لە کۆپنهاگ و مارسیلیا و لەندەن خۆپیشاندان لە دژی ئاکەپە و مەهەپە بەڕێوەچوو

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە وڵاتانی دانیمارک، فەرەنسا و بەریتانیا و سویسرا رژانە سەر شەقامەکان و کودەتاکەى ئاکەپە و مەهەپەیان ئیدانە کرد.

کۆپنهاگ

لە شاری کۆپنهاگی پایتەختی دانیمارک لە چالاکییەکدا کودەتاکەى ئاکەپە و مەهەپە ئیدانە کرا. چالاکییەکە بە پێشەنگایەتیی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستان و ئەنجوومەنى ژنانى سێڤێ رێکخرا. سایمە بیلەن لە چالاکییەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، لە ئەنقەرە بارش چاکان بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی کوژرا و عەقڵییەتى ئاکەپە و مەهەپە لەو کوشتنە بەرپرسن.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانى "ئەردۆغانی فاشیست" و "ئەردۆغان سەرۆکی داعش" وترانەوە.

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیای فەرەنساش لە دژی کودەتاکەى ئاکەپە و مەهەپە چالاکیی ئیدانەکردن بەڕێوەچوو. کوردستانیان لە گۆڕەپانی ڤیوکس پارت کۆبوونەوە و کودەتاکەى ئاکەپە و مەهەپەیان ئیدانە کرد. لە چالاکییەکەدا پۆستەرەکانى رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانى پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە، تەژەکە ئەوروپا و بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ بەرزکرابوونەوە و دروشمەکانى "ئەردۆغانی تیرۆریست" و "ئاکەپە و مەهەپەى فاشیست" وترانەوە.

لەندەن

لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ژنانی کورد و سۆسیالیست چالاکیی هاوبەشیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکدا هەڵوەشاندنەوەى پارێزبەندیی پەرلەمانتاران ئیدانە کرا.

بە پێشەنگایەتیی ژنانی سۆسیالیست لە لەندەن و دەستپێشخەریی ژنانی کورد، ژمارەیەکى زۆر لە چالاکوانان لە بەردەم کتێبەخانەى وودگرین کۆبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەى پارێزبەندیی پەرلەمانتاران لەیلا گیوڤەن و موسا فاریس ئۆگیولاری و ئەنیس بەربەرئۆغڵو ئیدانە کرا.

هەروەها لە شارەکانی بیل، سۆلوتهورن، جنێڤ و بەلیزۆنای سویسرا دیکتاتۆریی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە ئیدانە کرا.

ژ.ت