پۆلیسی تورک بارەگای هەدەپەی لە ئەدیرنە گەمارۆ دا

پۆلیسی دەوڵەتى تورک بۆ ریگریکردن لە رێپێوانەکەى هەدەپە لە ئەدیرنە و جۆلەمێرگەوە بەرەوە ئەنقەرە، بینای بارەگای هەدەپەى لە ئەدیرنە گەمارۆدا.

پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ئەمڕۆ لە دوو قۆڵەوە، واتە لە ئەدیرنە و جۆلەمێرگەوە بەرەو ئەنقەرە دەست بە رێپێوان دەکات. رێپێوانەکە بە دروشمی "رێپێوانی دیموکراسی لە دژی کودەتا" رێکخراوە. بەڵام پێش ئەوەى رێپێوانەکە دەستپێبکات، بارەگای هەدەپە لە ئەدیرنە لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆ درا و ژمارەیەکى زۆر پۆلیس لە دەورووبەری بارەگاکەی هەدەپە کۆکراونەتەوە.

پارێزگارەکانى دەوڵەتى تورک بۆ رێگریکردن لە رێپێوانەکەى هەدەپە لە چەندین شار ئەنجامدانی چالاکی و خۆپیشاندانیان قەدەغە کرد، تاوەکو هەدەپە نەتوانێت بەو شارانەدا بڕوات و رێپێوانەکەى ئەنجام بدات.

سەرباری ئەو قەدەغەکارییە، بۆ رێپێوانەکەى قۆڵی ئەدیرنە، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی هەدەپە لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ی نێوەڕۆوە بەرەوە ناوەندی بازاڕی سیلیڤری دەڕۆن و لەوێ کۆدەنەوە تاوەکو بڕۆن بۆ ئەدیرنە.

ژ.ت