هەوا ئوزجان: زیندانیە نەخۆشەکان برینی ساڕێژنەکراوی تورکیان

هەوا ئوزجان سەرۆکی فەخری مەد توهاد – فەد ڕایاگەیاند، هەڵوێستی دەسەڵات بەرانبەر زیندانیە نەخۆشەکان، دوژمنکارانەیە و بۆ تٶڵەسەندنەوەیە.

هەوا ئوزجان سەرۆکی فەخری کۆمەڵەی یاسای و پشتگیری لە خانەوادەی زیندانیان و سزادراوان (مەد توهاد – فەد) لەبارەی دۆخی زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکان و شەهیدبوونی ژمارەیەکیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئوزجان ڕایگەیاند کە چارەسەری بۆ زیندانیە نەخۆشەکان ناکرێت و وتی،"زیندانیە نەخۆشەکان بە راستی برینی ساڕێژنەکراوی تورکیان کە خوێنیان لێدەچکێت. لە ئەدرنە وەفا کارتال زیندانی نەخۆش گیانی لەدەستدا. پێشتر سەبری کایا ژیانی لەدەستدا. لەگەڵ ئەوەی ٣ جار جەڵتەی دڵ لێیدا، ئازاد نەکرا. لە ئامەد محەمەد ئەمین ئوزکان، لە زیندانی بۆلو حەسەن ئالکش، ئەنگین ئاکتاش، عەقنی ئوچار و ژمارەیەکی زۆر زیندانی نەخۆش هەن.

لەنیوان ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٣ دا ئەو نەخۆشانەی کە دۆخی تەندروستیان قوڕسە ئازادکران. بەڵام ئەوانەی ئازادیش کران هەموویان گیانیان لەدەستدا. وەک سەبری کایا، سەرلەبەیانی ئازاد کرا و شەو گیانی لەدەستدا. لەگەڵ هەموو هەوڵەکان زیندانیە نەخۆشەکان ئازاد نەکران. لەوانەیە ماوەیەکی زۆر لە ژیاندا نەبوونایە، بەڵام هیچ نەبێت، لەناو خانەوادە و دۆستەکانیان شەهید دەبوون. بەداخەوە دەسەڵات زۆر قین لەدڵە. هەڵوێستی دەسەڵات بەرانبەر زیندانیە نەخۆشەکان، دوژمنکارانەیە و بۆ تٶڵەسەندنەوەیە."

'زیندانەکان لەکەیەکی رەشی ئەم وڵاتەن'

هەوا ئوزجان باسی ئەوەشی کرد، لە سەردەمی کۆرۆنادا لە زیندانەکان هیچ ڕێوشوێنێک نەگیرانە بەر و ڕایگەیاند، لە قاوشێکدا ٣٠ بۆ ٤٠ زیندانی ڕاگیراون. سابونێک کە پێشتر بە ٥ لیرە بووە، کراوە بە ٤٠ بۆ ٥٠ لیرە. دەماک و دەستکێش نییە. لە ژوورێکی ٤ مەتریدا چۆن ماوەی دووری نێوان مرۆڤەکان جێبەجێ دەکرێت.

بۆ نمونە ئەو هەڤاڵانەی کە سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، دۆخی تەندروستیان زۆر خراپە. ٢ و ٣ کەس لە لای دەمێننەوە. واتە زیندانەکان لەکەیەکی ڕەشی ئەم وڵاتەن. کەسێک ٢٠ ساڵ بێت لە زینداندا بێت، ئەبێت دۆخی تەندروستی چۆن بێت."

'حکومەتێکی پڕ لە ڕق و قین'

هاوا ئوزجان سەرۆکی فەخری توهاد – فەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی زیندانیە نەخۆشەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا بێ ئەنجام بوون، بەڵام تێکۆشانیان بەردەوامە و وتی،"زۆر هەوڵماندا. ئێمە لەگەڵ هەدەپە، مەهەپە و ئاکەپە کۆبووینەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەنرا. بۆیەش زیندانیە نەخۆشەکان گیانیان لەدەستدەدەن.

هیچ پێناسەیەک بۆ ئەم هەڵوێستەی حکومەت نییە، پڕە لە ڕق و قین. چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، بۆ ئەوەی گورزێک لە کورد بکات، کار دەکات. بەڵام ئەوەش هیچ کاتێک نەبووە ڕێگر کە ئێمە هەنگاو بەرەو دواوە بنێین و دەست لە خەبات هەڵگرین. ئێمە بە بەردەوامی خەباتمان کرد، تێکۆشان بەهێز و گەورەتر بوو."

ف.ق