بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سیاسەتى تەندروستیی تورکیا هەڵدەوەشێتەوە

گۆنول ئەردەن هاوسەرۆکی گشتیی سەندیکای زەحمەتکێشانی تەندروستی و سۆسیال (SES) رایگەیاند، پێویستی بە ژمارەیەکى زۆرتر لە کارمەندانى تەندروستی و تیمەکانى فریاکەوتن و پێداویستیی خۆپاراستنی کەسی هەیە، ئەم دۆخە سیاسەتی تەندروستیی ئاکەپە هەڵدەوەشێنێتەوە.

رۆنی ئارام – ئامەد

گۆنول ئەردەن هاوسەرۆکی گشتیی سەندیکای زەحمەتکێشانی تەندروستی و سۆسیال (SES) باسی ئەو گرفتانەى کرد، کە لە بەشی فریاگوزاریی بەپەلەدا رووبەرووی کارمەندانى تەندروستی و تیمەکانى فریاکەوتن دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی کەمیی پێداویستییەکانى خۆپاراستن و ژمارەى کەمی کارمەندەوە. ئەوە تەنها قسەی کەمیی دەستکێش و کەمامە نییە، بەڵکو پێداویستیی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لە کاتی پشکنینی نەخۆش و نزیکبوونەوە لە نەخۆش و بەریەککەوتن لە نەخۆش کەمن، بۆیە لەبەر ئەو کەموکوڕییانە و نەبوونی پێداویستیی خۆپاراستن بۆ تیمەکانى تەندروستی مەترسی لەسەر ژیانی کارمەندانى تەندروستی دروستبووە و تاوەکو مرۆڤ خەباتکارانى تەندروستی نەپارێزێت ئەستمە کە مرۆڤ بتوانێت تەندروستیی کۆمەڵگە بپارێزێت.

ئەردەن باسی ئەوەشیکرد، یەکێک لە کێشە گەورەکانیان کەمیی کارمەندانى تەندروستییە و ئەوەشی وت "خزمەتی تەندروستی هەر پێش ئێستاش لە ئێستادا لەلایەن ژمارەیەکى کەمی کارمەندی تەندروستییەوە پێشکەش دەکرا، ئێستاش بەهاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) و کە دۆخەکە رۆژ لە دواى رۆژ قورستر دەبێت دۆخەکەى بۆ کارمەندانى تەندروستی قورستر کردووە، چونکە لەم دۆخی بڵاوبوونەوەى پەتایەدا هەم زانایان و هەم رێکخراوەى تەندروستیی جیهانی دەڵێن، دەبێت کاتژمێرەکانى کارکردن کەم بکرێتەوە و باری قورسیی کارکردن کەم بکرێتەوە و کاتژمێرەکانى پشوو و مۆڵەت وەرگرتن زیاتر بکرێن و هاوکات ژمارەی تیمەکانى تەندروستی و قەرەوێڵەکان و مێزەکانى تەندروستی زیاتر بکرێن، دەبێت ئێشکگری ٢٤ کاتژمێری قەدەغە بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ لەو رووانەوە لە تورکیادا کەموکوڕیی زۆر زۆر هەیە".

لەبارەی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستیی دەوڵەتى تورک کە وتبوی، ٣٢ هەزار کارمەندی تەندروستی وەردەگرن و لەوبارەیەوە وتی "پێویستی بە ناوەند و شوێنی تەندروستیی زیاتر هەیە و دەبێت بەپێی پلانسازیی رۆژانە ئەوەش بکرێت، دەبێت رێکخراوە تەندروستییەکانیش لەو پلانسازییەدا بەشدار بن، چونکە لە چ شوێنێک و لە کوێ چەند کەموکوڕی هەیە، دەبێت بە روونی دەستنیشان بکرێن و ئەوانەش گرنگن. دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بە خێرایی ئەرکدارکردنەکان دەستپێبکات. بەڵام دەبێت ئەو ئەرکدارکردنە دەبێت دڵنیایی هەبێت، چونکە ئەو ٣٢ هەزار کەسەی کە باسیان لەسەر دەکرێت بەدەر لە رێنماییەکان وەردەگیرێن. ئەوەش دروست نییە. ئێمە زۆر جار وتومانە و ئێستاش لە پێش هەموو شتێکەوە دەڵێین، سەدان هەزار کەسمان هەیە کە دەتوانن ئەو بۆشایە پڕبکەنەوە و کەسانی شارەزاشن، بەڵام لەبەر ئەوەی کاریان پێنەدراوە خراونەتە دەرەوەى کاروبارەکانی کەرتی تەندروستییەوە".

