مەخموری: پەدەکە بەو ڕێگرییە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات

دانیشتوانی مەخمور کە پەدەکە ماوەی ١٥ ڕۆژە ڕێگەی لێ گرتوون، ناڕەزایی خۆیان لەدژی پەدەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە بەو شتە هاوکاری دوژمن دەکەن.

دوای کوشتنی عوسمان کۆسە، ئەندامی میتی تورک لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩/ ٢٦ی پووشپەڕ لە ڕێستۆرانتی حۆقەبازی هەولێر لە باشووری کوردستان، پەدەکە ڕێگەی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخموری داخست. ئەمڕۆ ١٥ ڕۆژە پەدەکە ناهێڵێت نەخۆش و کرێکاریش هاتوچۆی مەخمور بکەن.

وێڕای هەموو ڕێگرییەکانیش ڕوومان کردە وارگەی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی لە مەخمور و سەردانی خەڵکمان کرد، پرسیاری بارودۆخی ژیان و گوزەرانمان لێکردن. لەو گەشتەدا چەندین بابەت و ڕۆژەڤ و دەوڵەتی تورک و هاوکاری پەدەکەمان بە دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لەسەر پەنابەران بیست.

مەخموری ئەو کەسانەن کە پەنابەرانی سیاسین و بەهۆی زوڵمی داگیرکەر لە ساڵی ١٩٩٠ لە باکوری کوردستانەوە کۆچبەر بوون و دوای گۆڕینی چەند کەمپێک، لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٩٨ لە سنووری عێراق و لە ناوچەی مەخمور نیشتەجێ بوون.

لەناو خەڵکدا گەڕاین و گوێمان لێیان گرت، باسی ژیانی خۆیان کرد لە دوای ڕێگرییەکانی پەدەکە.

گەنجێکی دوکاندار بەناوی سەرحەد تۆک، ڕایگەیاند کە ژیانیان بەستراوەتەوە بە ڕێگەی هەولێر و ڕوونی کردەوە کە بەهۆی ئەو ڕێگریکردنەوە ناتوانن بۆ ڕۆژی عەرەفە بچن کەلوپەل و پێداویستی بۆ جەژنی قوربان بێنن و وتی: "ئێمە کرێکارین، کارەکەمان هەمووی کاری دەست و کارگەکانە. بە گرتنی ئەو ڕێگایە هەموو ژیان دەوەستێت".

'دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی کوردەوە زوڵم لە کورد دەکات'

تۆک لەبارەی گرتنی ڕێگە لەلایەن پەدەکەوە ئەوەشی وت: "دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی پەدەکەوە ژیان لە ئێمە حەرام بکات و تەنگەتاومان بکات. پەدەکە خۆی کوردە و بە فیتی دوژمن زوڵم لە کورد دەکات". هەروەها سەرنجی ڕاکێشایە سەر داگیرکاریی تورک لە خاکی باشووری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی پەدەکە دایە و ڕێگەی داوە ئەمڕۆ داگیری دەکات. لەگەڵ دوژمن جیاوازیمان ناکات. ئەمڕۆ دژی ئێمەیە و سبەی نۆرەی ئەوانە. ئەمڕۆ پەدەکە ڕێگە لە ئێمە دەگرێت، سبەی تورک ڕێگە لەوان دەگرێت. ئەمڕۆ بژێوی ژیانمان لەسەر هەولێر و باشوری کوردستانە، بژێوی باشووریش لەسەر تورکیایە."

'بە میزاجی ڕێگەیان لە ئێمە گرتووە'

هاوڵاتییەک بەناوی سەبری تونچ، کارمەندی تەندروستی سەرنجی ڕاکێشایە سەر داگیرکاریی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بە دەستی پەدەکە و وتی: "دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی زۆر لایەن و ڕێکخراوی سیاسییەوە باشوری کوردستان داگیر دەکات. لەبەر ئەوەش گەلێک لایەن بێدەنگن." سەبری تونچ ڕایگەیاند کە پەدەکە ڕێگەی لەوان گرتووە و چەندین نەخۆش و کرێکار هەن ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان. تونچ وتیشی: "ئەوە هەڵوێستێکی میزاجی پەدەکەیە لەدژی خەڵکی مەخموور دەیکات. ئەوە تێڕوانینی کوردایەتی نییە."

