ئۆمید دەدە جێگری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە و بەرپرسی کۆردیناسیۆنی داد و مافی مرۆڤی هەدەپە لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە دەسەڵات ناتوانێت بەو فشارانەی لەسەریان دروستی دەکات، رێگری لە هەوڵەکانیان بکات بۆ چەسپاندنی داد و یەکسانی.
دەدە تیشکی خستە سەر ئۆپڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی لە دژی هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و پارێزەران و جەختی کردەوە کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بۆ ئەوەی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن کپ بکات، بە بیانووی 'وتە و زانیارییەکانی شایەتحالی شاراوە' دەستگیریان دەکات.
دەدە رایگەیاند، ئەم دەسەڵاتە بوونی پارێزەرانی ئازادیخواز وەکو هەڕەشە دەبینێت و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی بۆ مافی مرۆڤ تێدەکۆشن و وتیشی، ئەم دەسەڵاتە رێگری لە پارێزەرانی کورد و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئەندام پەرلەمانەکان دەکات، دەستگیریان دەکات و سزایان دەدات.
جێگری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە هاوکات جەختی کردەوە، پارێزەرانی ئازادیخواز واز لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی داد و یەکسانی ناهێنن و وتی:" ئێوە ناتوانن بەو فشارانەی دروستی دەکەن رێگری لە هەوڵی پارێزەران بکەن بۆ گەڕان بەدوای داد و یەکسانیدا."
لە کۆتایی قسەکانیشیدا دەدە وتی، دەبێت ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر پارێزەران، بوەستێندرێن و ئەو پارێزەرانەی کە دەستگیر کراون بە زووترین کات ئازاد بکرێن.
ز.ش