دەنگدان لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا دەستیپێکرد

بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پووشپەر، ئەمڕۆ دەنگدان لە دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد. لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا، دەنگدەران دەتوانن هەتا ١٣ ڕۆژ دەنگی خۆیان بدەن.

بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پووشپەر لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە ٣ ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵآت ناوی خۆیان تۆمار کردووە. بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٦٠ وڵاتی جیاواز و ٥  کیشور سندوقی دەنگدان دادەنرێن. لە هەر وڵاتێک ئەگەر ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە ٥٠٠ دەنگدەر بێت، سندوقی دەنگدانی لێ دادەنرێت.

زۆربەی زۆری دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە هەر سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا دان. پرۆسەی دەنگدانیش لەو وڵاتانەدا، ئەمڕۆ دەستیپێکرد و هەتا ڕۆژی ١٩ی حوزەیران/٢٩ی جۆزەردان بەردەوام دەبێت. ڕۆژانە دەنگدەران دەتوانن لە نێوان کاتژمێرەکانی ٩ ی سەرلەبەیانی هەتا ٩ ی شەو دەنگی خۆیان بدەن.

بۆئەوەی دەنگدەر بتوانێت دەنگی خۆی بدات، دەبێت ناسنامە یان پەساپۆرتی پێ بێت. دەنگدەر دەتوانێت لە هەر شوێنێک بیەوێت دەنگی خۆی بدات. بەنموونە دەنگدەرێک کە دانیشتووی هۆڵەندایە، دەتوانێت لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا دەنگی خۆی بدات.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدان لەو سێ وڵاتە، دەنگدان لە دەروازە سنوریەکانی تورکیاش ئەمڕۆ دەستیپێکرد و هەتا ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/٣ی پووشپەر دەنگدان لەو دەروازە سنوریانە بەردەوامیان دەبێت.

لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ١٣ بنکە دەنگ دەدرێت

وەک هەڵبژاردنی پێشوو، سەرنجی هەموان لەسەر ئەڵمانیایە. لەبەرئەوەی نیوەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات لە ئەڵمانیا دەژین. بەگوێرەی ئاماری ڕیفراندۆمی ١٦ی نیسان/٢٦ی بانەمەر، ١٥ هەزار دەنگدەر زیادیان کردووە و بەوەش ژمارەی دەنگدەران لە ئەڵمانیا گەشتە ملیۆنێک و ٤٤٥ هەزار و ٣٣ کەس. دەنگدەرانیش دەتوانن لە ١٣ شاری ئەڵمانیا دەنگی خۆیان بدەن.

لە شارەکانی ئەسەن، هانۆڤەر، میونشن و نۆرنبێرگ، سندوقەکانی دەنگدان لە فوارەی ناوەندەکانی کۆنگرە دادەنرێن و لە ٩ شاری دیکەش لە سەرکونسوڵخانەی تورکیا سندوقی دەنگدان دادەنرێن.

لە سێ شاری وڵاتی نەمسا سندوقی دەنگدان دانراوە

لە نەمساش ١١٠ هەزار دەنگدەر هەیە و لە شارەکانی ڤیەننا، سالسبورگ و برێگێنز سندوقی دەنگدان دادەنرێن. پرۆسەی دەنگدان لە نەمسا هەتا ١٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. لە هەڵبژاردنی پێشوودا، بە بەدەستهێنانی ڕێژەی لەسەدا ١٣ی دەنگەکان، هەدەپە بوو بە حزبی دووەم.

لە شەش شاری فەرەنسا سندوقی دەنگدان دانراوە

پاش ئەڵمانیا، زۆرترین ڕێژەی دەنگدەران لە وڵاتی فەرەنسادان. لە شارەکانی پاریس، بۆردۆ، ستراسبۆرگ، مارسیلیا، لیۆن و نانتەس- ی فەرەنسا ٣٣٠ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمار کردووە و دەنگی خۆیان دەدەن.

دەستەی گشتیی هەڵبژاردنەکانی هەدەپە لە لێدوانێکیاندا ڕایانگەیاندبوو کە بۆ ئەو کەسانەی کە بەتەمەنن، یان نەخۆشن یان هەر ئاستەنگیەکی تریان هەیە، ئۆتۆمبێلیان ئامادەکردووە. دەیانگەیەننە بەردەم ناوەندەکانی دەنگدان و پاشان دیانگەڕێننەوە بۆ ماڵەکانیان.

لە هەڵبژاردنی پێشوودا، هەدەپە لە فەرەنسا لەسەدا ٢٨ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەوەش بوو حزبی دووەم.

کاتی دەنگدان لە وڵاتانی تر

جگە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا، لە وڵاتی دانیمارکیش پرۆسەی دەنگدان ڕۆژی ٩ ی حوزەیران/١٩ی جۆزەردان دەستپێدەکات و هەتا ١٧ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت. لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئوستورالیا و لۆکسەمبۆرگیش دەنگدان ڕۆژی ٩ ی حوزەیران١٩ی جۆزەردان دەستپێدەکات و هەتا ٩ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی ١٥ی حوزەیران/٢٥ی جۆزەردان لە وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا و سویسرا، سندوقی دەنگدان دادەنرێت، لەم سێ وڵاتەشدا کە هەدەپە تێیاندا بەهێزە، پرۆسەی دەنگدان هەتا ڕۆژی ١٩ی حوزەیران/٢٩ی جۆزەردان بەردەوام دەبێت.

لە ١٩ وڵآتی تر پرۆسەی دەنگدان تەنها دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت

لەم وڵاتانەی خوارەوەدا پرۆسەی هەڵبژاردن لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ ی حوزەیران/٢٦ بۆ ٢٧ی جۆزەردان  بەڕێوەدەچێت:

 بەحرەین، میرنشینی یەکگرتوویی عەرەبی، بۆسنیا ، جەزائیر، کۆماری گەلی چین، فنلەندا، ئیسرائیل، سوید، قەتەر، کازاخستان، قیرخیزستان، لوبنان، مەقەدۆنیا، ڕۆمانیا، ڕووسیا، سودان، عەرەبستانی سعودیە، ئۆکرانیا و یۆنان.

لەم وڵاتانەی خوارەوەشدا، پرۆسەی دەنگدان ڕۆژی ١٧ ی حوزەیران/٢٧ی جۆزەردان بەڕێوەدەچێت:

ئارناڤوتلوک، ئازەربایجان، چەکیا، ئەفریقای باشوور، گورجیستان، عێراق، ئێران، ئیلەندا، ئیسپانیا، ژاپۆن، کۆسۆڤۆ، کوەیت، مەجەریستان، مالتا، میسر، مەڵدۆڤا، ئۆزبەکستان، پۆلۆنیا، سیربیستان، تایلەند، عەمان، ئوردون و زەلاندی نوێ.

ک-ش