لە لاڤیرۆی یونان یادی کۆمەڵکوژیی قامیشلۆ و بەرخودانى سووری ئامەد کرایەوە

لە کامپی کوردان لە شارۆچکەى لاڤیرۆی سەر بە شاری ئەسینای پایتەختی یونان یادی کۆمەڵکوژی و راپەڕینەکەى قامیشلۆ و بەرخودانی ناوچەى سوری ئامەد کرایەوە و یادی ئەو کەسانە بەرزراگیران، کە لەو کوشتار و بەرخودانەدا شەهید بوون.

چالاکییەکە دوێنێ هەینی بەڕێوەچوو و کوردانی کۆچبەر و پەنابەر تیایدا ئامادە بوون. لە شوێنى یادکردنەوەکەدا وێنەکانى شەهید چیاگەر فەرماندەی بەرخودانى ناوچەى سووری ئامەد و شەهیدانى کوشتارەکەى قامیشلۆ هەڵواسرابوون و مۆم داگیرسێنران.

یادەکە بە رێزگرتن و بێدەنگی و دواتر وتنەوەى دروشمی "شەهید نامرێ"یان دەستیپێکرد.

وڵات دیکمەن ئەندامی بزووتنەوەى گەنجانى شۆڕشگێڕ لەبارەى کوشتارەکەى قامیشلۆ و بەرخودانەکەى ناوچەى سووری ئامەدەوە وتەیەک پێشکەشکرا و یادی شەهیدان بەرز راگیرا.

دیکمەن وتی "دەبێت لە هەموو شوێنێکدا لەگەڵ شەهیدان بین و لەگەڵیان بژین و هەرگیز لە بیریان نەکەین".

دوای ئەوەش ٢ کەس لە شایەتحاڵەکانى کوشتارەکەى قامیشلۆ بە ناوی جوان رەسول و نورەدین ئەحمەد باس و بەسەرهاتەکانى رۆژانی کوشتارەکەیان گێڕایەوە.

دواى پێشکەشکردنی وتەکان، یادی شەهید چیاگەر فەرماندەى بەرخودانى ناوچەى سووری ئامەد بەرز راگیرا. هەروها نووسینێکى گەنجێک لەو ١٥ گەنجە کە لە دژی هێرشەکان لە ناوچەى سووری ئامەد بەرخودانیان کرد و لەبارەى چیاگەرەوە نوسیبووی خوێندرایەوە.

یادەکە بە وتنەوەى دروشمی 'شەهید نامرن" کۆتایى پێهات.

ژ.ت