نەمانى گۆشەگیرى ئارامى دەهێنێت

کوردستانیان لە دژى گۆشەگیریى قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد هەڵوێستیان نیشاندا و رایانگەیاند، بە نەمانى گۆشەگیرى ئارامی و ئاشتى بۆ وڵات دەگەڕێتەوە.

گۆشەگیریى قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامە. گەلی کوردستان وتى، گۆشەگیری تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە و داوایانکرد بەخێرایى گۆشەگیرى لەسەر رێبەرایەتییەکەیان هەڵبگیرێت. هاووڵاتییان وتیشیان، بە نەمانى گۆشەگیرى و دەستپێکردنەوەى چاوپێکەوتنەکان دیموکراسی، ئاشتى و ئازادى بۆ وڵات و هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

هاووڵاتییان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەیانکرد.

"ملیۆنەها مرۆڤ چاوەڕێن کە بزانن رێزدار ئۆجالان بیر لە چى دەکاتەوە و چ پەیامێکى هەیە"

ئەڤگیل تورکەری سوریانی وتى، نەمانى گۆشەگیری لەسەر کەرامەتى ملیۆنەها کەس، لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد ئاشتى و دیموکراسی بە دواى خۆیدا دەهێنێت و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشى "رێزدار ئۆجالان ورە و کەرامەتى ملیۆنەها کەسە. قبوڵ ناکرێت کە ئەو کەرامەتە دیل بکرێت و گۆشەگیریى قورسی بخرێتە سەر و لەبارەى تەندروستییەوە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نەبێت".

 ئەوەشی وت "من سوریانیم و ئەو دۆخە بە مەترسیدار دەزانم. پێویستە بە خێرایى شاندێک لە بنەماڵەکەى و پارێزەرانى دروست بکرێت و بکەونە پەیوەندیى و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. من لەو بڕوایەدام ئەو چاوپێکەوتنە زۆر شت دەگۆڕێت. ئەوە نەک تەنها چارەسەری دیموکراتیک بۆ تورکیا دەهێنێت، بەڵکو لە سوریا، رۆژئاوا، عێراق و باشووری کوردستان زۆر شت دەگۆڕێت، چونکە ملیۆنەها مرۆڤ چاوەڕێن کە بزانن رێزدار ئۆجالان بیر لە چى دەکاتەوە و چ پەیامێکى هەیە".

"راستییەک هەیە و چەندینجار سەلمێنراوە"

وەیسی یاوز تەمەن ٥٠ ساڵ وتى، نە کارێکى ئەخلاقی و نە کارێکى مرۆڤانەیە، کە مرۆڤێک ملیۆنەها کەس بە کەرامەت و ورەی خۆى دەزانێت زیندانیکرابێت و گۆشەگیریى بەسەردا سەپێنرابێت. وتیشی "هەر چەند بە جەستە لە ناو چواردیوادایە، بەڵام بە رامانی ئازادانەى خۆى دەژی و ژیانیش دەبەخشێتەوە. گۆشەگیری خۆی لە خۆیدا تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. ئیتر جیهان ئەوە دەزانێت و ئێمەش دەیبینین، بۆ ئۆجالان و بۆ شکاندنى گۆشەگیرییەکە بەرخۆدان و تێکۆشانێک لە جیهاندا هەیە".

وەیسی یاوز ئەوەشى وت "هەتا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە گۆشەگیریدا بێت، هەموو کورد و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە گۆشەگیریدا دەبێت. کورد بە تایبەت و هەموو ئەو مرۆڤانەى لە تورکیا خاون ویژدانن، دەبێت بۆ ئاشتى و ئارامی و دیموکراسی لە دژى گۆشەگیرى تێبکۆشن، چونکە ئەوە راستییەکە و چەندینجار سەلمێنراوە".

"بە یەکگرتوویەکى بەهێز دەتوانین زیندانەکان نەهێڵین"

موراد ئالگەیک دەڵێت، پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد ئازاد بکرێت و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "گۆشەگیرى تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. ئەوەى بە خۆى بڵێت مرۆڤ و خۆی بە خاوەن ویژدان بزانێت، دەبێت لە دژى ئەو گۆشەگیرییە بێت. بە هەستانەوە لە دژى ئەو گۆشەگیرییە دژ بە مرۆڤایەتییە، ئیتر لە وڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەس نامرێت و لە جێگەى شەڕ ئاشتى دێت. ئیدی ئێمە نامانەوێت کەس بمرێت".

 ئەوەشی وت "نەک تەنها کورد، عەرەب، سوریان، ئێزدی، بەڵکو دەبێت هەموو گەل لە دژى گۆشەگیرى راپەڕن. دەبێت ئێمە بە جۆرێک تێبکۆشین، کە زیندانەکان لە تورکیا نەهێڵێن. هەموو گەل ئەوە دەزانێت پێویستییەکى زۆریان بە ئاشتى و دیموکراسی هەیە، بەڵام لە ئەنجامدانى چالاکییەدا قەڵس بوون. بۆ ئەوەى هەموو گەل بە ئاشتى بژین دەبێت بە خێرایى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لاببرێت و پارێزەرەکان بتوانن چاویان پێى بکەوێت".

"ناتوانن بە گۆشەگیرکردن ئۆجالان لە گەل داببڕن"

نەزیر ئالپ باسى ئەوەیکرد، دەیانەوێت بە گۆشەگیرکردن ئۆجالان لە گەل داببڕین، بەڵام ناتوانن ئەو کارە بکەن. لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "تورکیا بەو گۆشەگیرییە یاساکانى خۆیشى پێشێلکردووە. هەر چەند بەپێى خواستى خۆیان ئەوە بە ئاسایى بزانن، بەڵام من ئەوە بە بێ ئەخلاقی دەزانم. ناتوانن بەو جۆرە کارانە رێزدار ئۆجالان لە ئێمە داببڕن. نەمانى گۆشەگیرى لەسەر رێزدار ئۆجالان، دەبێتە هۆى زیندووبوونەوەى هیواکان بۆ ئاشتى. مرۆڤایەتى پێویستیى بەوە هەیە. دەبێت ئیتر مرۆڤەکان بە بێ ئەوەى لە شتێک بترسن و بۆ ئەوەى ئەو ئومێدە زیاتر زیندووبێتەوە، پێویستە هاواری خۆمان بە دەنگێکى بەهێز دەرببڕین".

ر.م