پارێزەران بۆ ئازادیى دەمیرتاش سەردانى دادگاى دەستووریى تورکیایان کرد

پارێزەرانى سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر ئەو بڕیارەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە وتبوی 'دەبێت دەمیرتاش ئازاد بکرێت' و ئەردۆغانیش وتبوی 'ئێمە ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەین' سەردانى دادگای دەستووریى تورکیایان کرد.

پارێزەرانى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)، کە لە ئێستا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بە بارمتە گیراوە، بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە رایگەیاندبوو، دەبێت دەمیرتاش ئازاد بکرێت، سەردانى دادگاى دەستووریى تورکیایان کرد.

رەیحان یاڵچنداغ پارێزەری دەمیرتاش، لەبارەی وتەکەى تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتیى ئاکەپە لەبارەى بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادیى دەمیرتاش رایگەیاند "ئەو قسەیەى ئەردۆغان دەستێوەردانى راستەوخۆیە لە کاروباری دادگادا".

 "سەردانى دادگاى دەستووریمان کرد بۆ ئازادکردنى دەمیرتاش"

یاڵچنداغ رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا سەردانى دادگای دەستووریی تورکیایان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و داواى ئازادکردنى دەمیرتاشیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگاکە وەلامى نەداونەتەوە.

راشیگەیاند، کاتێک مرۆڤ ئەو لێدوان و راگەیاندراوانە، کە پێکەوە بڵاوکراونەتەوە بێنێتە پاڵ یەک ئەوە دەردەکەوێت ئەوان ئامادەکاری بۆ کارێکى تر دەکەن. بۆ ئەو کارەشیان دەستبەکار بوون تاوەکو بەشێوەیەک لە شێوەکان رێگری لە ئازادیى دەمیرتاش بکەن.

یاڵچنداغ ئەوەشى وت، سەرباری ئەوەش لەم هەفتەیەدا سەردانى دادگای باڵاى دەستووریى تورکیایان کردووە تاوەکو بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤ ئەوروپا بۆ ئازادیى دەمیرتاش جێبەجێ بکرێت.

وتیشی، ئەگەر لە دادگای باڵاى دەستووریى تورکیا وەڵامیان دەست نەکەوێت، بۆ ئازادیى دەمیرتاش سەردانى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکەن.

ر.م