دۆسیەى پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکانى هەدەپە برایە کۆبوونەوەیى یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان

دۆسیەى پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکان و دووخراوەکانى هەدەپە برایە ١٣٩هەمین دانیشتنى گشتیى یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU)، کە رۆژانی ١٣-١٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ لە جنێڤی سویسر بەڕێوەچوو.

لە دواى ئەوەى دۆسیەى پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکان و دوورخراوەکانى هەدەپە لە دانیشتنى گشتیى یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU) لە جنێڤ گفتوگۆی لەسەر کرا، کۆمیتەى مافەکانى مرۆڤی یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU) ئەم بڕیارانەى دەرکرد:

 - کۆمیتەکە لە دواى هەڵبژاردنى ٢٠١٨، بە قوڵی نیگەرانە لەبارەى دۆخی هەندێک لە ئەندامانى هەدەپە کە ئێستا پەرلەمانتار نین. بە لانیکەمەوە تاوەکوە مانگی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ بڕیاری زیندانیکردن بۆ ٢٠ پەرلەمانتارى هەدەپە دەرکراوە. ٩ پەرلەمانتاریش مافی پەرلەمانتارییان هەڵوەشێنراوەتەوە و ١٤ پەرلەمانتاریش ناچاری چوونە دەرەوە لە تورکیا کرابوون و بەناچاری داواى مافی پەنابەریى سیاسییان کردووە و ئێستاش ٩ پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان.  

- سەڵاحەدین دەمیرتاش و سڕی سورەیا ئۆندەر قسەکانیان لە نەورۆزی ٢٠١٣دا بە پڕوپاگەندە بۆ تیرۆر کراوەتە دۆسیەکانیان و بەسەریاندا سەپێنراوە. ئەوە لە کاتێکدایە، کە ناوەرۆکى قسەکانیان بۆ داکۆکى لە ئاشتی و هاتنەدیى ئاشتى بووە. ٥ ساڵ سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. کۆمیتەکە لەسەر ئەو بابەتە داواى زانیاریى زیاتر و بەڵگەى زیاتر و نمونەیەک لەو بڕیارانە لە بەرپرسانی تورکیا دەکات، کە کراونەتە پاساو بۆ سەپاندنى سزاى زیندانیکردن بەسەریاندا.

- بەڵگەکانى پەیوەندیدار بە تاوانبارکردنى پەرلەمانتارانى هەدەپە بە تیرۆر لەسەر بنەمای لێدوانی پەرلەمانتاران، ناڕەزایەتى، بەشداریکردن لە مەراسیمى بەخاکسپاردنەکاندا، یان بەهۆی تایبەتمەندیى کاری سیاسیى پەرلەمانتارانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە و ئەوەش زۆر مایەى نیگەرانییە بۆ ئێمە. دەبێت لە هەموو کاتێکدا مافە سەرەکییەکانى پەرلەمانتاران پارێزراو بێت و مافەکانیان گەرەنتى کرابێت و لێیان زەوت نەکرێت. دەبێت پەرلەمانتار بەبێ رووبەرووکردنەوەی ترس و تۆقاندن مافی ئازادیى رادەربڕینی هەبێت و پارێزراو بێت.  

- بۆ ئەوەى پەرلەمانتار لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانى تاوانبار نەکرێت و پارێزراو بێت، هاتنە دەنگ و دەستوەردانى پەرلەمان بۆ داکۆکی لە پەرلەمانتاران گرنگە. ئەو دەستێوەردانە هەم سەربەخۆبوون و هەم ئاسایش و ئارامی پەرلەمان دەپارێزێت. کۆمیتەکە جارێکی دیکە ئەوە ئیدانە دەکات، کە بەپێى فەرمانى میزاجی و بڕیاری میزاجی نزیکایەتى بەرامبەر بە پەرلەمانتاران ئەنجام بدرێت و مافی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران بسەندرێتەوە. بۆیە دەبێت ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و دەستوەردانى ئاسایى پەرلەمان بگەڕێتەوە دۆخی خۆی و مافی پارێزبەندی بۆ ئەو ١٣٩ پەرلەمانتارە بگەڕێتەوە، کە لێیان زەوتکراوە.

