وەزیری دەرەوەى سوید و بەرپرسانی کورد کۆبوونەوە

دواى داخستنی دۆسیەى کوشتنی ئۆلۆف پاڵمە حکومەتى سوید و بەرپرسانی کورد لە رێگەى تەلەکۆنفرانسەوە کۆبوونەوە. بەرپرسانی کورد لەو کۆبوونەوەیەدا رایانگەیاند، پەکەکە و کورد بە ناهەق بە کوشتنی پاڵمە تاوانبار کراون.

لە نێوان حکومەتى سوید و بەرپرسانی کورددا، دوێنێ دانوستاندنێکى بەرفراوان بەڕێوەچوو. وەزیری دەرەوەى سوید ئان لیندە وتی، کورد لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتیکدا زۆر سەرکەوتون.

لیندە ئەو لێدوانەى لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی پەیوەندیدار بە داخستنی دۆسیەى ئۆلۆف پاڵمە دا وت، کە ٣٤ ساڵە مشتومڕ و قسە لەسەر کوشتنەکەى پاڵمە و بکەرەکانى دەکرێت. هەروەها پێش ئەو وتانەى لیندە، هانس میلاندەر بەڕێوەبەری پۆلیسی سوید وتبوی، پەکەکە رێکخستتنێکە بۆ گەلی کورد تێدەکۆشێت.

بڕیاری کۆبوونەوەکە ماوەیەک لەوە پێش درابوو. کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان لە سوید کۆبوونەوە لەگەڵ لیندە و هەندێک لە بەرپرسانی پارتی کرێکاران و سۆسیال دیموکراتەکانیان رێکدەخەن.

کۆبوونەوەکە رۆژێک دواى کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی لەسەر کوشتنی پاڵمە رێکخرا و لایەنی کورد پێشهاتەکان و گەشەندنەکانى لەبارەى کوشتنی پاڵمە و دواى کوشتنی پاڵمە، بە ناهەق تاوانبارکردنی پەکەکە و کوردان-یان کردە رۆژەڤی دەوڵەتی سوید و داوایانکرد ئەو ناهەقییە لاببرێت.

لەلایەنی کوردەوە ئەحمەد قەرەموش هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و ژمارەیەکى تر لە سیاسەتمەدارانی کورد لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون و لە لایەنی سویدییەکانیشەوە ئان لیندە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری سویدی ئامادە بوون.

لە چاوپێکەوتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر هەدەپە، ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان، تاوانی مرۆڤایەتی و شەڕەکانى دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا کران.

 کۆبوونەوەکە بە وتەکانى ئان لیدە لەبارەی پاڵمە-ەوە دەستیپێکرد. لیندە رایگەیاند، رامان و چالاکییەکانى پاڵمە کاریگەریی لەسەر دروستکردووە و هەوڵ دەدات هێڵ و رێبازەکەى پاڵمە لە سویددا بچەسپێنێت.

لیندە وتی، سوید لە ناو هاوپەیمانیی نێونەتەوەییەى دژ بە داعشدایە، پشتیوانی لە بزووتنەوەى ئازادیی کورد دەکات، سوید یەکێک لەو وڵاتە یەکەمانەیە کە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر رۆژئاوا وەستاوەتەوە، بۆ ئەوەى داگیرکەریی دەوڵەتی تورک راوەستێنێت، ئەو بابەتەى بردە ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەوروپاش خەباتی بۆ کردووە، بۆ ئەوەى رۆژئاوا خۆی لەسەر پێ رابگرێت ئەوەى لە دەستیان هاتبێت ئەنجامیان داوە و ئەنجامیشی دەدەن.

لیندە ئەوەشی وت، لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد و ژمارەیەکى زۆر لە بەڕێوەبەرانی رۆژئاوا پەیوەندییەکى باشیان هەیە و زۆر جار چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە و وتیشی "بۆ ئەوەی رۆژئاوا لە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیى دژ بە داعش نوێنەرایەتی بکرێت، ئێمە ئەو بابەتەمان کردە رۆژەڤ و دیشیکەین".

لیندە هەروەها وتی، ئەو تاوانانەى دەوڵەتى تورک لە ناوچە داگیرکراوەکانى رۆژئاوا و ئەوەى بەرامبەر بە منداڵان، ژنان و گەلی مەدەنی ئەنجامی دەدات لە نزیکەوە چاودێریی دەکەن. بۆ ئەوەى برینی رۆژئاوا ساڕێژ بکرێت ١٠٠ ملیۆن کۆرۆن هاوکارییان پێ بەخشیون.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی کوردیش گوشار و زۆردارییەکانى دەوڵەتى تورک لەسەر هەدەپەیان خستەبەر باس و داوایان لە سوید کرد خاوەنی هەڵوێستێکى چالاک بێت و ئەو بابەتە لە پلاتفۆرم و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دا باس بکات.

لیندە رایگەیاند، هەدەپە بۆ ئەوان حیزبێکى دەستە خوشک و دەستە برایە و لە دژی گوشار و زۆردارییەکانى سەر پەرلەمانتاران و شارەوانییەکانى هەدەپە رادەوەستن و ئەو بابەتە لە ستۆکهۆلم و ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی تورک باس دەکەن.

لیندە ئەوەشی وت، کێشەى کورد بە توندوتیژی چارەسەر نابێت و دەبێت لە رێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت و نمونەى نێڵسن ماندێلای هێنایەوە و وتی، دەبێت کوردیش بە دیالۆگ چارەسەری بکات. دەشیانەوێت دیسانەوە چاوپێکەوتنەکانى ئاشتی دەستپێبکەنەوە.

لیندە لە کۆتایی وتەکانیدا وتی، کورد لە سوید خەباتێکى زۆر سەرکەوتوانەى دیپلۆماسییانە بەڕێوەدەبات و زۆر گرنگە هەموو کورد لە ئەوروپا و لەو وڵاتانەدا کە تیایدا نیشتەجێن، لەگەڵ حکومەتەکان پەیوەندی دروست بکەن و داواکانى خۆیان بخەنەڕوو.

ژ.ت