"مەترسیدارترین تیرۆریستی" سویسری لە دەست یەپەگە دایە

یەکێک لە چەتەکانی داعش، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە شوێنێکی شاراوەی باغۆز لە ئۆپەراسیۆنێکی یەپەگە – قەسەدە دا دەستگیر کرا ناوی دانیال د. یە، کە بە "مەترسیدارترین تیرۆریستی" سویسرا ناسراوە.

دانیال د. خەڵکی سویسرایە و ئەنتەرپۆل لە هەموو جیهاندا بە دوایدا دەگەڕێت. بە عەبدوڵا فونسو ئەل سویسری دەناسرێت. لە مانگی نیسانی ٢٠١٤ چووەتە سوریا و بەشداری ناو ڕێزی چەتەکانی داعش بووە. دانیال د. خەڵکی ژنێڤی سویسرایە و پێش ئەوەی بەشداری ناو ریزی چەتەکانی داعش ببێت لە سویسراش تیرۆریستێکی بەناوبانگ بووە. ئەو تیرۆریستە بە ناسنامەیەکی دیکەوە چووەتە تورکیا و لەوێ دەستگیر کرابوو.

بەڵام لەگەڵ ئەوەی ناسنامە ڕاستییەکەی ئاشکرا بوو، دەوڵەتی تورک لەجیاتی ئەوەی ڕادەستی سویسرای بکاتەوە رادەستکردنەکەى پشتگوێی خست. ئەو تیرۆریستە دواتر لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە ئازاد کرابوو و چووبووە سەر سنوور و بۆ ئەوەی بپەڕێتەوە سوریا و بچێتە ناو چەتەکانی داعش. ئەندامەکانی تری ئەو تیمە کە دانیال-یشیان لە ناودا بوو بریتیبوون لە کەڤن ز. و نیکۆلاس پ. کە لە کانوونی دووەم، دوای هێرشی تیرۆریستییەکەى ئەسکەندەناڤیا لە هەرێمى فاس لە وڵاتى مەغریب دەستگیرکرابوو.

سویسرا بە دوایەوە بوو

بەڵام لەمێژ بوو یەکینەکانی ئاسایشی سویسرا بەدوای دانیالەوە بوون و نەیان دەدۆزییەوە. تاوەکو هێزەکانی یەپەگە – قەسەدە لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ناوچەیەکی نزیک باغۆز لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر پێگەیەکی داعشدا گرت و دانیال-یشیان لەوێ دەستگیر کرد.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ / ٣ی نەورۆز لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی کۆتایهێنان بە تیرۆر" لە هەڵمەتی "گەردەلولی جزیر"دا باغۆزی سوریا، کە لەژێر داگیرکاریی چەتەکانی داعشدا بوو، ڕزگاریان کردبوو و کۆتایی بە "خەلافەت"ی چەتەکان هێنرا. چەتەکانی داعش پاشەکشەیان کردبوو بۆ ناوچەیەک بەناوی بادیە ئەلشام-ی سەر سنووری عێراق، کە پێی دەوترێت بیابانی سوریا. بۆ کۆتایهێنانی پاشماوەی تیرۆریستەکان لەم رۆژانەى رابردوودا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو هەرێمانە زیاتر بوون.

بەگوێرەی هەواڵەکانی رۆژی یەکشەممەی سویسرا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەو ناوچەیە (بادیەی شام) یەکێک لەو چەتانە، کە دەستگیر کراوە چەتەیەکە بەناوی دانیال د. پەیامێنرانى ناوداری سویسری کورد پەلدا و تیتۆس پلانتەر هەواڵێکیان ئامادە کردووە و لە هەواڵەکەدا بە بەرفراوانی باس لەوە دەکرێت، کە چۆن دانیال د. سویسری و چەتەکانى تر کاری ڕێکخستنیی خۆیان ئەنجامداوە و لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ سوریا.

ئێستا سەرنجەکان لەسەر ئەوەن، کە ئاخۆ بەرپرسانی سویسرا داوای دانیال د. و ئەندامەکانی دیکەی چەتەکان دەکەنەوە یان نا، کە لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن. دانیال د. و ٢ ئەندامی دیکەی چەتەکان ئێستا لە دەست هێزەکانی یەپەگە – قەسەدە دان.

تا ئیستا زیاتر لە ٣ هەزار ئەندامی چەتەکانی داعش لە ئۆپەراسیۆنەکانی یەپەگە – قەسەدە لە باکووری سوریا دەستگیر کراون. نزیکەی هەزار کەسیان خەڵکی وڵاتانى ڕۆژئاوایین و بە گشتیش هەموویان خەڵکی ٤٦ وڵاتن، بەڵام تا ئێستا تەنها فەڕەنسا، ئەندەنوسیا، ڕووسیا، فاس (مەغریب) و سودان داوای هاوڵاتییەکانی خۆیان لە خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاوا کردووەتەوە، کە رادەستیان بکەن.

ر.م