لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردووە لە تورکیا ٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە

بە پێی ئامارێکی حکومەتی تورکیا لە بارە قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢ هەزار و ٤٥٦ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٧٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماری ٢٤ کاتژمێری بڵاو کردەوە.

بە پێی زانیاریە فەرمیەکانی کۆجا، لەو ماوەیەدا ٢ هەزار و ٤٥٦ کەسی دیکە توشی ڤایرۆسەکە بوون و هاوکات ٧٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

کۆی ژمارەی تووشبووان لە تورکیا گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ١٥٨ کەس و ژمارەی ئەوانەی گیانیشیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٣٥٦ کەس.

کۆجا وتی:"ئەوەی سەرنجی دەدەین، ئەوەیە کە %٨٢ی ئەو نەخۆشانەی گیان لەدەست دەدەن، تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵیدایە.

لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئاشکرای دەکەن، حکومەتی تورکیا راستیەکان لە بارەی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە دەشارنەوە.