دی لینکە: با گۆشەگیرى کۆتایى پێ بهێنرێت و دانوستان دەستپێبکات

پارتى چەپی ئەڵمانیا (دی لینکە) داوایکرد، با گۆشەگیری کۆتایى پێ بهێنرێت و دانوستان دەستپێبکات. داواشىی لە حکومەتى ئەڵمانیا کردووە نەبێتە هاوبەشی تاوانەکانى تورکیا.

کۆرنیلیا بارت و فیلیکس پیتان بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیى ویلایەتى برێمنی پارتى دی لینکە (حیزبی چەپی ئەڵمانیا) راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەشکەنجەیە و داوایکرد ئەو گۆشەگیرییە کۆتایى پێ بهێنرێت.

"با حکومەتى ئەڵمانیا نەبێتە هاوبەشی تاوانەکانى تورکیا"

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەکراوە، رژێمى ئەردۆغان بۆ سەرکوتکردنى ئۆپۆزسیۆنى دیموکراتیک نوێنەرانی سیاسەتى دیموکراتیکى زیندانیکردووە و هاوکات هێزەکانى دەوڵەتى تورک و چەتە ئیسلامییە توندەڕەکانى رۆژئاوا (عەفرین)یان داگیرکردووە.

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، حکومەتى ئەڵمانیا بە هاوکارییە زۆرەکانى بۆ دەوڵەتى تورکیا زیاتر دەبێتە هاوبەشی تاوانەکانى تورکیا و بۆ ئەوەى ئەڵمانیا نەبێتە هاوبەشی تاوانەکانى تورکیا دەبێت ئیتر ئەڵمانیا چەک بە تورکیا نەفرۆشێت.

"ئێمە دەمانەوێت دانوستان دەستپێبکات و گۆشەگیری نەمێنێت"

دی لینکە رایگەیاندووە، ئەوانیش هەر وەک لەیلا گیوڤەن دەیانەوێت لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا چاوپێکەوتن بۆ ئاشتى دەستپێبکات و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایى پێ بهێنرێت و هەروەها پەرلەمانتاران و هاوسەرۆک شارەوانییەکان و هەزارانى زیندانیى تری سیاسی بە خێرایى لە زیندانەکان ئازاد بکرێن.

بەڕێوەبەریى ویلایەتى برێمنی دی لینکە راشیانگەیاندووە، چالاکیى مانگرتن لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٦ی سەرماوەزەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکردووە و جارێکیتریش بۆ ئاشتی و دانوستان پشتیوانی لە چالاکییەکانى مانگرتن دەکەین.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو پێناوەشدا مەزڵوم کۆچ ئەندانى بەڕێوەبەریى دی لینکە لە ویلایەتى برێمن و پاڵێوراوی دی لینکە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى برێمن و ئەندامانى تری دی لینکە سەردانی چالاکیی مانگرتنی ستراسبۆرگیان کردووە.

ر.م