سویدی و کورد: پێویستە پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' دەربهێنرێت

سیاسەتمەدارە کورد و سویدیەکان لە ستۆکهۆڵم لە کۆبوونەوەیەکدا داوایان لە حکومەتی سوید کرد کە بەهۆی دۆزی پاڵمە لێبۆردن لە گەلی کورد بکات و پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' دەربکات.

ناوەندی کۆمەڵگای دیموککراتیکی کورد لە سوید بۆ قسەکردن لەسەر ڕووداوی کوشتنی ئۆلف پاڵمە کە دوای ٣٤ ساڵ داخرا و داواکاریەکانیان، بە بەشداری قوربانیان و سیاسەتمەداران کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید لە لایەن هونەرمەندی کورد ئەڤین ئاکباشەوە بەرێوەبرا.

سالەح: دوای تاوانبارکردن فشارێکی زۆریان لەسەر ئێمە دروست کرد

نادیە سالەح هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد لە سوید وەبیریهێنایەوە کە ڕۆژێک لەدوای کوشتنی پاڵمە، ڕۆژنامەکانی سوید هەواڵیان لەسەرناوی ' کوردەکان پاڵمەیان کوشت' بڵاوکردەوە و بەو شێوەیە گەلی کورد کە ٥٠ ملیۆن کەسە وەک بکووژی سەرۆکوەزیری ئۆڵف پاڵمە تاوانبارکرا.

سالەح ڕایگەیاند، گەلێک کە هیچ پەیوەندیەکی بە کوشتنی پاڵمەوە نییە، وەک تاوانبار لەقەڵەمدرا، هێزەکانی پۆلیس فشارێکی زۆریان لەسەر بەدەیان کورد دروست کرد و دیپۆرتکرانەوە و وتی،"دوای ٣٣٤ ساڵ ڕووداوەکە ئاشکرا بوو و ئەو تاوانە لەسەر کورد هەڵگیرا، بۆیە ئێمەش هەناسەیەکماندا. بەڵام منیش ٣٤ ساڵ لەمەوبەر وەک تاوانباری کوشتنی پاڵمە کە دۆستی ئێمە بوو، لەقەڵەمدرام.

دوای قسەکردن سالەح، لەبارەی ژیان و تێکۆشانی پاڵمە ، هەروەها لەبارەی پڕۆسەی دۆزی پاڵمە دوای کوشتنی، فیلمێک نمایشکرا.

دواتر قوربانیان فشار و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنیەکانی سوید، باسیان لە ئەو تراژیدیایە کرد کە بەسەریاندا هاتوو.

ئۆناڵ: پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت

سینان ئۆناڵ نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کووردستان (کەنەکە) لە سکاندیناڤییا داوای لە حکومەتی سوید کرد کە لێبۆردن لە کورد بکات و وتی، پێویستە پەکەکەش لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

کاسرگە: دەوڵەتی تورک ڕۆڵی لە ڕووداوەکەدا هەیە

قادر کاسرگە پەرلەمانتاری پێشووی سوید لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی کرێکاری و سەرۆکی ئێستاش فراکسیۆنی شارەوانی ستۆکهۆڵمی هەمان پارتیش باسی ئەوەی کرد کە ئەو وەک گەنجێک ساڵی ١٩٩٠ کۆچی سویدی کرد و ئەویش لەناو کۆمەڵە کوردیەکان کاری دەکرد و بووە ئامانجی هێرشەکان.

کاسرگە وتی،"کورد ئەو کاتە بڕوای بە خۆی بوو و دەیانزانی کە هیچ پەیوەندیەکیان بە ڕووداوی کوشتنەکەوە نییە. بەڵام لەسایەی لایەنگرانی دەوڵەتی تورکەوە هەوڵدرا کە کوشتنی پاڵمە بخەنە ئەستووی کورد."

کاسرگە وتیشی، هانس هۆمەر بەڕێوەبەری پۆلیس ئەو کاتە دەستی بە لێپرسین کرد و هەوڵیدا ڕووداوەکە بخاتە ئەستووی کورد و ئێستا دەستی لەکارکێشاوەتەوە و وتی،"چەند هەفتە لەمەوبەر دۆزەکە بەڕێوەبرا. لایەنی ئەرێنی ئەوەیە بوو کە ئاشکرا بوو پەیوەندی کورد بە ڕووداوەکەوە نییە. سەتا کە دەزگایەکی هزری ئاکەپەیە لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەگەڵ میت ڕاپۆرتێکی ٨٠٠ لاپەڕەیی ئامادە کرد و پەکەکە و کوردی وەک بکوژی پاڵمە تاوانبار کرد. ئێستا ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە سوید داوای لێبۆردن بکات و ڕاگەیەنراوێک بڵاوبکاتەوە. پێویستە ئاشکرای بکات کە بۆچی کورد و پەکەکە تاوانبار کراون.

کاسرگە دەلێت، لە سوید هێزێکی گگەورەی کورد هەیە و ڕایگەیاند کە فیدراسیۆنی کورد و ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردانی سوید  و دەزگاکانی تری کورد بۆ ئەوەی داوای لێبۆردن لە کورد بکرێت پێویستە لە دەوری یەکتری کۆببنەوە و خەبات بکەن.

ریئازات: پێویستە لەدژی تاوانباری تیرۆر دەست بە جموبووڵ بکەین

دانیاڵ ریئازات پەرلەمانتاری پارتی چەپ وتی،"هەندێک کەس دەیانەوێت دۆز بکرێتەوە و قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمانە گرنگن، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە مۆر و تاوانباری تیرۆر لەسەر بزوتنەوەی ئازادی کورد هەڵبگیرێت. ئەو ئازارەی ٣٤ ساڵ لەمەوبەر بینرا بە پارە چارەسەر نابێت. بە لێبۆردن نابێت و تێناپەڕێت."

ریئازات ڕاشێگەیاند کە بابەتەکە سیاسیە و داوای لە حکومەتی سوید و وەزیری دەرەوەی سوید کرد کە هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

هادۆ: پێویستە سوید بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات

تۆنی هادۆ پەرلەمانتاری پارتی چەپیش باسی ئەوەی کرد، دوای کوشتنی پاڵمە هەموو گەلی کوردیان کردە ئامانج و ڕایگەیاند، ئەوەش نە تەنها کاریگەری خراپی لەسەر کورد دانا، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو گەلە ژێردەستەکان دروست کرد.

هادۆ ئاماژەی بەوەدا، کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی سوید بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات و داوای کرد پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

ف.ق