانتان ناگرێت، بێگومان ئامانجی ئەم قەدەغانە رێگریکردنە لە چارەسەری. ئەگەر ئۆجالان لە بەندیخانەی ئیمرالی بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت و حکومەتیش لەگەلی لە سەر مێز دانیشتبا ئەوکاتە ناتوانن ئەمە لە بیر بەرنەوە. ئێمە بەردەوام ئەمە دەڵێینەوە. بۆیە ئێمە جەخت دەکەینەوە کە دەبێت ئیمرالی وەکو موخاتەب ببینن."

ز.ش