'ئەوە هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکە'

هاوڵاتییەکی دیکەی مەخمور بەناوی نەسرەت ئیلە ڕایگەیاند کە لە ڕووی ژیانەوە دۆخیان خراپە. نەسرەت ڕایگەیاند کە بەو ڕێگرتنە لەسەر پەنابەران نیشان دەدات کە هاوکاریی تورکیان، بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "ئەگەر هاوڕێ و هاوکاری تورکیا نییە، با ڕێگەی لە پەنابەران نەگرتبا. ئەوە دەکەوێتە خزمەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک."

نەسرەت لەبارەی هەبوونی گەریلا کە تورک هەمیشە دەیکاتە بیانوو، وتی: "شتێکی وا نییە گەریلا لەناو خەڵک بێت، ئەمە کەمپێکی سیاسی پەنابەرانە، ئەو قسانەی لەو بارەیەوە دەکرێن ڕاست نین. ئێمە خۆمان خۆمان دەپارێزین و خۆمان بەڕێوە دەبەین."

نەسرەت وتیشی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەمارۆکەی سەریان تووندتر دەبێت، دیار نییە تا کەی ئەو گەمارۆیە بەردەوام دەبێت.

'هیچ بیانوویەک بۆ ڕێگرتن نەخراوەتەڕوو'

دایکێک بەناوی جەمیلە کارا ڕایگەیاند کە ژیان لەناو کامپدا بە بەراورد لەگەڵ پێشتر هەندێک ناخۆش بووە و ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی تورک بەبێ ئەوەی بڵێن ژن و منداڵی لێیە، بۆمبارانمان دەکەن. دایکە جەمیلە بەردەوام بوو و تی: "خەڵکی سڤیل بۆمباران دەکەن. ئەوانە مرۆڤ نین." دایکە جەمیلە سەرنجی ڕاکێشایە سەر داخستنی ڕێگە و ڕایگەیاند کە دوای داخستنی ڕێگەکە ژیان وەستاوە و وتی: "هەتا ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ داخستنی ڕێگەکە نەخراوەتەڕوو، ئەوەی ڕوونە تەنیا داخستنی ڕێگاکەیە. ڕێگەکە لەلایەن پەدەکەوە داخراوە."

'ڕێگرتن بەهۆی نەزانیی کوردەوەیە'

لەسەر پرسیاری ئەوەی بۆ ئێوە کورد نین؟ بۆچی لە لایەن کوردەوە ڕێگەتان لێ داخراوە، دایکە جەمیلە وتی: "بەڵێ ئێمە کوردین، ڕێگرتن بەهۆی نەزانیی کوردەوەیە. ئەو لایەنانە بیر ناکەنەوە کە بڵێن، ئەوانەش کوردن، ئەوانەی لەبەرانبەرمان دەوەستنەوە دوژمنن. بەشێکی کورد دەخەنە لایەک و لایەنگری دەوڵەتی تورک دەکەن."

'دەیانەوێت بمانخکێنن'

لە کۆتاییدا دایکە جەمیلە کارا وتی: "ئاشتی و یەکسانیمان دەوێت. مافی ئەوانی دیکەمان دەوێت. ئێمەش دەمانەوێت وەکو کۆمەڵگەیەکی جیهانیی بژین. بەداخەوە ئەو ژیانەمان دەست ناکەوێت. ئێمە لێرە عاسی بووین. بەو هەڵوێستە دەیانەوێت ئەو خەڵکە لێرە بخنکێنن. منداڵان چ گوناحێکیان هەیە. دەبنە قوربانی شەڕ. ئیتر جێگەیەک نەماوە ڕووی تێبکەین. هەتا کەی ئێمە پەنابەر بین. دەچینە هەر کوێیەک زوڵم و ناحەقیمان لە بەرانبەر دەکرێت."

