رێپێوانى درێژمەودا بۆ "ئازادیى ئۆجالان" لە رۆژی ٣هەمدایە

گەنجان لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانێکى درێژمەودایان دەستپێکرد. رێپێوانەکە لە ٣هەم رۆژدایە.

رێپێوانى درێژمەودا لە رۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ١٨ی خەرمانان لە ژێر دروشمی "لەگەڵ رێبەرایەتى رێ بکە و فاشیزم هەڵوەشێنە" لە شاری بۆنی ئەڵمانیا دەستیپێکرد.

دوێنێ سێشەممە لە دژی رێپێوانەکە لەلایەن نەژادپەرستەکانەوە کاری تێکدەرانە لە تۆریسفۆرت – کۆلن ئەنجامدرا و پۆلیسیش هێرشی کردە سەر چالاکوانانى رێپێوانەکە. لەو هێرشەدا ٤ گەنجی چالاکوان دەستگیرکران و دواتر بە مەرجی ئەوەى بەشداری رێپێوانەکە نەبنەوە ئازاد کران.

قەدەغەکاریی پۆلیسی ئەڵمانیا ئەمڕۆش چوارشەممە بەردەوامیى هەبوو. پۆلیسەکان بە گەنجانیان راگەیاند، دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی رێپەر ئاپۆ، بژی پەکەکە و بژی پارتی کرێکارانى کوردستان" قەدەغەن.

رێپێوانى گەنجان لە کۆلن بەرەوە لێڤێرکوس بەردەوامیى هەیە. چاوەڕێ دەکرێت رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢٢ی خەرمانان رێپێوانە درێژمەوداکە لە شاری گلادباخ کۆتایى پێ بێت.

ژ.ت