دوژمنایەتیى دەوڵەتى تورکیا ٣ ساڵە لە دژى پرسوس بەردەوامە

بەسەر کۆمەڵکوژییەکەى پرسوس دا ٣ ساڵ تێپەڕی. کۆمەڵکوژییەکە بەسەرپەرشتیى میت و بە دەستى داعش ئەنجامدرا. لەو کۆمەڵکوژییەدا ٣٣ کەس گیانیان لە دەستدا. تاوەکو ئێستاش بکەر و بەرپرسانى کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا نەکراون.

بنەماڵەى قوربانیانی پرسوس ٣ ساڵە داواى دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەکەن، بەڵام ئەو گوشارەى خراوەتە سەریان زۆر زۆر زیادیکردووە.  دەیان کەس لە بریندارانى کۆمەڵکوژییەکە و پارێزەرانى دۆسییەکە دەستگیر و زیندانیکران و هێرشیش کرایە سەر گۆڕى قوربانیانى ئەو کۆمەڵکوژییە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە رێگەی شەڕ، کۆمەڵکوژی، کوشتن و ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنى سیاسییەوە هێدی هێدی دەستیکرد بە دامەزراندنى رژێمە تاکە پیاوییەکەی. لەو چوارچێوەیەدا ٣٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٤ / ٨ى گەڵارێزان لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیى (مەگەکە) بڕیار لەسەر "پلانى تێکشکاندن و لەناوبردن" درا. یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانە بەپێى ئەو پلانە ئەنجامدرا، کۆمەڵکوژیى پرسوس بوو. ئەردۆغان بۆ تۆڵەى شۆڕشى رۆژئاوا و شکستى لە هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥ / ١٧ی جۆزەردان، لە رێگەى چەتەکانى داعشەوە وڵاتەکەى کرد بە گۆمی خوێن.

لەسەر داواى فیدراسیۆنى کۆمەڵەکانی گەنجانى سۆسیالیستى شۆڕشگێڕ (SGDF) رۆژی ٢٠ى تەمووزی ٢٠١٥ بە دروشمی "پێکەوە پاراستمان، پێکەوەش ئاوەدانى دەکەینەوە" نزیکەى ٣٠٠ گەنج لە سەرتاسەری تورکیاوە بۆ ئەوەى یارى منداڵان و هاوکاریى مرۆیى بگەیەننە کۆبانێ، چوونە ناوچەى پرسوس (سروج) لە پارێزگاى رحا. گەنجەکان لە پرسوس چوونە ناوەندی رۆشنبیریى ئامارا و لە کاتى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا هێرشێکى خۆکوژییان لە دژ ئەنجامدرا. چەتەیەکى داعش بە ناوی عەبدولڕەحمان ئالاگۆز هێرشە خۆکوژییەکەى ئەنجامدا و بەو هۆیەوە ٣٣ کەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسى تریش برینداربوون.