تەمەل: رێپێوانەکەمان بۆ بونیادنانی دیمۆکراسیە لە تورکیا

تاییب تەمەل ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری وان رایگەیاند، رێپێوانەکەیان کە بە ناوی 'دیمۆکراسی لە دژی کودەتا' بەڕێوە دەچێت، ئامانج لێی بەرهەڵستیکردنی دەستبەسەرداگرتنی مافی گەلانی تورکیا و بونیادنانی دیمۆکراسییە.

پلان و پرۆگرامی رێپێوانی بونیادنانی دیمۆکراسیی هەدەپە ئاشکرا بوو. بڕیار وایە هەدەپە رۆژی ١٥ی حوزەیران دەست بە رێپێوانەکەی بکات. بڕیار هەدەپەییەکان لە شاری ئەدرنەوە کە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لەوێ زیندانیە و لە جۆلەمێرگەوە کە لەیلا گوڤەنی هاوسەرۆکی کەجەدە تێیدا ببوو بە ئەندام پەرلەمان، دەست بە رێپێوانەکەیان بکەن، بە پێی پرۆگرامی هەدەپە بڕیارە ٢٠ی حوزەیران رێپێوانەکە لە ئەنقەرە کۆتایی پێبێت.

لەم بارەیەوە تاییب تەمەل پارلمانتاری هەدەپەی شاری وان رایگەیاند، ئامانجی رێپێوانەکەیان، بابەتی لێسەندنەوەی پارێزبەندی ئەندام پەرلەمانەکان نیە، بەڵکو ئامانج لێی ئەوەیە کە بە دەسەڵاتی ناڕاستی ئاکەپە بڵێین، بووەستە و بەرهەڵستیکردنی دەستەسەرکردنی ئیرادەی گەلانە.

تەمەل لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپەی وەکو کودەتا بەناو کرد و وتی:"تۆمەتەکانی ناو دۆسیەکان، هەمان زیهنیەتە کە پلانگێریەکەی ١٥ی تەموزیان بەڕێوە برد. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەردەوام پشتگیری هۆشمەندیی کودەتاچیەکان دەکات."

تەمەل وتیشی، سیاسەتی هەدەپە و ئەوەی هەدەپە نوێنەرایەتی دەکات، ئەوە نیە کە گرنگی بدات بە شوێن و پۆست و پلە. هەدەپە کۆدی سیاسەت بونیاد دەنێت، هەر دەنگدانێک و خاوەنداریکردن لە هەدەپە و کۆبوونەوە بە دەوریدا، هاوکات هەڵوێستێکی سیاسیشە."

گەل بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، خاوەنداری لە هەدەپە دەکات

تەمەل تیشکی خستە سەر هەڵبژارتنەکانی ٣١ی ئازار و هەڕەشەی ئەندام و نوێنەرانی ئاکەپە کە دەیانوت، "دیسان قەیوم جێگیر دەکەین" و وتی:"بە گەلی کوردیان وت، 'ئێوە دەنگ دەدەن، بەڵام دیسان دەست بەسەر ئیرادەتاندا دەگرین، دەتانبینینەوە، دەنگ و رای ئێوە هیچ واتایەکی نیە'. لەگەڵ ئەمەش گەل چی کرد؟ دەنگی نەدا بە ئاکەپە و ئیرادەی خۆی خستە روو. لە دژی لێسەندنەوەی پارێزبەندی و دژی قەیومەکان، توڕەیی گەل زیاد بووە. لە شوێنێک کە توڕەیی گەل گەورە دەبێت و بە هەستێک کە زیاتر لێپرسینەوە لە دەسەڵات بکات، خاوەنداری لە هەدەپە دەکەن."

