دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا لەسەر سکاڵاى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بڕیاریدا. پارێزەرانی دەمیرتاش رایانگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەى مافی کەسایەتی و ئازادیی دەمیرتاش پێشێلکراوە، لە دادگای دەستووری بنەڕەتی سکاڵایان تۆمار کردبوو.
دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا بە گشتی لەبارەى سکاڵاکانی دەمیرتاش و پارێززەرانی لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ و ٢٩ی ئایاری ٢٠١٨ و ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ و ١١ کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بڕیاری دا.
دادگاکە بڕیاری لەبارەی بڕیارەکانی قۆناغەکانی دادگایکردن و زیندانیکردنی دەمیرتاش و تێکەڵکردنی دۆسیەکان و بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوە.
وەزارەتی دادی تورکیا بە ٥٠ هەزار لیرە سزا درا
دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا رایگەیاند، زیندانیکردنی دەمیرتاش بە پێی خاڵی ١٩ی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا پێشێلکارییە و بڕیاریدا وەزارەتی دادی تورکیا بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە سزا بدات، کە ئەو بڕە وەک قەرەبوو بە دەمیرتاش بدرێت. ئەو بڕیارەش بۆ ١٩هەمین لقی دادگای سزا قورسەکان و وەزارەتی داد دەنێردرێت.
مەحسونی کارمەران پارێزەری دەمیرتاش جارێکیتر داوایکرد، دەمیرتاش لە زیندان ئازاد بکرێت.
سەرباری ئەوەى بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا مافەکانى دەمیرتاش پێشێلکراون و زیندانیکردنەکەى نایاساییە و دەوڵەتى تورک بەو هۆیەوە سزا دراوە، بەڵام دەوڵەتى تورک ئامادە نییە دەمیرتاش ئازاد بکات.
ژ.ت