نوێنەری رێکخراوەکان لە سوید بۆ زیندانیانی سیاسی لە ئێران بانگەوازیەکیان کرد

نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتی سوید بە مەبەستی ئازادکردنی زەینەب جەلالیان، نەسرین ستودە و زارا محمد، بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی حکومەتی سوید کرد کە لەم بارەیەوە هەوڵەکانیان بخاتەگەڕ.

ئامینە کاکاباوان پارلمانتەری پارتی سۆسیالیستی سوید پێشنیارێکی بۆ گۆتۆبێژکردنی فشار و هێرشەکانی سەر چالاکەوانانی ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا، پێشکەشی پەرلەمانی سوید کرد و ئەم بابەتەی کرد بە رۆژەڤی پەرلمان.

کاکاباوان بانگەوازیەکی ئاڕاستەی ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید کرد کە بە مەبەستی ئازادکردنی ژنانی زیندانی و کۆتاییهاتن بە لەسێدارەدان لە ئێران، هەڵوێستی خۆی بنوێنێت و لە ناو یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەوڵەکانی بخانەگەڕ.

لە دانیشتنی پەرلەمانی سویدا بانگەوازی ئاڕاستەی هەموو رێکخراو و دەزگا نیودەوڵەتیەکان کرا کە بێدەنگ نەمێنن لە بەرامبەر فشار و هێرشەکانی رژێمی ئێران لە دژی گەلی ئەو وڵاتە.

لیلا قارائەس سەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ژنان لە پەرلەمانی سوید رایگەیاند، زارا محمد مامۆستای کوردی، بە هۆی ئەوەی زمانی کوردی فێری منداڵان دەکرد رووبەرووی ١٠ ساڵ سزای زیندانی کرایەوە و راشیگەیاند، بە پێی یاساکانی ئێران، فێربوونی زمانی کوردی قەدەغە نیە و وتی:"مامۆستا زارا محمد لە بەندیخانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە و گومان لەوەش دەکرێت کە چالاکانی تریش لە بەندیخانە تووشی کۆرۆنا ببن."

با وەزیری دەرەوەی سوید هەوڵەکانی بخاتە گەڕ

کاکاباوان راشیگەیاند، زەینەب جەلالیان ماوەی ١٣ ساڵە لە بەندیخانەکانی ئێراندایە و لەماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا چەندین جار رووبەرووی فشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی توند بووەتەوە و هاوکات بانگەوازی ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی سوید کرد کە بۆ ئازادکردنی زەینەب جەلالیان، نەسرین ستودە، زارا محمد و چالاکانی تر لە ناو یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکاند هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.

دوای قۆناغی کۆرۆنا توندوتیژیەکانیش زیادی کردووە

دواتر رەحمان رەحمانی سەرۆکی پێشووی پەنی ئێران و سەرۆکی سەندیکای نووسەرانی ئێران قسەی کرد و رایگەیاند، لێدوانەکانی رژێمی ئێران لە بارەی ڤأیرۆسی کۆرۆنا ناڕاستن و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم ماوەیەدا فشارەکانی سەر ژنان زیادی کردووە و وتی:"مانەوەی ژنان و منداڵان لە ماڵەوە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووە بە هۆکار کە توندوتیژی بەرامبەریان زیاد بکات. لە ماوەی مانگێکدا ٣ منداڵی ساوا لە لایەن دایک و باوکیانەوە کوژران. کێشەی مادی کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە، بوونەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی."

رەحمانی راشیگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوودا، ٥٠ کەس کوژراون و توندوتیژی و فشارەکانی سەر کرێکاران و بە تایبەت ژنان بە بەراورد لەگەڵ رابردوو، زۆر زیادی کردووە.

ز.ش