پرۆسەى هەڵبژاردن لە ئێران؛ ٤ رۆژی ماوە

لە ئێران ٤ رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان. ٦٨٠٠ کەس پاڵێوراوبووینان رەتکراوەتەوە.

رۆژی ٢١ی شوبات ١١هەمین خولی هەڵبژاردنى پەرلەمان لە ئێران بەڕێوەدەچێت. لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران خۆپاڵاوتنی زۆر کەس رەتکرایەوە. لە کۆی ٢٩٠ پاڵیوراوی ریفۆرمخوازەکان، ٢٣٠ کەسیان رەتکراونەتەوە.

٦٨٠٠ کەس پاڵێورابوونیان رەتکراوەتەوە

لەو هەڵبژاردندا ٥٥ ملیۆن کەس دەنگ بۆ ٢٩٠ کورسیی پەرلەمانى ئێران دەدەن، کە لە ئێران پێی دەوترێت مەجلیسی شورای ئیسلامی. ١٤٠٠٠ هەزار کەس داواى خۆپاڵاوتینان پێشکەشی ئەنجوومەنى پاراستنى دەستووری بنەڕەتیى کردبوو، بەڵام ئەو ئەنجومەنە ٦٨٠٠ کەسیانی رەتکردەوە و ریفۆرمخوازەکانیش رایانگەیاند، سەدا ٩٠ی ئەو کەسانەى لەلایەن ئەوانەوە پێشکەشکراون، پاڵێوراوبوونیان رەتکراوەتەوە.

زۆرترین ناونووسین بۆ خۆپاڵاوتن لە رۆژهەڵاتى کوردستان تۆمارکراوە

لە هەڵبژاردنی پەرلماندا ٢٩ پەرلەمانتاری کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێن، بۆ بەدەستێنانى ئەو ٢٩ کورسییە ٣٥٤ کەس خۆیان پاڵاوتووە.

لە سنە ٢٤٦ کەس بۆ ٦ کورسی داوای خۆپاڵاوتنیان پێشکەشکردبوو. ١٤ کەسیان هەر لە کاتى پێشکەشکردنى داواکەیاندا پاڵێوراوبوونیان رەتکرایەوە و دواتریش پاڵێورابوونی ١٤٠ کەسی تریان رەتکرایەوە.

لە کرماشان ٢٨١ کەس بۆ ٨ کورسی داوای خۆپاڵاوتینان پێشکەشکردبوو. لەو ژمارەیە داواى ١٨٩ کەسیان رەتکراوەتەوە.

لە ئیلام ١٣١ کەس بۆ ٣ کورسی داواى خۆپاڵاوتینان پێشکەشکردبوو، لەو ژمارەیە داواى ٩٤ کەسیان رەتکراوەتەوە.

لە ورمێ ٥٣١ کەس بۆ ١٢ کورسی داواى خۆپاڵاوتینان پێشکەشکردبوو. لەو ژمارەیە داواى ٣٩٨ کەسیان رەتکراوەتەوە. لە ورمێ داواى هیچ یەک لەو هاووڵاتییانەى کورد بوون قبوڵ نەکراوە و هەموویان رەتکراونەتەوە. ئەوەش چۆنیەتیى سیاسەتى ئێران بەرامبەر بە کورد ەخاتەڕوو.

ئەنجوومەنى پاسەوانى دەستووری ئێران ئیدعای کردبوو ٩ هەزار کەس لەوانەى داواى خۆپاڵاوتنیان کردووە لەو ئاستەدا نەبوون ئەو داوایە پێشکەش بکەن، لە کاردانەوە بەرامبەر ئەوەشدا ٧ هەزار کەس لە رەتکراوەکان تانەیان لە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى پاسەوانى دەستوور داوە.

لە ئێران بەهۆی ئەو یاسا و دەستووری بۆی دانراوە، حیزبەکان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و تەنها دەتوانن پشتیوانى لە پاڵێوراوەکان بکەن. حیزبەکان رێگایان پێدراوە وەک بەرە و هاوپەیمانى بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، بەڵام وەک حیزب نا.

لە ئێران ٨ حیزب بەرەیەکیان دروستکردووە و بەرەکەیان ناوی 'هاوپەیمانیى ئێرانە' و هەندێک حیزبی ریفۆرمخوازیشیان لە ناودایە.

ژ.ت