رێپێوانە مەودادرێژەکەی کۆپنهاگ بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری کۆتایی پێهات

رێپێوانە مەودادرێژەکەی کۆپنهاگی پایتەخی دانیمارک کە لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری کۆتایی پێهات.

رێپێوانەکە رۆژی شەممە لە گەڕەکی گلوسترۆپی شاری کۆپنهاگ دەستی پێکردبوو.

چالاکەوانان رۆژی یەکەمی رێپێوانەکە ١٧ کیلۆمەتر رێیان کرد و لە گۆڕەپانی کولتورڤەت گرد بوونەوە. لە دووەم رۆژی رێپێوانەکەشدا، لە یانەی هەرلیڤەوە تا ناوەندی شار بە درێژایی ١٢ کیلۆمەتر رێیان کرد.

دواتر لە گۆڕەپانی کولتورڤەت کۆ بوونەوە و بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری کۆتاییان بە رێپێوانە مەودادرێژەکەیان هێنا.

لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا چالاکی بزوتنەوەی گەردوونی بە ناوی لوجاس ئۆلیڤەر پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، گۆشەگیری سەر ئۆجالان لە دژی هەموو مرۆڤایەتییە و وتی:" شۆرشی رۆژئاوا مۆدێلی جێگرەوەیە و پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لەو مۆدێلە بکات."

رێپێوانەکە کە ناوەندی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کورد لە کۆپنهاگ و ئەنجومەنی ژنان-ی سێوێ پشتیوانیان لێ کرد، بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.

ز.ش