تویتەر ٧ هەزار و ٣٤٠ ئەژمارى سەر بە ئاکەپەى داخست

پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیای تویتەر رایگەیاند، ٧ هەزا و ٣٤٠ ئەژماری تویتەری سەر بە حیزبی دەسەڵاتداری ئاکەپەى تورکیا داخستووە.

تویتەر رایگەیاند، لە چین، وڵاتانی تورک و رووسیا هەزاران ئەژماری تویتەریان داخستووە، کە پەیەوەندییان بە دەوڵەتەکانەوە هەبووە و پڕوپاگەندە و چەواشەکارییان بۆ کردوون.

بەپێی راگەیاندراوەکەى تویتەر، لە چین ٢٣ هەزار و ٧٥٠ ئەمژاری تویتەر داخراون و لە تورکیاش ٧ هەزار و ٣٤٠ ئەژماری تویتەری سەر بە دەوڵەتی تورک و لە رووسیاش یەک هەزار و ١٥٢ ئەژماری تویتەر داخراوان.

تویتەر رایگەیاندووە، ئەو ئەژمارانەى داخراوان بەپێی لێکۆڵینەوەى زانستی و بەپێی زمانە جۆراجۆرەکان خوێندنەوەیان بۆ کراوە و دواتر داخراون.

تویتەر راشیەگەیاندووە "تۆڕێک لە ئەژمارەکانى تویتەر لە تورکیا پێکەوە بەستراونەتەوە و بۆ ئامانجێکى دیاریکراو بە شێوەی هەماهەنگ کاردەکەن". ئەوەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا دەستنیشانکران.

تویتەر باسی ئەوەشیکردووە "بەپێی ئەو شیکارییەى بۆ ئاماژە تەکنیکییەکان و جۆری کار و جوڵەى ئەژمارە ساختەکان ئەو ئەژمارانەمان بۆ دەرکەوتوون، کە لایەنگری لە ئاکەپە دەکەن و لە یەک شوێنەوە بە شێوەى هەماهەنگ بەکار دەهێنرێن و ئەو ئەژمارانەش یارمەتییەکى زۆری سەرۆک کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ ٧ هەزار و ٣٤٠ ئەژماری لەو شێوەیە ئاشکرا دەکەن و لە کاریشیان دەخەن".

ژ.ت