ئەردەن ئاماژەی بە پرسی ئەو کارمەندانە کرد کە بە بڕیارنامەیەکی حکومەت (بڕیارەکانی حکومەتى باری نائاسایی) لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و وتی، "پێویستە بە زودترین کات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان."

هاوسەرۆکی گشتیی سەندیکای زەحمەتکێشانی تەندروستی و سۆسیال (SES) وتیشی، "لە تورکیا بە کەمی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت. لەم نەخۆشیەدا سەرکەوتووترین هەنگاو ئەوەیە کە زیاترین پشکنین بۆ خەڵک بکرێت، بە زووترین کات پێویستە نەخۆشەکان جیابکرێنەوە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت. پێویست بوو ژمارەی پشکنینەکان زیاد بکرێت، بەڵام دۆستەکانمان لە کەرتی تەندروستی لەو ڕووەوە لە دۆخێکی خرابدان. کارمەندە تەندروستیەکانمان راستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەیە کە گۆمانی ئەوەیان لێدەکرێت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوووبێتن. بەم شێوەیە کار دەکەن بەڵام لە ڕووی پشکنینی کۆرۆناوە کەموکورتی هەیە. ژمارەی ئەو کارمەندانەی پشکنینی ڤایرۆسەکە دەکەن کەمن.

ئەردەن ڕاشیگەیاند، ئەو کارمەندانەی کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشەکان هەیە، پێویستە بە جۆرێک کەرەنتینە بکرێن، ، لەبەرئەوەی کارمەندانی تەندروستیش ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی ڤایرۆسەکە ببن  و دەبنە هۆی ئەوەی کە ڤایرۆسەکە لە لایەکی ترەوە بڵاوبکەنەوە.

ئەردەن وتیشی، "تا ئیستا نزیکەی ١٦ -١٧ حاڵەتی تووشبوون لەناو کارمەندانی تەندروستیدا تۆمارکراون. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کەموکورتی هەیە".

هەروەها باسی ئەوەشی کرد، هەوڵەکانیان وەک کارمەندانی تەندروستی ئەوەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ بکەن، پەلە لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەن. هەوڵ بدەن نەخۆشەکان چارەسەر بکەن و ڕێژەی مردن کەمبکەنەوە. ئەردەن ئەوەی خستەڕوو، لە ١١ی ئازارەوە ژمارەی تووشبووان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناتوانرێت ڕێگا لە نەخۆشییەکە بگیرێت. تەخت، جێگای چاودێری ورد و ژمارەی ئامێرەکانی ئۆکسیجن بەشی نەخۆشەکان ناکەن.

هاوسەرۆکی گشتیی سەندیکای زەحمەتکێشانی تەندروستی و سۆسیال (SES) لە کۆتایی قسەکانیدا لیدوانی دکتور ڕەشید باهات سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشخانە تایبەتەکان و دەزگا تەندروستیەکانی وەبیرهێنایەوە کە ڕایگەیاندبوو، پێویستە دەوڵەت دەست بەسەر هەموو نەخۆشخانە تایبەتەکاندا بگرێت، تا ئەم نەخۆشییە هەبێت، پێویستی بە نەخۆشخانەکان دەبێت و پێویستە هەموو نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێن و وتی، "سیاسەتی تەندروستی تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی لەبەرانبەر قەیرانەکە ڕابگرێت. بەم ڤایرۆسە سیاسەتی تەندروستی تورکیا هەڵوەشاوەتەوە."

ف.ق / ژ.ت