رێزان ساریجا پارێزەری ئۆجالان: ئۆجالان لە مێژە بە رامانەکانى دیوارەکانى تێپەڕاندووە

رێزان ساریجا یەکێک لە پارێزەرانى نووسینگەى مافەکانى ئاسرین رایگەیاند، پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بە ئامانجەکەى خۆی نەگەیشتووە و موەکیلەکەشمان ئۆجالان گۆشەگیریی سەروبن کردووە.

رێزان ساریجا یەکێک لە پارێزەرانى نووسینگەى مافەکانى ئاسرین، ٢١هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کرد بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) نرخاند و رایگەیاند، موەکیلەکەیان، واتە ئۆجالان بە باشی لە ئامانجەکانى ئەو پیلانگێڕییە تێگەیشتووە و وتی "کاتێک ئەمڕۆ سەیری ماوەکانى رابردوو دەکەین، ئەوە دەبینین، کە وتەکان و خاڵە دەستنیشانکراوەکانى بەڕێز ئۆجالان زۆر راست و دروست بوون".

لە کەسایەتیى ئۆجالان دا داهاتووی ئازادی کرایە ئامانج

ساریجا رایگەیاند، لە کەسایەتیى ئۆجالاندا گەلی کورد لە پێش هەموانەوە و داهاتووی ئازادیى هەموو گەلان کرایە ئامانج. راشیگەیاند، ئۆجالان نمونە و قاڵب و شێوازە مێژووییە ساختەکەى یەک بە یەک هەڵوەشاندەوە و هەموو کات رێنوێنیی نوێ و رێگای چارەسەریی پێشکەشی گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە.

ساریجا وتی "رێزدار ئۆجالان بە باشی لە سیستمی داگیرکەری و هێزە هەژمونگەراکان و پلانەکانیان تێدەگات. گەلی کورد، کە لە ژێر گوشارەکانى رژێمى یەکپارێزی دەوڵەت – نەتەوە و توانەوە و ئاسیمیلاسیۆندایە، لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ ئازادیى گەلانی رۆژهەڵای ناوەڕاست تێکۆشاوە. دۆخ و پێگەى گەلی کورد لە هەر چوارپارچە بە باشی ئانالیز و شیکارکردووە. لەو سیستمە خراپەدا، رۆشنبیری، کولتور و ناسنامە جیاجیاکان هەڕەشەی لە ناوچوونیان لەسەر بوو. گەلی کوردیش یەکێک لەو ناسنامانە بوو. رێزدار ئۆجالان لە دژی ئەو تێگەیشتنە، کە بە مێژووی فەرمی دەسەپێنرا ساڵەهای ساڵ تێکۆشا و تێدەکۆشێت".

'ستراتیژیی بنەڕەتی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیکە'

ساریجا رایگەیاند، ئۆجالان رێنوێنی و تیۆرییەکی نوێی پێشکەشی گەلانی هەرێمەکە کردووە و تیۆرییەکەى بە گەلی کورد دەستیپێکردووە و بە ملیۆنەها کەسی لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە.

 ساریجا سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ستراتیژیی بنەڕەتی ئەو رێنوێنییەی ئۆجالان ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیکە و هێزە دەسەڵاتخواز  و هەژمونگەراکان لەو ستراتیژییە بێزار و توڕەن، لەبەر ئەوەش لە دژی ئۆجالان پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا.

ساریجا راشیگەیاند، سەرەتا ئامانج لە پیلانگێڕییەکە ئەوە بوو شەڕێکى گەورە لە نێوان گەلی کورد و تورکدا دروست بکەن، بەڵام ئەمڕۆ پیلانگێڕییەکە بە سیاسەتی جۆراجۆر و جیاجیا بەردەوامیى هەیە.

ساریجا ئاماژەى بەوەکرد، گرنگترین کۆڵەکەى پیلانگێڕییەکە گۆشەگیریی ئیمراڵییە، کە ماوەى ٢١ ساڵە بەردەوامیی هەیە و بە سیاسەتی  دابڕاندن نایانەوێت بیر و رامانەکانى ئۆجالان بە گەل و کۆمەڵگە بگات. کۆڵەکەیەکى ئەو پێشێلکاری و بێ مافکردنە وڵاتانى رۆژئاوان، کە خۆیان بە لانکەى دیموکراسی دەناسێنن و کۆڵەیەکی تریشی تورکیایە.

