قەڕەباخ: ئەوەی لە دژی ئێمە شەڕ دەکات تورکیایە، نەک ئازربایجان

هەرێمی قەڕەباخ کە ئازربایجان هێرشی کردووەتە سەری ڕایگەیاند، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی تورکیا و چەتەکانی لەدژی ئەوان بەکاردەهێنرێن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆککۆماری قەڕەباخ، تورکیا لەدژیان شەڕ دەکات، نەک ئازربایجان.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا،" هەلیکۆپتەری تورک، فڕۆکەی ئێف١٦، یەکە سەربازیەکان، سەربازە مووچەخۆرەکان لە وڵاتانی ترەوە ڕەوانەکراون و لەدژیان شەڕ دەکەن."

تورکیا ٤ هەزار چەتەی ناردووە

ڕۆژنامەی ئەرمەن نیوز لە هەواڵێکیدا کە پشتی بە سەرچاوە هەواڵگریەکان بەستووە باسی ئەوەی کرد کە دەوڵەتی تورک نزیکەی ٤ هەزار چەتەی لە سوریا بۆ ئازەربایجان ناردووە.

لە هەواڵەکەدا ڕاگەیەنرا کە ٨١ چەتە لە شەڕی قەرەباخدا کوژراون.

شەڕەکە ڕۆژی یەکشەمە دوای ئۆپەڕاسیۆنی ئازەربایجان لەدژی قەڕەباخ دەستیپێکرد. سوپای ئازەربایجان پایتەختی قەرەباخی بۆردومان کرد.

باس لە سەدان کوژراو دەکرێت

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی حکومەتی باکۆ لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٥٠ سەربازی ئەرمەنی کوژراون.

ئیدارەی ئێریڤانیش ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٠٠ سەربازی ئازەری کوژراون. زەحمەتە زانیاری هەردوو حکومەتەکە لەلایەن سەرچاوە جیاوازەکانەوە پشتڕاست بکرێنەوە.

وەزارەتی بەرگری قەڕەباخ وتی، ٣٢ سەربازیان کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ئەرمەنستانیش ئاماژەی بەوەکرد کە ٤ هەلیکۆپتەر، ٢٧ درۆن و ٣٣ تانک تێکشکێنراون.

حکومەتی ئەرمەنستان وتیشی، بەهۆی بۆردومانی ئازەربایجانەوە خەڵکی مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵ و یەکێکیشیان ژن بووە.

ز.ش