- ئەو دادوەر و داواکارە گشتییانە کە لەسەر دۆسیەی سیاسیى کاری سیاسەت و ئاشتیى ئەو پەرلەمانتارانە کاریان دەکرد بە گشتى لەسەر کار دەرکراون و بەوە تۆمەتبارکراون، کە بەشێک بوون لە رێکخستنى تیرۆری فەتحولا گیولەن (FETO)، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە جارێکیتر لە پەرلەمانى تورکیادا بکرێتەوە بە رۆژەڤ و قسەى لەسەر بکرێت.

- بەرپرسانى تورکیا دژایەتیى بابەتیبوونی لێکدانەوەکانى کۆمیتەى مافەکانى مرۆڤ لە یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU) دەکەن و لە دژی رادەوەستن و رێگا نادەن ئاست و قەبارەى راستییەکان روون بکرێتەوە. کۆمیتەکە بە نیگەرانی و خەمبارییەوە رایدەگەیەنێت، بەرپرسانى تورکیا تاوەکو ئێستا وەڵامى ئەو داواکارییانەیان نەداوەتەوە، کە چەندین جار لێیان دووبارە کراوەتەوە. سەرباری ئەوەش هەر کۆمیتەکە لەو بڕوایەدایە، ئەو نوێنەرانەى کە لەلایەن تورکیاوە ئەرکدار دەکرێن، دەبنە یارمەتیدەر بۆ ئەوەى دۆخی پەرلەمانتارانی هەدەپە بەشێوەیەکى بەرفراوان و راست و دروست روون بکرێتەوە. بۆ روونکردنەوەى راستییەکان دەبێت ئەو نوێنەرانە لەگەڵ پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکان، پەرلەمانتارە دوورخراوەکان، لەگەڵ بەرپرسانى دادگاکان و دۆسیەکان کۆبوونەوە ئەنجام بدات. دەبێت بەرپرسانى تورکیا لە ماوەیەکى کەمدا ببنە یارمەتیدەر و هاندەر بۆ یارمەتیدانى کاری سەرەکیى ئەو نوێنەرانە.

- بەرپرسانى تورکیا دەوڵەتى تورکیا لە دانیشتنى ١٣٨ی یەکێتیى پەرلەمانتارانی جیهان (IPU)، کە هەر لێرەدا بەڕێوەچوو ئامادە نەبوون لەبارەى پێشهاتەکانەوە هیچ زانیارییەک بدەن. نوێنەرانى تورکیا گەرچی بە زارەکى و بە بەرفراوانى لەوبارەیەوە قسەیان کردووە، بەڵام بە نووسراو هیچ بەڵگەیەکیان پێشکەش نەکرد، بەڵام هەدەپە کۆپی و نمونەیەک لە بڕیارەکانى دادگای لە ناو بەڵگە دیکۆمێنتکراوەکانیاندا پێشکەشی یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU) کرد.

-  کۆمیتەکە بۆ پشتیوانى لەو دۆزە و چارەسەرکردنى خێراى کێشەکە و هەڵگرتنى هەنگاوی بەرچاو داواکەى لە پەرلەمانتارانى یەکێتیى پەرلەمانتارانى جیهان (IPU) دووبارە دەکاتەوە. هەروەها ئەو داوایەش لە هەموو رێکخراوە پەیوەندیدارە ناوچەى و نێودەوڵەتییەکان دەکات. داواش دەکات کە کۆمیتەکە لێکۆڵینەوەکان و وردەکارییەکانی لەسەر ئەو دۆزە درێژە پێ بدات و بیکات بە راپۆرت.

ر.م