ساریجا وتی 'تورکیا چەندین ساڵە بەپێی یاسا و حقوق نەجوڵاوەتەوە و یاساکانى خۆیشی وەک کەرەستەیەک بۆ بێ مافکردن بەکار دەهێنێت. بەڕێز ئۆجالان سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی شوبهاندووە بە پرۆتۆ – گوانتانامۆ".

'ئەوەى لە ژوورەوەیە ئەو نییە، بەڵکو ئێمەین'

ساریجا باسی ئەوەیکرد، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە. ساریجا باسی چاوپێکەوتنى خۆی لە دواى ٨ ساڵ و لە دواى مانگرتنەکان کرد، کە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپە بەڕێوەچوو.

ساریجا وتی "چوست و چالاکی و ورە و وزەی ئۆجالان زۆر زۆر بوو. ئێمە ئەوەمان بینی، کە گۆشەگیریی چەندین ساڵە هیچ کاریگەرییەکى لەسەر بیر و رامانەکانى دروست نەکردووە. بە بیر و رامان و هەڵوێست و ئومێدەکانى دیوارەکەى تێپەڕاندووە. بە پێوە پێشوازیى لە ئێمە کرد و ئێمە قسەمان کرد. کەسێک ناتوانێت مانگێک لە گۆشەگیریدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو ٢١ ساڵە گۆشەگیریی بەسەردا سەپێنراوە. سەرباری ئەوەش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دروست نەکردووە. بە پێچەوانەوە ئەو بیر و رامانەکانى خۆی زۆر بە باشی بەڕێوەدەبات و زۆریش ئاگاداری پێشهات و پرۆسە سیاسییەکان بوو. وەک ئەوە وابوو، کە ئەو سەرباری ئەوەى لە ناوەوە بوو، لە ناوەوە نەبێت، بەڵام ئێمە کە لە دەرەوە بووین وەک ئەوە وابوو لە ناوەوە بین. باسی تۆمار و چاودێرییەکانى باجی زیاتر لەسەر کۆمەڵگە، کێشەکانى کەسایەتی و سیاسی کرد. رایگەیاند، وا دەخوازرێت هەموو بەهاکانى کۆمەڵگە بکرێن بە کاڵا، بۆیە گۆڕانکارییەک پێویستە".

'رەشبینی لە قسەکانى ئۆجالاندا نییە'

ساریجا ئاماژەى ئەوەبشکرد، لە قسەکانى ئۆجالاندا هیچ رەشبینییەک نابینرێت و دەشیخواست ئومێد بە ئێمە بدات. ساریجا وتیشی "ئەو بۆ خۆی وتی، مەنسوری حەلاج هەرگیز دەستبەرداری گەڕان بە دواى دادپەروەری، ئازادی و راستی و حەقیقەت نەبوو و زۆرێک پێشنیازی بۆ کۆمەڵگە و سیاسەتمەداران هەبوو".

ساریجا ئەوەشی وت "بە تایبەتى رایگەیاند، دەبێت گەلی کورد مێژووی خۆی بناسێت و کوردی فێری منداڵەکانیان بکەن. کۆمەڵگەیەک مێژووی خۆی بە باشی نەناسێت ئەوا ناتوانێت کێشەکانى بەردەمیشی چارەسەر بکات. راشیگەیاند، لە سیاسەتیشدا دەبێت، بزووتنەوەی هاوپەیمانیى دەستووریی دیموکراتیک دابمەزرێت. دواى چاوپێکەوتنەکە هاندان و کاریگەرییەکى زۆرم لەسەر دروستبوو و خواستم بیر و رامانی بەڕێز ئۆجالان بۆ هەموو کەسەکان لەسەرتاسەری جیهان باس بکەم، چونکە لە ئیمراڵی راستییەکى مێژوویی هەیە، کە کار بۆ ئەوە دەکرێت بشاردرێتەوە و پەردەپۆش بکرێت".

ساریجا رایگەیاند، مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست ئەمڕۆ لە قەیرانێکى گەورەدایە و رێنوێنییەکانى ئۆجالان کارێگەریی زۆری لەسەر کەسە ئازادەکان، کۆمەڵگەى ئازاد و داهاتووی دیموکراتیک دەبێت و ئەوەش بووە بە راستییەکى زەقی حاشا هەڵنەگری راستی و پارادیگمای ئۆجالان گرنگییەکى گەورەى بەدەستهێناوە. ساریجا راشیگەیاند، چارەنووسی گەلان لە دەستی هێزە دەسەڵاتخواز و هەژمونگەراکاندا نییە و بە دڵیناییەوە رۆژێک دێت و ئەو گرێیە دەکرێتەوە.

ژ.ت