"هەدەپە قورسایى دەخاتە سەر یەکێتیى نەتەویى و هاوپەیمانیى دیموکراسی"

گوڵستان کلچ کۆچیت پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، هەدەپە قورسایى دەخاتە سەر ٢ کاری بنەڕەتی، یەکێکیان یەکێتیى نەتەوەیى کورد و ئەوی تریان هاوپەیمانیى دیموکراسییە.

گوڵستان کلچ کۆچیت لەبارەى ٤هەمین کۆنگرەى ئاسایی هەدەپە، کە لە ٢٣ی شوبات دا بەڕێوەدەچێت بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کۆچیت باسی لە کۆنفرانسە ناوچەییەکانى هەدەپە کرد و رایگەیاند، بۆ ئەوەی 'هاوپەیمانیى دیموکراسی' بەدی بێت پێویستە لە پێش هەموو شتێکەوە ئەو بۆچوونە لە ناو ئۆپۆزسیۆنى تورکیاشدا بخوڵقێت. راشیگەیاند، دەبێت هەدەپە زیاتر و بەهێزترەوە هاوپەیمانیى دیموکراسی دەستنیشان بکات و قەناعەت بەلایەنەکان بهێنێت، کە ئەو هاوپەیمانییە تورکیا لە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە رزگار دەکات.

کۆچیت باسی ئەوەشیکرد، هەڵبژاردنى خۆجێیی (شارەوانییەکان) لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ ئیستەنبول، کە لە ٢٣ی حوزەیرانیشدا دووبارە کرایەوە، ئەوە بووە پێوەر و رفرێنسێک و وتی "ئەو دوو پێوەر و بنەمایە ئەوەیان سەلماندا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا پێکەوە بن و هێزی خۆیان یەکبخەن ئەوا دەتوانن زۆر زووتر لەوەى کە چاوەڕێ دەکرێت دەسەڵاتی ئێستا تێکبشکێنن".

کۆچیت ئەوەشی راگەیاند، ئەو هاوپەیمانییە دیموکراسییەی باس لە دروستکردنی دەکەین، بۆ دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی زۆر گرنگە و لەو رووەوە پێویستی بە نزیکاتى و هەڵسوکەوتى راستەقینە هەیە.

کۆچیت ئاماژەى بەوەشکرد، هەڵبژاردنى ٣١ی ئادار و ٢٣ی حوزەیران بۆ تێگەیشتنی دەنگدەرانى جەهەپە و هەدەپە و بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتى هەدەپە زۆر گرنگ بوو و ئەوەشی وت "دەنگدەرانى جەهەپە تامەزرۆی سیاسەت و ئامانجی سیاسیی هەدەپەن".

کۆچیت باسی ئەوەشیکرد، هاوپەیمانیى دیموکراسی تەنها لەگەڵ جەهەپەدا دروست نابێت و لەوبارەیەوە وتی "گرنگترین لایەنى ئەو هاوپەیمانییە ژنان، گەنجان، ئۆپۆزسیۆن، سەندیکاکان، رێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان، رێکخراوە ئایینی و رێکخراوە ژینگەپارێزییەکانن".

کۆچیت ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوانیى گەلانى تورکیا لە هەدەپە زۆر زۆر گەورەیە و ئەوانیش لە کۆنگرەدا هەوڵ دەدەن وەڵامی ئەو چاوەڕوانییە بدەنەوە و سیاسەتێک کە ٨٢ ملیۆن کەس لە باوەش بگرێت بەڕێوەدەبەن.

کارە سەرەکییەکانى دواى ٢٣ی شوبات

گوڵستان کلچ کۆچیت پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەى کارەکانى دواى ٤هەمین کۆنگرەى هەدەپە وتی "کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆریی تاکە کەسێک ئامانجی سەرەکیمانە. بۆ ئەوەش هەدەپە ٢ کاری بنەڕەتیی هەیە، کە بریتین لە:

 * یەکێتیى نەتەوەیى کورد

* هاوپەیمانیى دیموکراسی لە تورکیا

پێکهێنانى ئەو دوانە لە ئامانجە زۆر گرینگەکانن. هەدەپە دواى کۆنگرەکەى قورسایى دەخاتە سەر ئەو خەباتانە".

کۆچیت لە کۆتایدا وتیشی، هەدەپە بە ئامانجی بەڕێوەبردنى تورکیا ٤هەمین کۆنگرەى ئاسایى خۆی بەڕێوەدەبات.

ژ.ت