فاشیستەکانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بارەگای هەدەپە لە ئیستەنبول

فاشیستەکانی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەى باقرکۆی ئیستەنبول. هێرشەکارەکان بە پێداگرییەوە دەیانوت ئاکەپەن.

ئێوارەى دوێنێ فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ناوچەى باقر کۆی ئیستەنبول و بەهۆی هێڕشەکەوە دەرگا و پەنجەرە و شوشەکانی بارەگاکە شکێنران و هەروەها پیساییان لە بەردەم دەرگای بارەگاکەدا کردبوو. لەسەر هێرشەکە تەنها یەک کەس لە هێرشبەرەکان بە ناوی س. ئە دەستگیرکراوە.

س. ئەی هێرشبەر رەوانەى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس لە کارتاڵ تەپە کرا و وتەى لێوەرگیرا و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ رەوانەى دادگا بکرێت.

دانی بەوەدا نا کە ئاکەپەییە

س. ئە لە وتەکانیدا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس وتی "من پشتیوانی لە هەدەپە ناکەم. هەروەها من دەمخواست ببمە ئەندامی ئاکەپە، بەڵام قبوڵ نەکرام. کاتێک من بارەگاکەى هەدەپەم بینی، دەستم کردە بەردگرتنە شوشەکانی بارەگاکە. پۆلیس هات. ئەوەى لە بارەى رووداوەکە دەیڵێم، هەر ئەوەندەیە".

کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی رێکدەخرێت

رێکخستنی هەدەپە لە ئیستەنبول رایگەیاند "ئێوارەی دوێنێ لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ دا بارەگاکەمان لە ناوچەی باقر کۆی لەلایەن کەسانی فاشیستەوە هێرشکرایە سەری. بە تایبەتی لەمدواییانەدا لە دژی حیزبەکەمان هەوڵێکى زۆر بۆ ئەوە دەدرێت، حیزبەکەکان وەک ئامانج نیشان بدەن و هاندان لە دژمان زیاتر بووە بۆ ئەوەش هێرشەکان لە دژمان لەمدواییانەدا زیاتر بوون. لە ئەنجامی ئەو دژایەتیەدا هێرشکرایە سەر حیزبەکەمان و بەڕێوەبەری و ئەندامانمان. داوا لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانى دەوڵەت و هێزە دیموکراسییەکان دەکەین، کە بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەستن".

ئاماژە بەوەشکراوە "ئەو هێرشانە بۆ سەر حیزبەکەمان وەک هێرشە بۆ سەر گرەنتیی دیموکراسی و ئاشتییی کۆمەڵایەتی و هەرگیز قبوڵیان ناکەین و سەریان لە بەرامبەردا دانانەوێنین. دەبێت بزانن ئەو کار و رەفتارانە ناتوانن هەنگاوێک پاشەکشەمان پێ بکەن. بەو بۆنەی ئەو هێرشەوە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٤:٠٠ لە بەردەم بارەگای حیزبەکەمان لە باقر کۆی کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی رێکدەخەین و زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو".

ژ.ت