'ئێمە پەنابەرین، نەخۆشمان هەیە و مافی ئەوەیان نییە ڕێگرییمان لێ بکەن'

دایکێکی دیکە بەناوی فاتیمە ڕەشید ڕایگەیاند کە پەدەکە بەهۆی ڕووداوی هەولێرەوە ئەوانی تاوانبار کردووە و ڕێگەی لێیان داخستووە و وتی: "بەو ڕێگەداخستنە ژیانیان ناخۆش بووە. نەخۆش هەن ناتوانن بچنە نەخۆشخانە". دایکە فاتیمە وتیشی:"مافی ئەوەیان نییە ڕێگریی بکەن، ئێمە لێرە پەنابەرین، سەرقاڵی کاروباری خۆمانین و مافی کەسمان نەخواردووە. ئەوەی دەکرێت زوڵمە."

'بەهۆی ڕێگرتنەوە ژنێکی دووگیان منداڵی لەبارچوو'

د. میدیا کە دکتۆرێکی ئەڵمانییە و خۆبەخشانە کاری تەندروستی بۆ پەنابەران دەکات، ڕایگەیاند کە ئەو ڕێگرتنە زۆر کاریگەری بەسەر نەخۆشەکانەوە هەیە. د. میدیا باسی لەوەش کرد کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان دەرمانمان نەمابوو و ویستمان بیکڕین، بەڵام لە بازگەی کۆنترۆڵی پەدەکە نەیانهێشت دەرمانەکان بێنە ناو کامپەکە. د. میدیا وتیشی: "هەندێک دۆخی قورس هەن ئێمە نەمانتوانی لێرە چارەسەریان بکەین، پێویست بوو بیاننێرین بۆ نەخۆشخانەکانی ناو شار، ئێستا ئەوەش ناتوانین. نەخۆشێکمان هەبوو دۆخی ناجێگیر بوو، ویستمان بیبەینە نەخۆشخانە ئاسایش ڕێگەی نەدا، هەتا دۆخەکەشی زۆر مەترسیدار بوو ڕێگەیان نەدا، هەروەها دایکێکی دووگیان، کاتی هاتبوو کە منداڵەکەی لەدایک ببێت، ویستمان بیبەینە نەخۆشخانە، ئاسایش ڕێگەی نەدا، چەندین کاتژمێر لەبەردەم ئاسایشەکاندا مایەوە هەر ڕێگە نەدرا بیبەنە نەخۆشخانە. بەو هۆیەوە منداڵەکەی لەبارچوو. ئەوە لە دەرەوەی مرۆڤایەتییە، ئەوە قوبوڵ ناکرێت."

هەروەها د. میدیا وتیشی، لە بواری دەرماندا ئەوەی ئاشکرا کرد ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کێشەی جدیان بۆ دروست دەبێت.

'ژیان لە مەخمور بەرتەسک کراوەتەوە'

لە کۆتاییدا، فلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل قسەی کرد و وتی: "ئەو ڕێگەگرتنە بە واتای گەمارۆدانە. ئەوە خەڵکێکی سڤیل و پەنابەرە. خۆی لێرە بەهۆی جوگرافیاکەیەوە ژیان لێرە زۆر سەختە، نەخاسمە دەرگایەکی ژیانی تێدا بێت و ئەویش دابخەن، ناخۆشتر دەبێت. لە خوێندکار و نەخۆشەوە بگرە هەتا کرێکار، ناتوانن لە کامپەکە دەربچن. ژیان لە هاوڵاتیان مەخموور بەرتەسک کراوەتەوە." بوداک باسی لەوەش کرد خەڵک بوەتە ئامانجی هێرشەکان، ئەگەر هێرشێک بکرێت، ئەو بریندارانە چۆن بگوازرێنەوە، یان دۆخی خەڵک دەکەوێتە چ ئاستێک؟ نادیارە. کێش بەرپرسیارە؟، ئەوەیش دیار نییە. ئەوانە هەمووی پرسیارن کە چاوەڕوانی وەڵامەکەی دەکەین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان تا وەڵاممان بدنەوە."