٧٩٣ ژن لە دژی ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی راگەیێنراوێکیان بڵاو کردەوە

٧٩٣ ژن لە لێدوانێکی هاوبەشدا ئۆپڕاسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسیان ئیدانە کرد و ئەم کردەوانەی رژێمی ئاکەپە-مەهەپەیان وەکو 'کودەتای دژی دیمۆکراسی' پێناسە کرد.

٧٩٣ ژن کە ژمارەیەک نووسەر و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و رۆژنامەنووسیشی تێدایە، لە دژی ئۆپڕاسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی کە رژێمە فاشیستەکەی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان-هەدەپە دەستی پێکردووە، راگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە راگەیێنراوە هاوبەشەکەدا کە بە زمانی کورد و تورکی بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کرا کە لە چوارچێوەی ئۆپڕاسیۆنەکانی دژی 'بزوتەوەی بێناوەکان' و هەدەپە، هێرش کراوەتە سەر ژنان.

دەقی راگەیێنراوەکە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:

"لە بەرامبەر ئەم نایەکسانیە، ئێمە لە پشت ئەو کەسانەوەین کە دەستگیر کراون. هێرشەکەی دژی هەدەپە کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ٦ میلیۆن کەس دەکات، کودەتایەکە لە دژی دیمۆکراسی. ئەم ئۆپڕاسیۆنە هاوکات کۆدەتایەکە لە دژی ناڕەزایەتیەکان و ئۆپۆزیسیۆن.

دیمۆکراسی و یاسا لە چوارچێوەی تێکۆشانی رزگاری ژناندا نەبێت، سەرناکەوێت. لە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵات کە فشار و چەوساندنەوەی کردووە بە ئامێرێکی سەرەکی بۆ خۆی، هەر وەکو چۆن ئێمە لە دژی رەگەزپەرەستی لە خۆڕاگریداین، هاوکات لە دژی ئەم سیاسەتەش لە خۆڕاگریداین. ئێمە دەزانین کە ئەگەر خۆڕاگر نەبین، ناتوانین هەناسەش بدەین. داواکارین ئەو سیاسەتمەدار و کەسانەی کە لە چوارچێوەی 'بزوتنەوەی بێناوەکاندا' دەستگیر کراون، بە زووترین کات ئازاد بکرێن."

ز.ش