تیمەکانی وەڵامدانە وەى یەپەسە لە ٤ شاری تورکیا چالاکییان ئەنجامدا

تیمەکانی وەڵامدانەوەى شەهید سەید باتمان لە یەپەسە رایگەیاند، لە ئامەد ئۆتۆمبێلی پۆلیسێکى تورک، لە مانیسا ٢ تانکەری هەڵگری ماددەی کیمیایی، لە موغلا ئۆتۆمبێلێکى "فاشیستەکان" و لە دەنیزلیش کێڵگەیەکى "فاشیستەکان"یان سوتاندووە.

لە راگەیاندراوی تیمەکانى وەڵامدانەوەى شەهید سەید باتمان لە یەکینەکانى پاراستنی سڤێل (یەپەسە)دا هاتووە، لە چوارچێوەى "هەڵمەتى توڵەسەندنەوە لە سیخوڕان – نۆکەران و داگیرکەران" دا زنجیرە چالاکییەکیان ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٠ و لە کاتژمێر ٢٢:٤٥ دا لەگەڕەکی تۆکی ئۆچکویو لە ناوچەى پەیاس لە ئامەد لە دژی پاسێکى پۆلیسەکان، کە بۆ گوێگرتن و چاودێریکردن بەکار دەهێنرا و بەهاکەى زیاتر لە ٢ ملیۆن لیرەى تورکییە، چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە سوتاوە و یەکەی ئەنجامدەری چالاکییەکەش سەرکەوتوانە لە شوێنی چالاکییەکە دوورکەوتونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ٣٠ی تەممووز و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە ناوچەى پیشەسازیی مورادییە لە چالاکییەکی سابوتاژدا ٢ تانکەری هەڵگری ماددەی کیمیایی ئاگریان تێبەردرا و ئاگرەکە تاوەکو رۆژی دواتر کاتژمێر ١١:٠٠ بەردەوامیی هەبوو.

لە راگەیاندراوکەدا ئەوەش هاتووە، ١ی ئاب لە گەڕەکی کۆناک لەناوچەى یاتاغان لە موغڵا ئۆتۆمبێلى کەسێکى فاشیست بە ناوی ئۆ.گ سوتێنرا.

لە گەڕەکی قەرەبایر لەناوچەى چامەلی لە دەنیزلی لە ٢١ی تەممووزدا و لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ دا کێڵگەیەکى فاشیستەکان ئاگری تێبەردار.

لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو چالاکییانەیان بۆ بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی "جەنگی حەفتانین" و شەهیدانى بەرخودان ئەنجامدراون.

ژ.ت