شارەوانیی کالینزانۆی ئیتالیا کۆنفراسێکى لەسەر رۆژئاواى کوردستان رێکخست

شارەوانی کالینزانۆ لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا بۆ پشتیوانى لە گەلانى رۆژئاوا کۆنفرانسێکى رێکخست.

کۆنفرانسەکە رۆژی یەکشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٠ / ٢٠ی رێبەندان لەلایەن شارەوانیی کالینزانۆ رێکخرا. ریکاردۆ پریستینی سەرۆک شارەوانیى کالینزانۆ لە کۆنفرانسەکەدا وتی "ئێمە ئەو شەڕەی تورکیا لە دژی گەلانی رۆژئاوا ئیدانە دەکەین".

پریستین وتیشی، بۆ ئەوەى ئەو شەڕە دەمودەست راوەستێت، ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ گەلانی رۆژئاوا دووبارە دەکەینەوە و داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەین کۆتایى بە هێرشە ناڕەوا و نا حقوقییەکەی بهێنێت.

مانفرێدی ساورۆ لە بەڕێوەبەرانی سەندیکای (ARCI) لە بەردەوامیی کاری کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، هێرش لە دژی گەلانى رۆژئاوا بە مانای "شەڕە لە دژی سۆسیالیستەکان".

ساورۆ راشیگەیاند، مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و سیستمی دیموکراتیک لە رۆژئاوا بۆ کۆمەلگەى ئەوروپاش 'مۆدێلی رزگارییە' و وتیشی "دەبێت ئێمە ئەو سیستمە بپارێزین و رێگا نەدەین لە ژێر چەپۆکەى ئەردۆغانی دیکتاتۆر و چەتە جیهادییەکاندا بمێنێتەوە".

ساورۆ داواى لە حکومەتى ئیتالیا کرد، کۆتایى بە رێککەوتننامە سەربازی و بارزگارنییەکانى لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بهێنێت.

ئەرۆڵ ئایدەمیر بە ناوی کۆمیتەى کوردەوە لە کۆنفرانسەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و وتی "ئەو دەوڵەت نەتەوانەى بەشداری ئەو شەڕە بوون لە دژی ئەخلاقی بوونن و با ئەوە بزانن، کە گەلانی رۆژئاوا لەسەر بنەمای کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک تا دوا هەناسە درێژە بە تێکۆشانەکەیان دەدەن".

عەلیجان یڵدز سەرۆکی مانگی سوور – ئیتالیا لە بەردەوامیی کاری کۆنفرانسەکەدا وتی، دەوڵەتى تورک نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکان و ماڵی هاووڵاتییان بۆردومانکردووە و زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

یڵدز ناڕەزایەتیى بەرامبەر بە دەسەڵاتی وڵاتانى رۆژئاوا نیشاندا، کە نابنە رێگر لە داگیرکەری و دڕندەیى دەوڵەتى تورک بۆ سەر رۆژئاوا و داوای بەهێزکردن و گەورەکردنى پشتیوانیەکان بۆ رۆژئاوا کرد.

ئامادەکاران و قسەکەرانى کۆنفرانسەکە بە بۆنەی ٢١هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە رایانگەیاند، کاتژمێرم ١٤:٠٠ لە پیزا ریبوبلیکا لە رۆما بەشداری خۆپیشاندانە گەورەکە بۆ ئیدانە کردنى پیلانگێڕیى ١٥ی شوبات دەبن.

ژ.ت