لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە دەیان کەس دەستگیر کران

هێزە ئەمنییەکانی رژێمەکەی ئەنکەرە بە بیانوی چالاکییەکانی ١٥ی شوبات لە چەندین شار و شارۆچە هەڵیان کوتایە سەر چەندین ماڵ و بە دەیان کەسیان دەستگیر کرد.

هێزەکانی پۆلیس دوایین جار لە ناوچەی کەربورانی شاری مێردین هەڵیان کوتایە سەر ماڵی هاوڵاتییان و ٢ کەسیان دەستگیر کرد. بە پێی زانیارییەکان، هەڵمەتی رەشبگیری و دەستگیرکردنی هاوڵاتییان بیانوی ٢١مین ساڵیان پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتە کە لە دژی رێبەر گەلی کورد عەبدولا ئوجالان بەڕێوە چوو.

هەر دوو هاوڵاتیی ناوچەی کەربوران بە ناوەکانی ئەحمەد سەیهان و مەزلوم ئاجار رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شاری مێردین کراون.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆش بە هەمان شێوە، لە ناوچەی قۆسەر گەنجێک بە ناوی سەعید سرداش دەستگیر کرا. دوێنێ رۆژی پێنجشەممەش هەر یەک لە ئەزگور بولوت و حەمزە یلدرم ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجامی هەدەپە دەستگیر کران.

هاوکات سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی رژێمەکەی ئەنکەرە لە ئامەد ٢٠ کەس، لە وان ٤٧ کەس، لە دەرسیم ١٠ کەس و لە مەرسینیش کەسێک دەستگیر کرا.

هاوکات لە ئەستەنبول و ئەنکەرەش چەندین کەس دەستگیر کراون کە تا ئێستا ژمارەیان نەزانراوە.

بەم شێوەیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە بیانوی ساڵیادی ١٥ی شوبات، بە دەیان کەس رەشبگیر و دەستگیر کراون.

ز.ش