فیدراسیۆنی پشتیوانی لە بنەماڵەى زیندان راپۆرتی خۆی لەبارەى دۆخی زیندانەکانى تورکیا بڵاوکردەوە

فیدراسیۆنی کۆمەڵەی پشتگیری یاسایی و حقوقی لە بنەماڵەی دەستگیرکراوان و سزادراوان (MED TUHAD-FED) ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆی لەبارەی دۆخی زیندانەکانی تورکیاوە ئاشکرا کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، زیندانەکان جێگایەکی پاکوخاوێن نین بۆ ژیان، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا پێویستە دۆخی کەسانی بەتەمەن، نەخۆش و منداڵان لەبەرچاو بگیرێتەوە.

هەروەها ئەوە خرایەڕوو، لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی دژی پەتاکەدا، پێویستە ئاوڕێک لە زیندانەکانیش بدرێتەوە لە ناو دەستگیرکراو و سزادراواندا جیاوازی نەکرێت. لەدژی ئەو جیاوازییەی لە گوڕینی یاسادا دەکرێت، پێویستە هەستیاریی یاسایی و حقوقی گەردوونی پیشان بدرێت کە دەستکەوتێکی مرۆڤایەتیە.

فیدراسیۆنی کۆمەڵەی پشتگیری یاسایی و حقوقی لە بنەماڵەی دەستگیرکراوان و سزادراوان (MED TUHAD-FED) لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەم خاڵانەدا:

 * لە هەندێک زینداندا پێداویستی پاکوخاوێنی، کۆلۆنیا نادرێت بە زیندانیان. زیندانەکانیش دەرمانڕێژ ناکرێن.

 *  لە قاوشی زیندانەکاندا کە پێویستە کەم کەس بمێننەوە، بەڵام بەهۆی ژمارەی زۆری زیندانییەکنەوە بە ناچاری زۆر کەس دەمێننەوە.

 * کارمەندانی زیندانەکان بێ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، دەچنە ناو قاوشەکان و دەچنە دەرەوە.

*  لە هەندێک زیندان زیندانییە نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە ناکرێن.

* لە زیندانی جۆری تی لە ئافیۆن قەرەحەسار سەرژمێریکردن لەسەر پێ بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنرێت، ئەو زیندانیانەى ئەوە قبوڵ نەکەن دەبنە ئامانجی هێرش و لێدان، ئەو داوایانەى لە دژی ئەو سزایانە دەنوسرێن لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پشتگوێ دەخرێن و دەدڕێنرێن.

* م. فاتیح بیگول لە زیندانی جۆری تیی تارسوسەوە دووخراوەتەوە بۆ زیندانی جۆری تیی ئاکسەرای و بۆ ماوەى مانگێک لە ژووری تاکە کەسیدا راگیرا. بە بنەماڵەکەى راگەیاندووە، کاتێک گواستویانەتەوە بۆ ناو قاوشی گشتیی زیندان ئەشکەنجەیان داوە.

* زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانی جۆری تیی ئاکسارای بە بنەماڵەکانیان راگەیاندووە، لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەڕێوەبەری زیندانەکەدا، پێیان وتراوە 'ئێوە ناچارن بەپێ پێوەرەکان بجوڵێنەوە، ئەگەر نا ئێمە تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو تاوانبارە ئاساییەکانەوە دەهێنین و دەیخەنە ناوتان' و بەو شێوەیە هەڕەشەی لێکردون.

* ئیمداد بینگۆل بەبێ هیچ پاساوێک لە زیندانی جۆری تی لە بەشیکدوز لە ترابزۆن لە ژووری تاکە کەسیدا راگیراوە.

* گارایب گەزەر لە تارسوس دورخرایەوە بۆ زیندانی ژنان لە بونیانی کایسەری و چەندین رۆژە لە ژووری تاکەکەسیدا راگیراوە و زانیاریی ئەوە بە دەستگەیشتووە، کە لە دژی ئەو پێشێلکارییە لە زینداندا دەستی بە مانگرتن کردووە و باری تەندروستیشی خراپە.

* لە زیندانی کالکاندەرەی پارێزگای ریزە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر و مادەی پاککردنەوە و کەمامە و دەستکێشیان بە زیندانیان نەداوە".

ژ.ت / ف.ق