هەدەپە ئاماژەی بە مەترسی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا کرد

هەدەپە هوشداری ئەوەیدا کە ئەگەر مۆڵە گەورەکان بکرێنەوە، مەترسی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێدەکات.

شازیە کوسە یاریدەدەری هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ کاروباری ڕەنج و کرێکاری ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە مەترسی کردنەوەی مۆڵە گەورەکان کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا، بڕیارە ١١ی ئایار مۆڵە گەورەکان بکرێنەوە و ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندی سەرمایەدارانە و کرێکار و کارمەندانی مۆلەکانیش ڕووبەڕووی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە.

'هیچ رێوشوێنێک مەترسیەکە ناڕەوێننەوە'

کۆسە وتی، "ئەو کەسانەی چەند مانگێکە لە ماڵەوە خۆیان پاراستووە، بە کردنەوەی مۆڵەکان دێنە دەرەوە و بێ ئەوەی ڕێوشوێن بگرنە بەر وادەزانن مەترسیەکە کۆتایی هاتووە. لەو دۆخەشدا هیچ ڕێوشوێنێک مەترسیەکە نارەوێننەوە. پێویستە بڕیارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لەبەرچاو بگیرێن و پێویستە تا ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، مۆڵەکان نەکرێنەوە."

ف.ق