نووسەرێکی سویدی: پێویستە بۆردومانەکانی تورکیا کۆتایی پێ بێت

ئانیکا سپالدی کە نووسەر و چالاکێکی دیاری وڵاتی سویدە دەلێت، بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی باشوری کوردستان زیان بە خەڵکی مەدەنی دەگەیێنێت و داوای لە حکومەتی تورکیا کرد کۆتایی بەو بۆردومانانە بهێنێت.

ئانیکا سپالدی لەگەڵ ئەوەی نووسەرە، لەهەمان کاتدا چالاکێکی ناسراوی بواری مافی مرۆڤیشە کە لە سایەی کەنیسەکانی وڵاتی سوید دا کارو چالاکییەکانی ئەنجام دەدات.

سپالدی پێش چەند رۆژێک سەردانی باشوری کوردستانی کردبوو، لە نزیکەوە سەردانی کەس و کاری ئەو هاوڵاتییانەی کردبوو کە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیادا گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو ئەنجامی سەردانەکەی و چاوپێکەوتنەکانی لە باشوری کوردستان، لە رۆژنامەی (داگێنس)-ی سویدیدا بە نووسینێک بڵاو کردەوەو تیایدا تیشکی خستووەتە سەر بۆردومانەکانی سوپای تورک و دەلێت، لە ئەنجامی بۆردومانی ١٠ی تەموزدا منداڵێکی ١٨ ساڵان گیانی لەدەست داوە، هەروەها منداڵێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.

سپالدی هەروەها رایدەگەیێنێت باوکی منداڵەکە بە ناوی قادر پێی وتووە، ناوچەکە ماوەیەکی زۆرە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا وە بۆردومان دەکرێت و وتی، قادر پێی وتم' تورکیا و ئێران گوێ نادەن بە کەس، هەموومان وێنەی ئەو منداڵانەمان بینی کە بەرکەوتەی بۆردۆمان و چەکی فسفۆرن لە کوردستانی سوریا. ئەگەر جیهان رێگا بەم بنپێکارییانە دەدات، ئەوکات ئێمە چۆن هیوامان بە داهاتوومان بێت؟'.

سپالدی لە نووسینەکەیدا دەلێت، ئەو چاوپێکەوتنی لەگەل چەندین خێزانی دیکەدا ئەنجامداوە کە بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک زیانیان بەرکەوتووە و بە تایبەت لەبارە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان دەڵێت :" دەوڵەتی تورک بە دەیان ساڵە هێرش دەکاتە سەر ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانی عێراق و راگەیاندنەکانی نێودەوڵەتیش کەم جار ئەمە دەبینن. بەم ساڵانەی دوایی بۆردومانەکان زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨ سوپای تورک ٣٥٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەکەیان بۆردومان کردووەو هێرشیان ئەنجامداوە. لە هێرشەکاندا هەروەها فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان بەکار هاتوون. تورکیا دەلێت پەکەکە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات، بەڵام خەڵکی مەدەنی دەکوژرێت و بریندار دەبن و ئەڕز و باخ دەسووتێنرێن. هەروەها مەڕ و ماڵات لەناو دەبرێت."

لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان ئانیکا سپالدی لە نووسینەکەیدا داوای لە جیهان کرد، لە دژی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست بنوێنن و داواشی لە خەڵکی ناوچەکە کرد کە، نامەی ئەلیکترۆنی بنێرن بۆ کۆنسۆلخانەی تورکیا و تیایدا داوا لە تورکیا بکەن هێرشی سەر خەڵکی سڤیل بوەستێنن و وتی:" لە کاتی پشووەکانی هاویندا گەشت نەکەن بۆ تورکیا و سەردانی وڵاتێکی دیکە بکەن و کاڵای تورکی بۆیکۆت بکەن."

ز.ش