دکتور گەرگەرلیئۆغلۆ: ڕێگا بدەن کارمەندانی تەندروستی کار بکەن

فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە داوای کرد ئەو ١٥ هەزار کارمەندەی تەندروستی کە بە بڕیارنامە لە کارەکاریان دوورخراونەتەوە سەرلەوێ دەست بەکار بکەنەوە و وتی، "ئەم دۆخە سەختە و پەیوەندی بە مرۆڤایەتیەوە هەیە."

بە ڕای زۆر پسپۆڕ ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە تورکیا گیراونەتەبەر کەمن. لەم دۆخەدا کە کارەسات لەبەردەرگایە، یەکێک لەو کارانەی کە بە خێرایی پێویستە ئەنجامبدرێت گەڕاندنەوەی ئەو ١٥ هەزار کارمەندەی تەندروستیە کە لە کاتی دۆخی نائاساییدا بە بڕیاری تایبەت لە کارەکانیان دوورخرانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوە پێویستی بە کارمەندی خاوەن ئەزموون هەیە، حکومەت لەبارەی ئەو پرسەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ پەرلەمانتاری هەدەپە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، کێشە دوورخستنەوەی ئەو کارمەندانەیە کە بە بڕیارنامەیەک چەندین ساڵە دوورخراونەتەوە و لە لایەن ڕای گشتیەوە باسیان دەکرێت. بە دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوت کە ئەو کارمەندانە چەندە گرنگن. فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ وتی، "چەندین ساڵە باسی ئەو بڕیارنامەیە دەکەین، بەڵام بەم نەخۆشیە ئاشکرا بوو کە چەندە گرنگە. لە تورکیا کێشەی کەمی کارمەندی تەندروستی هەیە. ١٥ هەزار کارمەندی تەندروستی، پزیشک و کارمەندی تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. ئێستا نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و وەزیری تەندروستی لەم بارەیەوە درەنگ کەوتووە. وەزارەتی تەندروستی دوای ١٠ ئازار کەوتووەتە دۆخێکەوە کە نازانێت چیبکات. کۆبوونەوە دوای کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەلام لەبەرئەوەی وەزارەتی تەندروستی خاوەن کارمەندی بە ئەزمون نییە، ناتوانرێت رێوشوێنی باش بگیرێتەبەر."

جیهان بەدوای کارمەندی تەندروستیەوەیە

فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ ڕاشیگەیاند، پزیشکە بە ئەزمونەکان دەتوانن بە پێشینەیان زۆر کەس لە مردن ڕزگار بکەن و وتی، "لەناو ئەو کەسانەی دوورخراونەتەوە ژمارەیەکی زۆر پزیشکی پسپۆر هەن. هەروەها زانیاری وایان تێدابوو کە لە جیهاندا باسی وتارەکانیان دەکرا. لە ئێستادا بێکارن، هەروەها ژمارەیەک پزیشکمان هەیە کە بەهۆی بیانۆی بێماناوە لە زینداندان. زۆر کەس هەن کە خۆم دەیانناسم و لە زینداندان و ئەو کەسانە لە بوارەکەی خۆیاندا پسپۆڕن. لە جێگەی ئەوەی لە ئیستادا ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکەن، لە زیندان، بەداخەوە ئەو هەڵانە دووبارە دەکرێنەوە.

لە جێگەی ئەوەی ئێمە سوود لە ئەزمونی ئەو کەسانە وەربگرین، بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە کە ئێمە ئامادە نەبووین، بەرەو دۆخێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێین. پێویستە ١٥ هەزار کارمەندی تەندروستی بە زودترین کات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. ئیسپانیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و نورویج داوا لەو کارمەندانەی تەندروستی دەکەن کە پێشتر دەستیانلەکارکێشاوەتەوە یان خانەنشینکراوەن کە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. لە لایەکی تر ئەمریکاش داوایەکی بەم شێوەیەی کرد. داوای کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کارمەندانی تەندروستی لە هەموو جیهان بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا . ئەمریکا ڕایگەیاند، هەموو دەرفەتێکیان پێدەدات، تەنها لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆناو بوەستنەوە.

بەلام کاتێک ئێمە سەیری وڵاتی خۆمان دەکەین، دەبینین لە جێگای ئەوەی ١٥ هەزار کارمەندی خاوەن ئەزمون بەشداری کارەکە ببن، بێکاریان دەکەن. لە ناو ئەو کەسانەدا پزیشک و کارمەندی واهەیە کە ٢٠ -٣٠ ساڵ ئەزمونی کارکردنیان هەیە. من دکتورێکم کە لە کارەکەم دوورخرامەوە، پسپۆڕی نەخۆشی سینگم و ٢٩ ساڵە کارم کردووە. ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتمەدار نەبوومایە، پزیشکی دوورخراوە دەبووم.

ئەمە شەرمێکی مرۆڤایەتیە

گەرگەرلیئۆغلۆ ئەوەی خستەڕوو، حکومەت لەم دۆخەدا حسابی سیاسەت دەکات کە ئەوەش ڕێگا بۆ کارەساتێکی گەورە دەکاتەوە و وتی، "ئەوە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە. لەبەرئەوەی ئەم دۆخە پەیوەندی بە هەموو جیهان و مرۆڤایەتیەوە هەیە. ڕێگا بدەن کارمەندان کار بکەن. لەم دۆخەدا کە پێویستی بە خزمەت و زانیاری هەیە، دوورخستنەوەی ١٥ هەزار کارمەندی تەندروستی هەڵوێستێکە کە دەبێت دادگاییبکرێن.

ئەگەر سبەینێ، دووسبەینێ بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، دەبێتە تاوانێک کە لە ئەستوی ئەواندایە و بەم شێوەیە لە مێژوودا دەنووسرێتەوە. مرۆڤەکان گیانیان لەدەستدەدەن، بەڵام ئەوان ناچارن حساب بدەن. لە هەموو جێگایەک کەسانی ئەکادیمی، کارمەندانی تەندروستی، سەندیکاوانەکان پێم دەڵێن، ئێمە ئامادەین و دەتوانین بە خۆبەخشیش کار بکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە."

ف.ق