'پێویستە لە دژی دەسەڵاتێکی خراپ، دەسەڵاتێکی یەکسان بونیاد بنێین'

لە بارەی رێپێوانەکە کە بەیانی رۆژی دووشەمە دەست پێدەکات، تەمەل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی رێپێوانەکە لێسەندنەوەی پارێزبەندی ئەندام پەرلەمانەکان نیە و بەم شێوەیە دوا:"بەر لە ماوەیەک لە ئەستەنبول بەڵگەی هەڵوێستمان خستبووە روو. لەم چوارچێوەیەدا لە دژی ئەم دەسەڵاتە ناڕاست و خراپە، لەسەر زەمینێکی کۆمەڵایەتی و بنچینەی ریکەوتنی دیمۆکراسی پێویستی بە خۆڕاگری هەیە. پێویستی بە بەرهەڵستی هەیە. هەموو کەسێک توڕەیە لەم دەسەڵاتە. بۆیە دەبێت هەموو کەسێک کۆببێتەوە و بچێتە بەرەیەکەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. کاتێک ئەم هەڵوێستەمان نواند، مافی پارێزبەندیمان لێسەندرایەوە. بۆیە بە پێویستمان زانی لە دژی کودەتا پێویستی بە پلانێکی بەپەلە و کاریگەر هەیە."

'جۆلەمێرگ و ئەدرنە لە رووی سیمبولەوە واتادارن'

تەمەل وتیشی، هۆکاری ئەوەی رێپێوانەکە لە جۆلەمێرگ و ئەدرنە دەستپێدەکات لە رووی سیمبولەوە واتادارن، جۆلەمێرگ لە مێژوودا هەمیشە بووەتە ئامانجی فشارەکان.

تەمەل رایگەیاند، لەیلا گوڤەن ئەندام پەرلەمانی جۆلەمێرگە، مافی پارێزبەندی لێسەندرایەوە. بۆ ئەوی سیاسەتە دوژمنکارانەی سەر گەلی کورد رسوا بکەین، جۆلەمێرگ وەکو زیندوترین شوێنی پرسی کورد دەستنیشان دەکەین. ئەدرنەش ئەمڕۆ بووە بە سیمبولی کودەتای سیاسی لەسەر گەلانی تورکیا. فشارەکانی سەر هەدەپە بووە بە سیاسەتی کۆدەتا، چونکە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لەوێ زیندانیە. هەروەها وەکو سیمبولی خۆڕاگریی هاوبەشی ژنانی کورد و تورکە، چونکە فیگەن یوکسەکداغ، گولتان کشاناک، سەباحەت تونجەل و چەندین پێشەنگی تری ئازادی ژنان، تێدا زیندانی کراون.

'لەگەڵ هەموو رێگریەکان، ئێمە سوورین'

تەمەل وتی:" ئێمە تورکیا دەگوازینەوە بۆ جۆلەمێرگ و کوردستانیش دەگوازینەوە بۆ ئەدرنە و ئەوە دەخەینە روو کە هەدەپە تورکیایەکی چۆنی دەوێت و بۆ تورکیا خاوەنی پرۆژەیەکی چۆنە.

 تەمەل ئاماژەی بەوەش کرد کە، یەکێک لە پلانەکانی ناو چالاکیەکەیان بابەتی پێشنیارەکانی چارەسەریە بۆ هەموو ناسنامەکانی تورکیا و راشیگەیاند، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوان رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر و وتی:"لەگەڵ ئەوەی رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر، هاوکات سووریشین لەسەر ئەنجامدانی چالاکیەکەمان. لە دژی فشارەکان، نەخشەرێگایەکی بەرفراوانیشمان ئامادە کردووە. لە دژی رێگریەکان ئێمە سوورین لەسەر ئەنجامدانی چالاکیەکەمان. لەگەڵ پێکهاتە و لایەنگران و بەڕێوەبەرانمان، ئەم رێپێوانە بۆ داهاتووی گەلانی تورکیا ئەنجام دەدەین. بۆیە لە دژی بارودۆخی ئێستای گەلانی تورکیا و باکوری کوردستان کە دەستەسەرکراون و لە ناو تاریکیدا هێڵراونەتەوە، هەروەها بۆ بونیادنانی دیمۆکراسی لە تورکیا، ئەم چالاکی و رێپێوانە ئەنجام دەدەین. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین و لەگەڵ هەموو رێگریەکان، رێپێوانەکەمان ئەنجام دەدەن."

ز.ش