لە ساراتۆڤی رووسیا دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ئیدانە کرا

کوردەکانى هەرێمی سارتۆڤ لە رووسیا کۆبوونەوە و هێرشەکانى دەوڵەتی تورکی فاشیستیان لە دژی گەلی کورد ئیدانە کرد.

کوردەکان لە گوندی تیمۆنیۆ لە ناوچەى دێرگاچی لە شاری ساراتۆڤی رووسیا بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال، مەخموور و هەرێمەکانى پاراستنی مەدیا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

ئیسماعیل یوسوبۆڤ سەرۆکی ئۆتۆنۆمیی کولتوری و نەتەوەیی کوردان لە ناوچەی دێراگاچی لە چالاکییەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، هێرشەکانى دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى عەقڵییەتی ئەو پیلانگێڕییەدایە، کە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا و ئێستاش دەیانەوێت سەرلەنوێ پیلانگێڕیی لەو شێوەیە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەببەن.

لە راگەیاندراوی چالاکییەکەدا ئەوەش هاتبوو، ئامانجی ئەو هێرشانە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانى گەلی کوردە و گەلی کوردیش تەنها بە یەکێتی دەتوانێت بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببێتەوە.

هەروەها لە چالاکییەکەدا یادی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە بەرز راگیرا.

یوسوبۆڤ داوای لە رای گشتی کرد، کە لە دژی ئەو ناهەقی و نادادییەى بەسەر کورددا دەسەپێنرێت بێدەنگ نەبن.

ژ.ت