پۆلیس لە مێرسین هەڵیکوتایە سەر بارەگای هەدەپە و ١٠ چالاکوانى مانگرتووی دەستگیرکرد

لەیلا گیوڤەن بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن، لە بارەگای هەدەپە لە شاری مێرسین چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ پشتوانی لە گیوڤەن بەڕێوەچوو. پۆلیس خۆی پێڕانەگیرا و هەڵیکوتایە سەر بارەگاکە.

لەیلا گیوڤەن بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن، لە بارەگای هەدەپە لە شاری مێرسین چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ پشتوانی لە گیوڤەن بەڕێوەچوو. پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگاکە، بەڵام چالاکوانەکان بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری شرنەخی هەدەپە ماوەی ٢٥ رۆژە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن.

بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن و چالاکییەکەى، ئەندامان و بەڕێوەبەرانى رێکخستنەکانى هەدەپە لە مێرسین ئەمڕۆ لە بارەگای هەدەپە دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ٣ رۆژ کردبوو.

پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگاکەى هەدەپە لە مێرسین کە چالاکییەکەى تیادا بەڕێوەدەچوو و دەستیان بە پشکنینى بارەگاکە کرد. پۆلیس هەموو رێگاکانى هاتووچۆی دەورووبەرى بارەگاکەیان داخست. پشکنینى پۆلیس لە بارەگاکەدا بەردەوامیى هەیە و هاوکاتیش ١٠ کەس لە چالاکوانە مانگرتووەکانیان دەستگیرکردووە.

ردڤان توران پەرلەمانتاری مێرسینى هەدەپە لە ئەژمارى تویتەرەکەیدا لەوبارەیەوە نووسیویەتى "ئێستا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگاى رێکخستنى هەدەپە".

پۆلیسەکان نیوەڕۆى ئەمڕۆ بە دواى بەڕێوەبەرانى هەدەپەدا لە مێرسین گەڕابوون و پێیان راگەیاندبوون "دەبێت ناوی یەک بە یەکى مانگرتووەکانمان پێ بدەن. ئەگەرنا دێینە سەر بارەگاکەتان و دەستگیرتان دەکەین".

لە دواى ئەوەى بەڕێوەبەرانى هەدەپە ئامادە نەبوون ناوی چالاکوانەکان بە پۆلیس بڵێن، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگاکەیان و لە هەڵکوتانەکەى پۆلیس دا هەر یەک لە : زوحەل ئۆنەن هاوسەرۆکى هەدەپە لە مێرسین، عەلی ئالپەر، گوڵێ کایا، محەمەد ئایکوت، زاهیدە یاوز، عەبدولباقی ئاککۆیون، عەلی بیلەن، دیار تورگویت، بەهائەدین ئیلەت و دۆغان ئاتای-یان دەستگیرکراون.

بەڵام سەرباری هەڵکوتانى پۆلیس و گوشارەکانیان و دەستگیرکردنى ئەو بەشە لە مانگرتوان، چالاکوانەکانى تر بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان و ئامادە نەبوون دەستبەرداری چالاکییەکەیان ببن.

ر.م